ئەو پەنابەرە سویدیەی وویستی کچەکانی خەتەنە بکات زیندانی دەکرێ

پیاوێک بەرنامەی داڕشتوە کچەکانی بباتەوە بۆ وڵاتی خۆیان و خەتەنەیان بکات. ئێستا بەم هۆیە شەش مانگ حوکمی زیندانی بەسەردا سەپاوە.

دایکی کچەکان دەزگا دەوڵەتییەکانی لە بەرنامەی پیاوەکە ئاگادر کردەوە. ئەو خۆی هەر لەبەر ئەو هۆیەی کە مێردەکەی کچەکان خەتەنە نەکات وڵاتەکەی خۆیانی بەجێهێشتووە. بەڵام شەش مانگ دوایی مێردەکەشی هات بۆ سوید. ئەودەم بەڵینی دا کە کچەکانی خەتەنە نەکات، ئەگەرچی خەتەنەکردن نەریتێکی باو و گرنگە لە وڵاتەکەیان.

پاییزی ساڵی پار داوای مافی پەنابەریی خێزانەکە ڕەد کرایەوە و بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچوو. ئیتر ئەو کات بوو کە پیاوەکە بە هاوکاریی باوکی و پیاویکی تر لە وڵاتی خۆیان دەستیان بە بەرنامەدانانی خەتەنەکردنەکە کرد. پیاوەکە دەڵی لە ترسی باوکم ئەو کارەم کردووە، ئەگەر بگەڕێمەوە و کچەکان خەتەنە نەکەم گیانم لە مەترسییدایە. ئیتر بەم شێوەیە ویستویە لەگەڵ باوکی ئاشتی بکات.

بەڵام لە حوکمەکەی دادگای سەرەتاییدا هاتووە کە ئەو لە ژێر هیچ فشارێکدا نییە و هەروەها بۆ ڕزگار کردنی خۆی مافی ئازاردانی کەسی سێهەمی نییە.

تایبەتمەندی ئەم حوکمە ئەوەیە کە ئەمە بۆ یەکەم جارە کەسێک بە هۆی بەرنامە داڕشتن بۆ خەتەنەکردن مەحکوم دەبێت.

بە ڕای بەیان ناسح سەر بە تیمی نەتەوەیی تواناسازیی لە بواری پرسی ناموسپەرەستی ئەم حوکمە ئیشارەیەکی گرنگە. تەنیا ئەنجامدانی خەتەنە کردن تاوان نییە، بەڵکۆ بەرنامەدانانیش بۆی تاوانە.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  11/01/2018
1142   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   224
کۆی سه‌ردان:   29220879