ڕاهێنەرێکی نوێ لە یانەی داڵکورد دەست بەکار دەبێ
یانەی تۆپیپێی داڵکورد وەرزی نوێی خۆی لە خولی پلە یەکەکانی سوید (Allsvenskan) لەگەڵ ڕاهێنەرێکی نوێ دەست پێ دەکات.
بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی یانەکە، ئەزرودین ڤالێنتیک (Azrudin Valentic)ی تەمەن ٤٧ ساڵ، لە ٨ی مانگی یەکی ساڵی نوێوە وەک ڕاهێنەری نوێی یانەکە دەست بەکار دەبێت.
ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕاهێنەری نوێ و یانەکە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەبێت.
ڤالێنتیک پێشتر یاریزانی تۆپی پێ بووە. لە درێژەی ژیانی پیشەییدا، ناوبراو وەک ڕاهێنەر لە یانەی فاسالوند(Fasalunds IF) و ڕاهێنەری یانەی ئاسیریسکا(Assyriska FF) کاری کردووە. دواجار وەک ڕاهێنەڕی برومماپۆیکارنا (IF Brommapojkarna) کاری کردووە و توانی یانەی ناوبراو بگەیەنێتە خولی ئالسڤێنسکان.
یانەی تۆپی پێی داڵکورد لە ساڵی ٢٠٠٤ لە بۆرلێنگە دامەزرا و دوای ١٣ ساڵ لە هەوڵی بەردەوام، ساڵی پار توانیان لە سەرکەوتنێکی كەموێنە دا بگەنە خولی پلە یەکەکانی سوید ناسراو بە ئالسڤێنسکان.
وا بڕیارە، یانەی داڵکورد لە دوای گواستنەوەی ناوەندی یانەکە لە بۆرلێنگەوە بۆ شاری ئوپسالا، لە سەرەتای مانگی چواری ساڵی داهاتوودا یەکەمین یاری خۆی لە وەرزی نوێدا و لە بەرامبەر یانەی ئایاک( AIK) ئەنجام بدات.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
بهروار: 29/12/2017
650 جار خوێندراوهتهوه
|