سووتانی وێنەی خومەینی و خامەنەیی لە خۆپیشاندانەکەی کرماشان
ڕۆژنیوز - کرماشان


خۆپیشاندان لە کرماشان بە دروشمی "زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن" دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران وێنەی خومەینی و خامەنییان سووتاند.

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە گۆڕەپانی ئازادی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی دەستپێکرد، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشە بۆ سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری دەکرا بەناوی (شۆرشی برسییەکان).

 

خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی کرماشان لە گۆرەپانی ئازادی دەستیپێکرد و لە شە‌قامی گومرك، كۆھساری، بلواری شە‌ھید بھشتی، شە‌قامی مودە‌ڕیس، كوچە‌ی لەكەکان، شوشە‌ی زۆرێک لە دامەزاروە حکومییەکان و بانكەکان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە شكێندراوە، هاوکات کۆمپانیای (خاتم الانبیاء)ی سەربە سوپای پاسدارانیش سوتێندراوە.

 

‎ھێزی ئەمنییەکان و بە‌سیج، بە‌ قامچی و گازی فرمێسكڕێژ ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بونەتەوە، خۆپیشاندەرانیش بە‌ بە‌رد و شمشێر وەڵامیان دەدەنەوە، هاوکات دروشمی "مردن بۆ روحانی" دە‌ڵێنە‌وە‌.



لەو دیمەنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراونەتەوە دیارە کە خۆپیشاندەرانی کرماشان دوو دروشم دەڵێنەوە کە برتین لە "زیندانیانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێن" و "گەل گەدایی دەکات، کاکە خودایی دەکات" کەبەست لێی عەلی خامەنەیی رێبەری ئێرانە.

 

ساڵانە لە سەری ساڵی تازەدا دۆخی ئابووری ئێران هەڵایسان بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ئەمساڵ پێش هاتنی سەری ساڵ و ساڵی نوێ، هەڵایسان بە ڕێژەیەکی بەرز هاتوەتەکایەوە کە زۆرێک لە پێداویستییەکانی ڕۆژانە چەندین هێندە نرخەکانیان زیادی کردووە.

 

دوو هەفتە لەمەوبەر، بەهۆ ئەم هەڵایسانە ئابوورییە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری دەستپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستەش خۆپیشاندان لە شاری اسفهان دەستپێکرد و تەشەنەی کرد بۆ شارەکانی تاران و ئەراک، دوێنێش لە شاری مەشهەد بەڕێوەچوو.

 

ئەم خۆپیشاندانە ئەمرۆش گەیشتە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەگوێرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڕیاری کاتژمێر ٤ی ئەمرۆ لە گۆڕەپانی ئیقبال-ی شاری سنەش خۆپیشاندان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەبچێت.

 

دۆخی ئابووری ئێران تا دێت خراپتر دەبێت، بەم دواییانەش زۆرێک لە خانەنشینکراوەکان و کرێکارامی کارگەکان نزیکەی شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، هاوکات بەشێک لە بانکە ناحکومییەکانیش کە پارەی خەڵکیان وەرگرتووە ئێستا مایەپووچبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.

د.خ
به‌روار:  29/12/2017
641   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   550
کۆی سه‌ردان:   29261599