مولازم فەرامۆش ئازادکرا
(سبەى):
ئەو ئەفسەرەی پۆلیسى هاتوچۆى رانیە کە لەسەر دەربڕینی بیروڕا بە شەش مانگ زیندانى سزادرا، ئەمڕۆ شەممە کۆتایى بەو سزایە هات و ئازاد کرا.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە مولازم فەرامۆش، ئەو ئەفسەرەی پۆلیسى هاتوچۆى رانیە کە لەسەر دەربڕینی بیروڕا بە شەش مانگ زیندانى سزادرا، لە چاکسازى گەورانى سلێمانى ئازاد کرا لەلایەن کەسوکار و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و ئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و چالاکوانان و هاوڕێکانیەوە پێشوازى لێکرا.
لەیەکەم لێدوانى دواى ئازادکردنى مولازم فەرامۆش بە (تۆڕى میدیاى گۆڕان) و سوپاسى هەمو ئەوانەى کرد کە لەماوەى سزاکەی و ئەمڕۆش پشتگیرییان کردوە و وتى:”من پێموایە تەنها شوێن دەگۆڕم”، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەى دۆخى کۆمەڵگا وەک زیندانى لێهاتوە بەهۆى قەیرانەکان و بەرتەسککردنەوەى ئازادى دەربڕین و خۆپیشاندان.
لەبارەى سزادانیشى لەسەر دەربڕینى بۆچونەکانى، وتى:”ئەوە دەبێت هاوڵاتیان بڕیار بدەن لە شێوازى جێبەجێکرنى ئەو سزایە بەسەر مندا، ئێمە حورمەت لە یاسا دەگرین لەم نیشتیمانەدا و رێزى یاسا دەگرین، بۆئەوەش دەبێت خەڵک حوکم بدات لەوەى دەنگى ناڕازى و ئەوانەى جیاواز بیر دەکەنەوە دەگیرێن، بەڵام ئەوانەى تاوان و گەندەڵى دەکەن و خەڵک و خۆپیشاندەران بریندار دەکەن و دەیانکوژن ئازاد دەسوڕێنەوە”.
هەروەک وتى:” لە داهاتودا وەک ئەفسەر بەردەوام دەبم لە کارەکانم، وەک هەڵویستیش لەبەرەى خەڵک دەمێنمەوە و بەرگرى لەو خوێنانە دەکەم کە بەناهەق رژێنران”.
بڕیارە دواى رێکارەکان لە و بنکەیەى سکاڵاى لەسەر تۆمار کراوە، بچێتەوە ناو خێزانەکەى.
بهروار: 31/12/2017
985 جار خوێندراوهتهوه
|