ترەمپ ئەردۆگانی ئاگادار کردۆتەوە لەسەر هێرشەکانی عەفرین
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای هانداوە سنورێک بۆ هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دابنێت بۆسەر کانتۆنی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوار شەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە کردووە و تورکیای هانداوە سنورێک بۆ ئۆپراسیۆنەکانی لە سوریا دابنێت و کەمی بکاتەوە.

داواشی لێکردووە، خۆی بەدوور بگرێت لە هەرکارێک کە ببێتە مایەی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی ئەمەریکا و سوپای تورکیا.

لە بەشێکی تری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەک کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، ترەمپ دودڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بەوەی هێرش و پەرەسەندنە ئەمنییەکانی عەفرین، کاریگەریی هەبێت لەسەر ئامانجە هاوبەشەکانی نێوان تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سوریا.

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنی ٢٣ی کانوونی دووەم، چەند لێپرسراوێکی ئیدارەی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، ڕۆژی چوار شەممە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاوە دەکات، سەبارەت بە هێرشی ئەو وڵاتە بۆسەر ناوچەی عەفرین لە باکوری سوریا.

دوێنێ لە بەیاننامەیەکدا کۆشکی ئیلیزی بڵاویکردەوە، هەریەکە لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و، ماکرۆن پێی ڕاگەیاندووە، ئەو لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی بایەخە ئەمنییەکانی تورکیادایە، بەڵام دودڵیشە لەو دەستوەردانە سەربازییەی کە لە ڕۆژی شەممەی ڕابردووەوە بۆ سەر عەفرین دەستی پێکردووە.

سوپاى تورکیا لە ڕۆژی ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨وە بە ٧٢ فڕۆکەی جەنگی هێرشى کردە سەر ١٠٨ شوێن لە هەرێمى عەفریندا و لەو کاتەوە تا ئێستا شەڕ لە عەفرین بەردەوامە.

لەبارەى زیانى هاووڵاتیانەوە دەستەى تەندروستیی عەفرین ڕایگەیاندووە، بەهۆى هێرش و بۆردومانەکانى تورکیاوە تا ئێستا لە هەرێمى عەفرین ٣٥ هاوڵاتی مەدەنی شەهید و ١٠٦ هاووڵاتى تریش برینداربوون. هەسەدەش ڕایگەیاندووە، لە چوار ڕۆژى ڕابردوودا ٢٠٣ سەرباز و چەکدارى سەر بە تورکیا لە عەفرین کوژراون.
نالیا
به‌روار:  25/01/2018
759   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   316
کۆی سه‌ردان:   29232234