وا باشترە پەنابەرانی سوید ڕوو لە وڵاتانی تر بکەن
وەزیری ئابووری ماگدەلێنا ئاندێرسۆن دەڵێ کە سوید دەبێ دەست ڕاگرێ و چیتر پەنابەر وەرنەگرێ، تا ئەو کاتەی پرۆسەی خۆگونجاندن(integration) بۆ ئەوانەی کە هاتوون بە تەواوەتی جێ دەگرێ. ئەو وەزیرەی سوسیالدیموکراتان هاوکات دەڵێ بۆ پەناخوزانیش باشترە کە ڕوو بکەنە وڵاتانی تر.
سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزیری ئابووری سوید، ماگدەلێنا ئاندێرسۆن دوایین دۆخی پێشڤەچوونی ئابووری وڵاتی خستبووە ڕوو. ئەو توانیبووی لە ڕێگای ئەو ژمارە و داتایانەی لەبەردەستدان سەبارەت بە ڕەوشی پێشڤەچوونی سەقامگیری، کەمبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی دامەزراندن لە وڵاتدا، وینەیەکی گەش سەبارەت بە ئابووری وڵات نیشان بدات.
بەڵام دیوی دووهەمی ئەم وێنەیە کە مایەی نیگەرانییە، ئەوە نیشان دەدا کە کێشەی کەمی یەکەی نیشتەجێبوون وەک خۆیەتی و کەمی هەلی کار بۆ بیانییان و ئەوانەی بە ڕەچەڵەک سویدی نین، تاکو ئێستاش لە ئاستێکی بەرز دایە.
ماگدەلێنا ئاندێرسۆن بۆ رۆژنامەی داگێنز نیهێتەر(Dagens Nyheter) گوتووتەتی:
پرۆسەی خۆگونجاندن بە پێی پێویست نەچۆتە بواری جێبەجێبوونەوە. ئەوەش وامان لێ دەکات بگەینە ئەو ڕاستییە کە ئێمە ناتوانیین پەناخوازی زیاتر وەربگرین، تا ئەو کاتەی کێشەی خۆگونجانی ئەوانەی هاتوون چارەسەر نەبێ. ئەو مەسەلەیەش هەم بۆ پەناخوزان باشترە، هەم بۆ کۆمەڵگای ئێمەش بە شێوەیەکی گشتی.
وەزیری ئابووری ڕەخنە لەخۆیان دەگرێ و لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەوان لە پارتی سوسیالدیموکراتەکان، دەبوایە سیاسەتی ڕوونتریان هەبوایە سەبارەت بە وەرگرتنی ڕێژەیەکی زیاتری پەناخوزان.
دوابەدوای ئەم لێدوانەی وەزیری ئابووری، مۆدێراتەکان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەو هەڵوێستە و لەسەر زاری جێگری دووهەمی سەرۆکی پارتەکە، ئێلیزابێس سڤانتێسوون ڕایانگەیاند کە شتێکی باشە سوسیالدیموکراتەکان دان بە هەبوونی کێشەکەدا دەنێن.
جێگری دووهەمی سەرۆکی مۆدێراتەکان بە ڕۆژنامەکەی گوتووە کە؛
شتێکی باشە ماگدالێنا ئاندێرسۆن دان بەوە دادەنێ کە رێژە وەرگرتنی پەناخوزان ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەسەر کۆمەڵگە و لەم پەیوەندیەشدا پێویستە سوید بیر لە توندکردنەوەی سیاسەتەکانی بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێ ڕووبەڕووی کێشەی کۆچبەران بێتەوە.
مۆدێراتەکان پشتیوانی لەوە دەکەن کە سوید لە ڕێگای کۆتای پەنابەران(kvotflykting)، واتە تەنها ئەو پەنابەرانەی بە یاسا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەردەگیرێن، پەنابەر وەربگرێ.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
بهروار: 23/12/2017
4671 جار خوێندراوهتهوه
|