هەڕەشە لە زانکۆی مالمۆ دەکرێ
قوتابیان و کارمەندانی زانکۆی مالمۆ ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو بۆ درێژەدان بە کار و خوێندنیان لە ماڵەوە دەمێننەوە. ئەمەش دوابەدوای ئەوەی زانکۆکە لە ڕێگەی نامەیەکی ئەلیکترۆنیەوە هەڕەشەی لێ کرابوو.

هەفتەی ڕابردوو نامەیەکی ئەلیکترۆنی(ئیمەیل) هەڕەشەئامێز ئاراستەی زانکۆی مالمۆ کرابوو. زانکۆکە ئەو هەڕەشەیەی بە جددی وەرگرتووە و هەر بۆ ئەم مەبەستەش گروپی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران لە زانکۆکە لە هەوڵی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەدان بۆ مەسەلەکە.

سەبارەت بە ناوەرۆکی نامەکە زانکۆی مالمۆ هیچ زانیارییەکی نەداوە و هاوکات پۆلیسیش کە لەلایەن زانکۆکەوە ئاگادارکراوەتەوە هیچ زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە. 

وتەبێژی بەشی ڕاگەیاندنی پۆلیسی مالمۆ نیلس نۆرلینگ بۆ کەناڵی سێی ڕادیۆ سوید(P3) گوتی:

سەبارەت بە هەرەشەکە، کە دەچێتە خانەی هەڕەشەی گەورە دژی گروپێکی ناو کۆمەڵگە، دەستمان بە لێکۆڵینەوە کردووە. شکایەتەکە سەبارەت بەو هەڕەشەنامەیە کە لە ڕێگای ئیمێلەوە لە ٢٩ی مانگی دیسەمبەردا ئاراستەی زانکۆی مالمۆ کراوە.


بەڕێوەبەری زانکۆکە نامەیەکی ئاراستەی قوتابیان و کارمەندانی زانکۆکە کردووە و تییدا نووسیوییە کە بە لای ئەوانەوە ئاسایش و ئەمنیەتی ژیانی ئەوان لە پێشەوەی هەر شتێکی ترەوە دێت، هەر بۆیە بڕیاریانداوە رۆژی دووشەمەی داهاتوو زانکۆکە بە داخراوی بهێڵنەوە. 

وا چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ بەرێوەبەرایەتی زانکۆکە سەبارەت بەم پرسە زانیاری زیاتر بڵاو بکاتەوە

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە


به‌روار:  05/01/2018
934   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   555
کۆی سه‌ردان:   29250866