هەرەشە لەمامۆستایەكی زانكۆ دەكرێت
لەسەر نوسین‌و ئازادی رادەربرین مامۆستایەكی زانكۆی سەڵاحەدین رایدەگەیەنێت، لەلایەن كادێرێكی حزبیەوە هەرەشەی لێدەكرێت، ئاماژەی بەوەشكردوە هەر لەسەر نوسینەكانی لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسسبوك تەلەفۆنیان بۆكردوە‌و دوای جنێودان‌و سوكایەتیپێكردنی هەرەشەیان لێكردوە.

 

ئاوێنە: مامۆستای كۆلیژی كشتوكاڵ لەزانكۆی سەڵاحەدین، د. رابەر فەتاح لەراگەیەنراوێكیدا نوسیویەتی ” ئەمڕۆ ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٧ کاتژمێر نزیکی ١١ی بەیانی لە لایەن مامۆستایەکی زانکۆکەمانەوە کە کادیرێکی حیزبیە هەڕەشەم لێ کرا بەهۆی ئەو پۆست و بابەتانەی لە مەڕ بارودۆخی نەخوازراوی کوردستانەوە دەیانوسم لە واڵی تایبەتی خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئەوەش یەکەمجار نیە رودەدات و دوبارە دەبێتەوە”.

 

هەروەها نوسیویەتی ” ئەو کەسە پاش ئەوەی بەبێ رێزی و هەڕەشەکردنەوە لە واڵی فەیسبوکەکەم ئاگەداری کردمەوە کە نابێت چیتر قسە بکەم و بنووسم، پاشان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونیەوە دوای جوێندان و سوکایەتی زۆر دەستی کرد بە هەڕەشەکردن.ئەو هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر جورئەت دەکەم بچمەوە کۆلێژ، لێرەوە پێی رادەگەێنم بەدڵنیایەوە من چۆن بۆ خزمەت و تێگەیاندن و پێگەیاندن بە هزری نوێ پەروەردەبوم بەردەوام دەبم و ئەوەش ئەرکە و پیشەمە”.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

 

بەناوی خوای بەخشندە

 

بۆ رای گشتی

 

رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی

 

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ

 

ئەمڕۆ ٢٣ی ١٢ی ٢٠١٧ کاتژمێر نزیکی ١١ی بەیانی لە لایەن مامۆستایەکی زانکۆکەمانەوە کە کادیرێکی حیزبییە هەڕەشم لێ کرا بەهۆی ئەو پۆست و بابەتانەی لە مەڕ بارودۆخی نەخوازراوی کوردستانەوە دەیانووسم لە واڵی تایبەتی خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئەوەش یەکەمجار نییە روودەدات و دووبارە دەبێتەوە.

 

ئەو کەسە پاش ئەوەی بەبێ رێزی و هەڕەشەکردنەوە لە واڵی فەیسبوکەکەم ئاگەداری کردمەوە کە نابێت چیتر قسە بکەم و بنووسم، پاشان لە رێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە دوای جوێندان و سوکایەتی زۆر دەستی کرد بە هەڕەشەکردن.

 

ئەو هەڕەشەی ئەوە دەکات کە ئەگەر جورئەت دەکەم بچمەوە کۆلێژ، لێرەوە پێی رادەگەێنم بەدڵنیایەوە من چۆن بۆ خزمەت و تێگەیاندن و پێگەیاندن بە هزری نوێ پەروەردەبووم بەردەوام دەبم و ئەوەش ئەرکە و پیشەمە. 

 

سەرەڕای ئەوەی لە هیچ هەڕەشە و گوڕەشەیەک سڵ لە گوتنی حەق ناکەینەوە، بەڵام لێرەوە رای گشتی ئاگادار دەکەمەوە لەو هەڕەشانە و هەر رووداوێکی نەخوازراو لەوبارەیەوە و حکوومەتی هەرێم بە بەرپرس لە سەلامەتی خۆم دەزانم.

 

من لێرە لەبەر رێز و حورمەتی کۆلێژەکەم و پیشەکەمان ناوی ناهێنم، بەڵام بۆ هەر جۆرە کارێکی هاوشێوە و دووبارەبوونەوەی بەدڵنیایەوە ناوەکەی بۆ رای گشتی بڵاو دەکەمەوە.

 

لە کۆتایدا بەو بەڕێزە و تەواوی خەڵک رادەگەێنم من لە رابردوو ئێستا و داهاتووشم سەربەرزم و بە مێژوی پڕ قوربانی خانەوادە و بنەماڵەکەم پشت ئەستوورم. بەو هیوایەی کۆمەڵگای کوردی رزگاری بێت لەو ژیانە پڕ زەحمەت و زەلیلیە، کوردستانێکی ئازاد و وڵاتێکی ئاوەدان.

 

د. رابەر فەتاح

 

کۆلێژی کشتوکاڵ، زانکۆی سەلاحەدین – هەولێر

٢٣ی ١٢ی ٢٠١٧
به‌روار:  23/12/2017
460   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   452
کۆی سه‌ردان:   29228089