کەجەکە زانیاریی و بەڵگەی لەسەر دوو دەستگیرکراوەکەی میت بڵاوکردەوە
ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان


هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە چەندین زانیاریی و بەڵگەی گرنگی لە بارەی ئەو بەڕێوەبەرە پلەبەرزانەی میت-ی تورک ئاسکرا کرد، کە پێشتر لەلایەن گەریلاکانەوە دەستگیرکرابوون.


ئەمڕۆ هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە "لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەکردنەوەی شۆڕسگێڕیی ساکینا جانسز" بەڵگە و زانیاریی گرنگی لە بارەی بەڕێوەبەرانی بەدیلگیراوی میت بڵاوکردەوە.


لە ڕاگەیەندراوی کەجەکەدا هاتووە، کە ئەو دوو بەڕێوەبەرە پلەبەرزەی میت لەلایەن شەخسی هاکان فیدان، پلەبەرزترین بەرپرسی میتی تورک ئەرکدار کراون بە فەرمانی ئەردۆغان.


کەجەکە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی گەریلاکانی هەپەگە بۆ بەدیلگرتنی بەڕێوەبەرانی میت، زانیاریی و بەڵگەی زۆر گرنگ کەوتە دەست پەکەکەوە و زیان و گورزی قورسی بە جەستەی میت گەیاند.


لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا جەخت کراوەتەسەر "سیاسەتی ئینکارکردن و لەناوبردنی دەوڵەتی تورک" کە دژی گەلی کورد بەڕێوەی دەبات.


ڕاگەیەندراوی کەجەکە بەم شێوەیە دەستیپێکردووە: "ستراتیژیی بنەڕەتی کۆماری تورکیا لەناوبردن و قڕکردنی گەلی کوردە، بۆیەش سیاسەتی ئاوارەکردن و سزادانی دژی گەلی کوردی هەرگیز نەوەستاندوە و بەردەوام بووە، بەم شێوەیە هەوڵدەدات هێزەکانی گەریلا لەناوببات و ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنێت و گۆشەگیریی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ قورستر کردووە، کۆماری تورکیا دژی گەلی کورد، گەریلا و ڕێبەر ئاپۆ هەموو جۆرە ئامرازێک بەکاردێنێت، دەسەڵاتداریی فاسیستی ئاکەپە و مەهەپە لە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا لاواز بوون و بۆیەشە شەڕی تایبەت دژی گەلی کورد بەرێوەدەبەن".


لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی کەجەکەدا هاتووە: "چۆن دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی ناتۆ و ئەمریکا گەلەکۆمەی دژی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێووەبرد و هەوڵیدا لەو ڕێگایەوە بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد لەناوببات، ئەمڕۆ کە دەسەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە ڕوو لە ڕووخانە هەوڵدەدات بە شێوەی دیکە گورز لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بدات و خۆی لە ڕووخان ڕزگاربکات".


کەجەکە باسی لە تیرۆرکردنی ساکینە جانسز-یش کردووە و ڕایگەیاندووە: "لە ساڵی ٢٠١١ بە تیرۆرکردنی ساکینە جانسز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، و فیدان دۆغان، دبلۆماتی کورد و لەیلا شایلەمەز، پێشەنگی ژنانی گەنج، پیلانی لەناوبردنی گەلی کوردی جارێکی دیکە بەڕێووەبرد، دواتریش بەردەوام بوو لەسەر ئەو سیاسەتە و بە دەستگیرکردن و زیندانیکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، پەرلەمانتارەکان و هەزاران سیاسەتمەداری کورد دیسان نەیتوانی بەرخۆدانی بزوتنەوەی ئازدیخوازی گەلی کورد بوەستێنێت لە تێکۆشان، فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە بە مەبەستی ئەوەی خۆیان لە لەناوچون ڕزگاربکەن و خۆیان بەهێز پیشان بدەن، بە فەرمانی ئەردۆغان لەناو میتدا یەکینەیەکی تایبەتیان دامەزراند بۆ تیرۆرکردن و ڕفاندنی بەڕێوەبەرانی پەکەکە".


