لە خۆپیشاندانەكان.. تەلەفزیۆنێك و دوو رادیۆ سووتێنران
مالمۆکورد
بەداخەوە لەهەموو ئەو خۆپیشاندان و پشێویانەدا كەلەهەرێم روودەدەن میدیاكاران و كەناڵەكانی راگەیاندن دەبێت گەورەترین زەرەرو زیانیان بەربكەوێت.. سەرباری ئەوەی بەدەیان كامێرامان و پەیامنێرمان بەر زەبرو لێدانی هەردوولا كەوتوون (پۆلیس و خۆپیشاندەر)، چەندین كارمەندمان دوكەڵباران و فرمێسكرێژ كران، ژمارەیەك پەیامنێری ناوخۆو كەناڵەكانی عیراق و ئێران و توركیا لە دە دەقیقەوە بۆ چەند سەعاتێك دەستبەسەركران.. كە تا ئێستا نەمانتوانیوە ئامارێكی ورد بڵاوبكەینەوە..
سەرباری رژانی چەندین خوێنی بەناهەق و ئەو زەرەرو زیانە مادییە گەورەیەی بەر ژێرخانی ئابووری و مۆزەخانەو ئەرشیف و گەلەری و فەرمانگەكانی دەوڵەت و سووتاندنی دەیان بارەگای حزبی و رێكخراوەیی كەوتن، كە هەموویان تێكڕا مایەی نیگەرانی و تێكچوونی سێكتەرەكانی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمەكەمان بوون، ئێمە وەك لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان تەواو خەمبارو نیگەران بووین بەشەهیدبوون و برینداربوونی دەیان هاووڵاتی و هێزەكانی پۆلیس و ئەو زیانە مادیانەی بەر كەناڵەكان وئەندامەكانمان كەوتن، بەڵام كە هەواڵی سووتاندنی دوو رادیۆو تەلەفیزیۆنێكمان بیست، هەستمان بە مەترسی زیاتر بۆ سەر میدیای كوردستان كرد..
سووتاندنی كەناڵی تەلەفزیۆنی راپەرین لەبەرواری 19/12/2017 بەچەند دەستێك لەناو خۆپیشادەرانەوە، بردنی سەرجەم ئامێرو كەلوپەلەكانی.. هاوكات هەر لە رانیەو لەهەمان رۆژدا هەردوو رادیۆی مەشخەڵان و رادیۆی دەنگی یەكگرتوو سووتێنران و تاڵانكران..
ئێمە لەمكاتەو لەم بارودۆخە پێشبینی نەكراوەدا، داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكە دەكەین و رووی دەممان دەكەینە سەرجەم هێزەكان و خۆپیشادەرانیش، كە لێدان و سووكایەتی میدیاكار نەكەنە ئامانجی خۆیان بە گوللەی پلاستیكی و دووكەڵ، لەلایەنی خۆپیشاندەرانیشەوە بە بەردو بەهەڵمات وجنێوو سووكایەتی.. لەهەمان كاتیشدا رووی دەمما ن دەكەینە ئەو میدیاكارانەی رووماڵی خۆپیشاندان و پشێوی و رووداوەكان دەكەن، بۆ وێنەگرتن و بەجێگەیاندنی كارەكەیان، شوێنی ستانداردی جیهانی بەكار بهێنن و هەوڵ بدەن خۆیان تێكەڵاوی خۆپیشاندەرو پۆلیسیش نەكەن و جلوبەرگی جیاواز بپۆشن، بەتایبەت ئەو هێلەكانەی كە سەندیكا دابەشی كردوە بەسەر پەیامنێراندا، چونكە لەگەڵ سەرجەم هێزەكان وا رێككەوتووین كە ئەو بەرگانە رێگاپێدراوی ئێمەن و پێویستە رەچاوی پاراستن و رێز لەكاریان بگیرێت و بتوانرێت لە رووماڵكردندا شوێنی تایبەتییان هەبێت..
هێمنی بۆ كوردستان و ئارامی بۆ بارودۆخ و سەلامەتی بۆ سەرجەم میدیاكاران وئەندامانی ماندوومان دەخوازین..
كاروان ئەنوەر
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان
24/12/2017
بهروار: 25/12/2017
458 جار خوێندراوهتهوه
|