هه‌په‌گه‌: ساڵى ڕابردوو ٣ هه‌زار و ٨٣ سه‌رباز و پۆلیسی تورکیا کوژراون
ناوه‌ندى ڕاگه‌یاندنى هێزه‌کانى پاراستنى گه‌ل (هه‌په‌گه) ئامارى شەڕ و چالاکیى گەریلاکانیانى لە دژى سوپا و هێزەکانى پۆلیسى تورکیا بڵاوکردەوە و‌ ڕایگه‌یاند، که‌ له‌ ساڵى ٢٠١٧دا و بەهۆى شەڕى نێوان گەریلاکانیان و هێزەکانى سوپا و پۆلیسى تورکیاوە ٣ هەزار و ٨٣ سه‌رباز و پۆلیسى تورکیا کوژراون.

به‌پێى ئاماره‌کەی هەپەگە، لە سەرەتاى ساڵى ٢٠١٧ەوە تاوەکو مانگى تەمووزی ٢٠١٧  سوپاى تورکیا ١١٣ ئۆپراسیۆنى لە دژى گەریلاکانیان ئەنجامداوە و گەریلاکانیان بەرەنگارى ئەو ئۆپراسیۆنانە بوونەتەوە. لە ئەنجامى ئەو شەڕانەشدا له‌ شه‌ش مانگى یه‌که‌مى ٢٠١٧دا هه‌زار و ٥٣٢ سه‌رباز و پۆلیس کوژراون.

هەپەگە ڕاشیگەیاندووە، لە مانگى تەمووزی ٢٠١٧ەوە تاوەکو کۆتایى ساڵ، گەریلاکانیان ٥٧٧ چالاکییان لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان لە دژی هێزەکانى سوپاى تورکیا ئەنجامداوە و بەو هۆیەشەوە هەزار و ٥٥١ پۆلیس و سەربازى تورکیا کوژراون.

هەپەگە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا باسى ئەوەشیکردوە، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠١٧دا سولەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆى حکومەتى تورکیا، کە هاوکات به‌رپرسێکی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتدارە لە تورکیا ڕایگەیاندبوو "تا مانگی نیسان کۆتایی به‌ په‌که‌که‌ دێت و که‌س نامێنێت ناویان بێنێت" بەڵام گەریلاکانیان تەنها لە ٢٤ ڕۆژدا لەناوچەى زاپ ٦٩ چالاکییان لەدژى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا ئەنجامداوە، کە کوژرانى ١٤٣ سەربازى تورکیاى لێکەوتبووەوە.

بەپێى ئەو ئامارەى هەپەگە بڵاویکردووەتەوە، لە شەڕى ساڵى ٢٠١٧ى نێوان گەریلاکانى پەکەکە و هێزەکانى سوپاى تورکیا ٣ هەزار و ٨٣ سەرباز و پۆلیسى تورکیا کوژران. تا ئێستا میدیاى فەرمیى تورکیا و سوپا و حکومەتى ئەنقەرە هیچ هەواڵ و زانیارییەکیان لەبارەى ئەو ڕاگەیاندراوەى هەپەگەوە بڵاونەکردووەتەوە.

شەڕى نێوان گەریلاکانى پەکەکە و دەوڵەتى تورکیا لە ساڵى ١٩٨٤ەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامیى هەیە.
نالیا
به‌روار:  02/01/2018
517   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   212
کۆی سه‌ردان:   29266284