سوید خۆی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیران ئامادە دەکات
کۆمیتەی پاراستن، کە نوێنەرانی هەموو پارتە سیاسییەکانی تێدایە ئەمڕۆ پێشنیارێکی تازەی بۆ بەهێزکردنی هێزی بەرگریی سوید لەبەرامبەر قەیرانێكدا، دایە دەستی وەزیری بەرگریی سوید پێتەر هولتکڤیست.

سوید چی بکات ئەگەر ڕووبەڕوی شەڕ ببێتەوە؟ ئەگەر کارەبای سەراسەری وڵات بکووژێتەوە، یان ئەگەر نەتوانێت خۆراک بۆ هاووڵاتیانی دابین بکات؟ یان مێدیاکان دابخرێن، چی پێویستە بۆ بەهێزکردنی هێزی بەرگریی سوید؟

ئامانجی کۆمیتەی پاراستن ئەوەیە کە هاووڵاتیان لە کاتی هەڵگیرسانی شەڕێکدا بتوانن بە بێ پشتیوانیی کۆمەڵگا تا ماوەی یەک هەفتە خۆیان بژێنن. بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش پێویستە هاووڵاتیان پێشتر خۆیان ئامادە کردبێت و پێداویستییەکانیان دابین کردبێت. بۆ نموونە خواردن، پەتوو و جلوبەرگی باش، ئەمە بە پێی قسەی بەرپرسی کۆمیتەی پاراستن، بیۆرن ڤۆن سیدۆڤ سەر بە لیستی سوسیالدیموکراتەکان.

ڤۆن سیدۆڤ هەروەها دەڵێت

ـ  بەرپرسیارەتی تاکەکان گرنگە لە کاتی قەیرانێکدا و دەبێ هێزی بەرگریی، خۆڕاگریی و تواناییەکی وا لە خۆی نیشان بدات کە لە هیچ لایەکەوە هەوڵێ هێڕش نەدرێت بۆ سەر وڵاتەکەمان.

جێی باسە هەموو پارتە سیاسییەکانی سوید لەسەر ئەم پێشنیارە ڕێکن و لەگەڵ بەهێزکردنی هێزی سەربازی وسیڤیلی سویدن. ئەم خۆ ئامادەکردنەش، ساڵانە نزیکەی ٤ ملیارد کرۆن هەڵدەگرێت.

 هانس ڤالمارک وتەبێژی سیاسەتی بەرگریی پارتی مۆدێراتەکان دەلێت

ـ ئەم ئامادەییە بۆ ئەوە نییە ترس بخەینە دڵی کەس، بەڵکوو بۆ ئەوەیە خۆسازدان و ئامادەیی تەواومان هەبێت لە بەرامبەر هەموو ئەگەرەکاندا.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  21/12/2017
1005   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   334
کۆی سه‌ردان:   29253388