رۆژنامەنووسانی بێسنور ڕاپۆتێكی لەسەر ڕووداوەكانی خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە
خەندان- ئاكام محەمەد

رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور ڕاپۆتێكی لەسەر ڕووداوەكانی خۆپیشاندەرانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێشێلكاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان كراوە لەمیانی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكاندا و دەڵێت، "یەكێك لە پاسەوانە تایبەتەكانی فەرماندەیەكی سەربازیی یەكێتی بەتوندی كێشاویەتی بەسەر رۆژنامەنوسێكی خەندان-دا".

لەراپۆرتەكەی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور-دا داوا لە دەسەڵاتدارە كوردییەكان و خۆپیشاندەرەكان كراوە رێگە بە ڕوماڵكردن و گواستنەوەی ئازادانەی ڕووداوەكان بدرێت.

رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنور لە راپۆرتەكەیدا باسی ئەو دەزگا و پەیامنێرانە دەكات كە پێشێلكاریان بەرامبەركراوە و لەوانە، پەیامنێری دەزگای میدیای خەندان لە دەڤەری راپەرین و  پەیامنێرانی NRTوKNN .

لە راپۆرتەكەی رۆژنامەنووسانی بێسنوردا هاتووە، "كاتێك دانا سۆفی برایم، پەیامنێری دەزگای میدیای خەندان داوای لە فەرماندەیەكی سەربازی سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی لێدوان بدات لەسەر ڕووداوەكان، یەكێك لە پاسەوانە تایبەتاكانی فەرماندە سەربازییەكە بەتوندی كێشاویەتی بەسەریدا و ئازاریان داوە".

هاوكات لەراپۆرتەكەدا باس لە داخستنی كەناڵیNRT  كراوە، "دوای ئەوەی دەیان رۆژنامەنووس رێگەیان لێگیرا لە ڕوماڵكردنی ڕووداوەكانی خۆپیشاندانەكان".

18ی ئەم مانگە، خۆپیشاندان لە بەشێك لەشار و شارۆچكەكانی هەرێم بەڕێوەچوو، بەهۆیەوە دوو كەس لەرانیە شەهیدبوون و زیاتر لە 130 كەسی دیكەش برینداربوون و بارەگای باشێك لە حیزبەكان لە دەڤەری راپەڕین سوتێندران.

ڕێكخراوەكە بەتوندی ئیدانەی رێكار و كاردانەوەی دەزگا ئەمنییەكان و حیزبە سیاسیاكانی كردووە و بە "پیشێلكردنی بنەماكانی دیموكراسی" وەسفی كردووە.

ڕێكخراوەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ڕوماڵكردنی خۆپیشاندان مافێكی ڕەوای هەموو رۆژنامەنوسێكە و نابێت توندوتیژیان بەرامبەر بكرێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە دەبوو دەسەڵاتداران بەتایبەت هەوڵی پاراستنی رۆژنامەنوسەكانیان بدایە لەكاتی ڕوماڵەكاندا هەروەك لە ئەنجومەنی گشتی مافەكانی مرۆڤ لە ماددەی 25/38ی ساڵی 2014 ئاماژەی پێدراوە".

لە كۆتایی راپۆرتەكەدا باس لە ڕیزبەندی عێراق دەكات لەناو وڵاتانی جیهاندا سەبارەت بە ئازادی رۆژنامەگەری، لە ساڵی 2017 دا عێراق 158 هەمین وڵات بووە لە كۆی 180 وڵاتی جیهاندا كە پێشێلكاری رۆژنامەنوسی تێدا تۆماركراوە.
به‌روار:  29/12/2017
506   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   540
کۆی سه‌ردان:   29250897