لەتەقینەوەکەی ستۆکهۆڵم کەسێک کوژرا
دوێنێ ڕۆژی یەکشەممە پیاوێکی 60 ساڵانە لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری گەڕەکی ڤۆربی گۆرد لە ستۆکهۆڵم بەهۆی تەقینەوەیەک کە پۆلیس پێی وایە نارنجۆک بووە، گیانی لەدەست دا و خەڵکی گەڕەکەکە گوڵ و مۆمیان لە شوێنی ڕووداوەکە دانا.

- لاسێ ئەندەرشۆن یەکێک لە دانیشتوانی ئەو گەڕەکەیە کە هاتووە بۆ سەیری شوێنی ڕووداوەکە و دەڵێ بێگومان دێینە شوێنی ڕووداوەکە ببینین و ڕیز بۆ قوربانییەکەش دەربڕین. ئەو دەڵێت ئەوەی ڕوویداوە تۆقێنەرە کە بە ڕۆژی ڕووناک کەسێک تووشی کاری لەو جۆرە ببێت.

کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی دوێنێ پۆلیس ئاگادار کرایەوە کە دوو کەس لە نزیکی وێستگەی شەمەندەفەری ژێرزەوی (tunnelbana) بەهۆی تەقینەوەیەکەوە بریندار بوون.

یەکێکیان پیاوێکی شەست ساڵانە کە بە پێی پۆلیس لە نزیک وێستگەی شەمەندەفەری ڤۆربی گۆرد شتێکی هەڵگرتۆتەوە کە پێ دەچێت نارنجۆک بێت و بەسەریدا تەقیوەتەوە ژنێکی 40 ساڵانیش بەوهۆیەوە بریندار بووە. پیاوەکە بە هۆی سەختی برینەکەیەوە دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە، ژنەکەش لە ژێر چاودێریی پزیشکدایە.

جێی باسە پۆلیس لێکۆڵینەوە بەراییەکانیان لەژێر ناوی کوشتن و وێرانکاریی دەست پێ کردووە. تا ئێستا دیار نییە کە ئەو کەرەستەی تەقینەوەیە کێ دایناوە و پۆلیس دەڵێن کە پێیان وانییە کە پەیوەندیی لە نێوان قوربانییەکان و تەقینەوەکەدا هەبێت بەڵکە هەردووکیان ڕێبوار بوون و پیاوەکە ئەو کەرەستەیەی هەڵگرتۆتەوە و تەقیوەتەوە پێیدا.

پۆلیس هەروەها دەڵێن کە گومانی ئامانجی تیرۆریستی لەو ڕووداوە ناکرێت.

بەرپرسی یەکەی فەرهەنگ و بەڕێوەبەرایەتیی کاتی ئازاد لە کۆمۆنی ڤۆربی گۆرد، مییا باریمان دەڵێت هەوڵ دەدەین زیاتر بێینە ئەم دەورووبەرە و لەگەڵ هاوڵاتییاندا باسی ڕووداوەکە بکەین، وەڵامی پرسیاری لاوان و کەسانی دیکە بدەینەوە و پێکەوە ئارامیی بگەڕینیینەوە بۆ ناوچەکە.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  09/01/2018
512   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   680
کۆی سه‌ردان:   29262021