دەستگەیەکی تازەی دژە توندوتیژیی نامووسپەرەستی لەسوید دامەزرا
ئەمڕۆ دەستگەیەکی تازە بە ناوی (Jämställdhetsmyndigheten) کە بنکەکەی لە گەڕەکی ئانگێریدی شاری یۆتێبۆرییە دەستی بە کار کرد.

مەبەستی حکوومەت لە دامەزراندنی ئەم دەستگە نوێیە بەدەستهێنانی زانییارییە بۆ ئەوەی پێشوەخت ڕێگا لە تووندوتیژییەکانی نامووسپەرەستی بگیردرێت.

تووندوتیژی  بەرامبەر بە ژنان گرفتێکی گەورەی کۆمەڵایەتییە و ژیانی ژنان و منداڵان دەڕووخێنێت. وەزیری یەکسانیی ئۆسا ڕێگنێر دەڵێت

ـ سەرەڕای هەوڵی زۆر باش و بەرچاو لەم بارەوە، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانییوە ئاستی تووندوتیژییەکان دابەزێنین.

دەرئەنجامی کارەکانی ئەم دەستگەیە قەرارە ٢ ساڵی تر بخرێتە بەر دەستی حکوومەت. لێنا ئاگ بەڕیوەبەری گشتی دەستگەکە ئەم پرسانەی زۆر بەلاوە گرنگە و بە ڕۆژنامەی (Göteborgdirekt) دەڵێت

ـ ڕۆژانە دەبینین چۆن هەزاران کچ بە بیانووی پاراستنی ناموس و شەرەف لە بارودۆخێک نالەباردا دەژین. ئەمە سنووردارکردنی ژیانی ئەوانە، گرفتەکە هەمیشە تووندوتیژی نییە، هەندێک جار بە کۆنترۆل کردن ژیانی کچان سنووردار دەکەن. بۆ نموونە ئیزنیان نادەن لە سەیران و سەفەرەکاندا بەشدار بن. ئەرکی ئێمەش کۆکردنەوە و بڵاو کردنەوەی زانیاریی و دۆزینەوەی مێتودی درووستە بۆ دژایەتیکردنی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە.

جێی باسە حکوومەت بنکەی دەستگاکەی لە گەڕەکی بیانیچڕی ئانگێرێد لە شاری یۆتێبۆری دامەزراند، بۆ ئەوەی هەم لە ستۆکهۆڵم دوور بکەوێتەوە و هەم لە دانیشتووانی گەڕەکە بیانیچڕەکان نزیک بێت.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  12/01/2018
1060   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   350
کۆی سه‌ردان:   29227786