سوید پشتیوانی پێشنیارەکەی فەرەنسا دەکا لەسەر عەفرین
پاش دەسپێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین و دەوروبەری وەزیری دەرەوەی سوید نیگەرانی خۆی دەربری و ئەمەش کاردانەوەی جۆراوجۆری لە نێو کوردان دا  لێکەوتەوە.

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە فرۆکە جەنگیەکانی تورکیا دەستیان بە بۆمباران کردنی شاری عەفرین کرد،  دوانیوەرەۆی رۆژی یەکشەممە  وەزارەتی دەرەوەی سوید رایگەیاند کە پشتیوانی لە پێشنیارەکەی فەرەنسا دەکا کە داوای کردبوو کۆبوونەوەی خێرای ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێ کردنی ئەو پرسە ببەسترێ.مارگۆت والسترۆم لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی دا بۆ بەشی هەواڵەکانی رادیۆی سوید نیگەرانی خۆی لەمبارەیەوە دەربری.

شیارعەلی لە نووسینگەی نوێنەرایەتیی رۆژئاوا پێشوازی لەم لێدوانەی وەزیری دەرەوە کرد:

"لێدوانێکی گرینگ بوو، دەمانهەوێ سوید وەک دەوڵەتیش لێدوانی جدی لەو بارەیەوە بدا و رۆلی خۆی وەک وڵاتێکی کاریگەر لە سکەندەناڤیا و ئوروپادا بگێڕێ."

لە لایەکی دیکەوە کەیا ئیزۆل سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانیەکان لە سوید پێی وایە ئەو لێدوانە بە پێی پێویست نیە و چاوەڕوانی زیاتری هەیە:

"وەک لێدوانێکی گەلێک خراپ و گەلێک لاواز  دەیبینین، دەبێ سوید هەڵوێستی تورکیا بە تووندی شەرمەزار بکا، ئەگەر سوید و وڵاتانی دیکە ئەو هێرشە مەحکوم نەکەن ئەوا تورکیە بەردەوام دەبێ، ئەمرۆ عەفرینەو سبەی نۆبەی شارێکی دیکە دێت."

 پاش دەسپێکردنی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، لە ناو کوردانی سویدیش دا هەڵمەتی پشتیوانی و هاوکاری بۆ خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد.

شیارعەلی لە نووسینگەی نوێنەرایەتیی رۆژئاواوە لە بارەی هەوڵەکانیان بۆ پشتیوانی کردن لە عەفرین بە بەشی کوردی رادیۆی سویدی راگەیاند:

"ئێمە پلاتفۆرمێکمان دروست کردووە، لە نوێنەرایەتیی سریانەکان، ئاشوریەکان و تورکمانەکان هەروەها بە بەشداری نوێنەرایەتیی هێندێک لە پارتە کوردیەکان، رێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی سیاسی و مرۆڤایەتیی بەشداریان کردووە، بە سەر سێ بەش دا دەبش بوو، بەشێک بۆ کارو چالاکی بەشێک بۆ کاروباری دیبلۆماسی و بەشیکیش بۆ زانیاری گەیاندن و کاری مێدیایی."

ئەوان نامەیان بۆ وەزارەتی دەرەوەو هەموو پارتە سیاسیەکان ناردووە و داوای راگرتنی هێرشەکانی تورکیەیان بۆ سەر عەفرین کردووە، شیار بە گەرمی پێشوازی لە بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوید دەکا کە پشتیوانی لە پێشنیارەکەی فەرەنسا کرد بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی.

ئاژانسی هەواڵەکانی تێ تێ لە زمان چاودێرانی مافی مرۆڤ لە سوریەوە بڵاوی کردەوە کە لەو چەند رۆژەدا بەلایەنی کەمەوە ١٨ کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانی،  ئەم ژمارەیە لە لایەن یەپەگەشەوە پشتڕاست کراوەتەوە، لە کاتێکدا تورکیا کوژرانی خەڵکی سڤیل رەد دەکاتەوە. تورکیە لەمێژە رایگەیاندووە کە هەبوونی هێزەکانی یەپەگە لە باکووری سوریا پەسند ناکا، لە کاتێک دا ئەو هێزانە لە لایەن ناتۆوە هاوکاری دەکرێن.

هاوکات کوردانی سوید دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاریی مرۆییی بۆ خەڵکی عەفرین و دەوروبەری کردووە، رێکخراوی رۆژی سووری کوردی لەمڕۆوە دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاریەکان بە تایبەتی هاوکاری مادی کردووە، ئاککاس ئەکگون لە بەڕیوەبەرایەتیی ئەو رێکخراوەدایەو لە وتوێژێک دا لەگەڵ بەشی کوردی رادیۆی سوید تیشکی خستە سەر چۆنیەتیی کۆکردنەوە و ناردنەوەی هاوکاریەکانیان.

"ئێستا هەموو شوێنیک گیراوە، بەڵام ئەگەر رێگەیەک بدۆزینەوە، پارە دەنێرین بۆ خۆبەخشەکانمان لەوێ و ئەوان دەتوانن پێذاویستیەکان بکڕن."
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  22/01/2018
2757   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   576
کۆی سه‌ردان:   29229811