لە بەردەوامیدا هاتووە: "بەو مەبەستەش دوو بەڕێوەبەری پلەبەرزی میتی ئەرکداریان کردووە بۆ ئەوەی لە نزیک هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا ئۆپەراسیۆن دەستپێبکەن دژی بەڕێوەبەرانی پەکەکە، پاش ماوەیەکی کەم هێزەکانمان هەستیان بەو ئۆپەراسیۆنە کرد، دەستیان کرد بە چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیان، دوو بەڕێەبەری میت کە بۆ چەندین مانگ خۆیان ئامادەکردبوو، ڕێک لەو کاتەی ویستیان ئۆپەراسیۆنەکەیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، لەلایەن یەکینەیەکی هەپەگەوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕیی ساکینە جانسز، ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میت بەدیلگیران، ئەو دوو بەڕێووەبەرەی میت لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی شۆڕشگێڕانی هەواڵگریدا دەستگیرکران، ئەوان دوو سەرۆکی ناوەندێک بوون کە بە فەرمانی ئەردۆغان و لەژێر چاودێریی هاکان فیدان کاریان دەکرد".
کەجەکە لە بەردەوامیدا بەم شێوەیە ناسنامەی ئەو دوو بەڕێوەبەرەی میتی ئاشکراکردوە: "ئەرهان پەکچەتین و ئایدین گونەل بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە شوێنە جیا جیاکانی کوردستان لە پۆستە باڵاکانی میتدا کاریان کردووە، ئەرهان پەکچەتین سەرۆکی جیاکردنەوەی کاروباری (ئتنیکەکان)ی ناوخۆی میتە، کە یەکێک لە ستراتیژیترین لقەکانی میتە، هەروەها ئایدین گونەل بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکانی میتە و لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات کاری کردووە، بەهۆی پۆستە باڵاکانیانەوە لەناو میتدا، زانیارییان لە بارەی وردەکاریی هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی میتەوە لە دەستدا بووە".
هەروەها کەجەکە ڕاشیگەیاندوە: "پێشتریش دوو بەرپرسی ناوچەیی میت لە جزیرە و لە کاتی بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەری باکوری کوردستان دا دەستگیرکرابوون و زانیاریی زۆر گرنگمان لەوانیشەوە بە دەست هێناوە، ئەو زانیاری و بەڵگانەی لەو بەڕێوەبەرانەی میت بە دەستمان گەیشتووە، دەردەکەوێت، کە ئاکەپە چ پیلانگێڕییەکی بەرفراوانی دژی گەلی کورد، سۆسیالیستەکان و هەموو ڕۆشنبیران و و نووسەرەکان و عەلەوییەکان و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بە دەستەوە بووە".


کەجەکە ئاسکراشی کرد: "سەبهادین ئاسال، یەکێک لە بەڕێووەبەرانی میت لەگەڵ محەمەد دەرویشوغڵو وەکو شاندی دەوڵەت بەشداری چاوپێکەوتنەکانی ئیمرالی دەبوون، پیلانی کۆمەڵکوژی پاریس لە ساڵی ٢٠١٣دا لەلایەن ئەوانەوە داڕێژراوە و ئەوەش پیلانگێڕیی بەرفراوانی ئاکەپە و میت پیشان دەدا، هەروەها بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەستمان گەیشتوون، دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵی زۆر گرنگی هەبووە لە تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەی سوریا".


کەجەکە هەروەها ڕایگەیاند: "لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە لە مانگی ئابی ٢٠١٧دا دەستیپێکرد، زانیاریی لە بارەی ناوەندەکان و ڕێکخراوەکانی میت، سیخوڕەکانیان و کارمەندەکانیان هەروەها پەیوەندییەکانی دەرەوە و ناوخۆیان بۆ ئێمە ئاشکرا بوون، کۆمەڵکوژیی لە پاریس و هەروەها تیرۆر لە ڕۆژئاوای کوردستان و چەندین چالاکیی دیکەیان بۆمان کەشف بوون، لەلایەکی دیکەوە ناسنامەی ئەندامان، سیخوڕەکان و کارمەندەکانی میت لە باکوری کوردستان بۆ هێزەکانمان ئاشکرابوون، بەدەستخستنی ئەو زانیارییانە گورزی زۆر قورسی لە تۆڕی سیخوڕیی میت لە باکوری کوردستان داوە".


کەجەکە بەم شێوەیە بەردەوامی داوە بە ڕاگەیەندراوەکەی: "بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕیی شەهید ساکینە جانسز، ژمارەیەکی زۆر لە پیلانگێڕییەکانی حکومەتی ئاکەپە دژ بە گەلی کورد پووچەڵ کرانەوە، ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی چاوەڕێی ئەویان دەکرد، کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی میتدا ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە تیرۆر بکرێن، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بێ ئەنجام مایەوە و بە بەدیلگرتنی ئەو ئەندامانەی میت گورزێکی وەهایان لێدرا کە قەت پشتڕاست نەکەنەوە".


کەجەکە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندوە: "پاش ئەوەی هەموو وردەکارییەکانی تۆڕی سیخوڕیی میت لە باکوری کوردستان بۆ هێزەکانمان ئاشکراببێت، زانیاریی پێویست لەو بارەیەوە بە ڕایگشتی ڕادەگەیەنین، لەلایەکی دیکەوە بانگەوازی گەلەکەمان و ڕایگشتی و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، کە هۆشیار بن سەبارەت بەو هەواڵ و زانیارییانەی دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا بڵاویان دەکاتەوە".


به‌روار:  03/01/2018
711   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   467
کۆی سه‌ردان:   29232748