لە قامیشلۆ شەڕ لە نێوان شەڕڤانان و سوپاى تورکیا ڕوویدا
هێزەکانى سوپاى تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر گوندی خەراب ڕەشک لە ناوچەى دێرێکى سەر بە قامیشلۆ و شەڕڤانان بەرەنگاریان بوونەتەوە.
میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە، هێزەکانى سوپاى تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر گوندی خراب ڕەشک لە سنوورى نێوان ڕۆژئاواى کوردستان و باکوورى کوردستاندا لە ناوچەى دێرک لە کانتۆنى قامیشلۆ.
ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕڤانان بەرەنگارى ئەو هێرشەى سوپاى تورکیا بوونەتەوە و شەڕ لە نێوان سوپاى تورکیا و شەڕڤانان ڕوویداوە و دواى ماوەیەک لە ڕوودانى ئەو شەڕە، سوپاى تورکیا کشاوەتەوە بۆ شوێنى خوێ و ئێستا ئەو ناوچەیە ئارامە.
هەسەدە ئەمڕۆ ڕایگەیاند، ڕووسیا خیانەتى لە ڕێککەوتنى نێوانمان کرد و ڕێگای دا تورکیا هێرش بکاتە سەر عەفرین و بۆ ئەوەش داواى ڕوونکردنەوەیان لە ڕووسیا کرد.
ئەوەش لە کتێکدایە سوپاى تورکیا لە دواى ٩ ڕۆژ لە تۆپبارانکردنى سنوورەکانى شەهبا و عەفرین لە هەرێمى عەفرینى ڕۆژئاواى کوردستان، ڕۆژی ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨ هێرشى ئاسمانییان بە ٧٢ فڕۆکە بۆ سەر ١٠٨ شوێن لەو هەرێمەدا دەستپێکرد و تا ئێستا بەردەوامیى هەیە.
هێرشەکانى تورکیا لە عەفرین شەهیدبوونى ١١ هاووڵاتى و برینداربوونى ٢٦ هاووڵاتیى ترى لێکەوتوەتەوە. هەروەها ٣ شەڕڤان شەهیدبوون. لە بەرامبەریشداو ١٣ سەربازی تورکیا و ١٠ چەکدارى سەربە تورکیا کوژراون و ٢٠ چەکداری تریش برینداربوون و ٧ تانکى تورکیاش تەقێنراونەتەوە.
بەرپرسانى یەپەگە ڕایانگەیاندبوو، بەشێک لە هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین شوێنى مەدەنى و ماڵى هاووڵاتیانى کردووەتە ئامانج، کە تەنها لە گوندی جلبەری شێراواى عەفرین ٧ ئەندامى یەک خێزان شەهیدبوون.
هەروەها فەرماندەیى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (هەسەدە) لە هەرێمى عەفرین، ئەو هەواڵەى میدیاکانى تورکیاى ڕەتکردەوە، کە سوپاى تورکیا گوندەکانى ئەدامە و شەنگالی لە ناوچەى بلبلێ داگیرکردبێت. هەسەدە، ڕاشیگەیاندووە، ئەو گوندانە لەلایەن هێزەکانیان پارێزگارییان لێدەکرێت و لە کۆنتڕۆڵى شەڕڤانەکانیاندایە.
کوردانى ئەمریکا و ئەوروپا لە کاردانەوەیاندا بەرامبەر بە هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ١٢ وڵات و زیاتر لە ٣٠ شاردا خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەڕێوەبرد و هێرشەکانى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد.
نالیا
بهروار: 22/01/2018
690 جار خوێندراوهتهوه
|