ژمارەیەك نوسەر و چالاكوان دەڵێن کوردستان لەلێواری غەرقبوونێکی تەواوەتیدایە
ژمارەیەك نوسەر و چالاك و رۆژنامەنوسی كورد هۆشداریدەدەن كە كوردستان لە لێواری غەرقبونێكی تەواوەتیدایە و هیچ هێزێك ناتوانێت بەتەنیا فریادڕەسی ئەم دۆخە مەترسیدارە  بێت. دەشڵێن”ئەرکی ھەموو ھێز و کەسایەتییە سیاسیی و ڕۆشنبیرییەکان ئەوەیە بە دیدگایەکی عەقلانیی و پڕئیرادە و جورئەت و تێگەیشتن لە ناسکیی دۆخی کوردستانەوە، لەدەوری پرۆژەیەکی نیشتیمانیی نوێ کۆببنەوە”.

 

ئاوێنە: ئەو نوسەر و چالاكوانانە، ئەمرۆ(سێشەممە) لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندوە”ساڵانێکی درێژە دوو ھێزی ستەمگەر حوکمڕانیی ئەم وڵاتە دەکەن و کۆمەڵگاکەش لەم نوشستییەوە بۆ ئەو نوشستیی تر دەگوازنەوە. لە ئێستاشدا ”حکومەت“ەکەیان نە دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی ئێمە بکات و نە دەتوانێت چارەسەری ھیچ یەکێک لە کێشە گەورەکانی وڵات بکات و نە ئامادەشە بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی نشوستییە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییە زۆرەکانی بگرێتە ئەستۆ و دەستبەرداری دەسەڵات ببێت”.

 

دەشڵێن”ئەم فەرمانڕەوا نابەپرسیارانە لەدوای شکستی ئەزموونی ریفراندۆمەوە ھێندە بچووکبووەنەتەوە نەک تەنھا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی حیزبەکانی خۆشیان پێناکرێت.”

 

جەختیشیان كردۆتەوە”ئەوەی لەم چرکەساتەدا گرنگە بوونی بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ھێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیرییەکانی دەرەوەی نوخبە حوکمڕانەکەیە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ ئەم بنبەستە سیاسییە سەراپاگیرەی کۆمەڵگای ئێمەی تێکەوتوە. بەبۆچونی ئێمە ئەوەی وەک ئەرکی ژمارە یەک پێویستە، دروستکردنی زمانێکی ھاوبەشە کە بتوانێت بەرگریی لە کۆی بەرژەوەندیی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات و داخوازییە بنەڕەتییەکانی دانیشتوانی ھەرێم بەرجەستەبکات.”

 

دەقی بەیاننامەكە

 

 

کوردستان لەلێواری غەرقبوونێکی تەواوەتیدا

ساڵانێکی درێژە دوو ھێزی ستەمگەر حوکمڕانیی ئەم وڵاتە دەکەن و کۆمەڵگاکەش لەم نوشستییەوە بۆ ئەو نوشستیی تر دەگوازنەوە. لە ئێستاشدا ”حکومەت“ەکەیان نە دەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی ئێمە بکات و نە دەتوانێت چارەسەری ھیچ یەکێک لە کێشە گەورەکانی وڵات بکات و نە ئامادەشە بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی نشوستییە سیاسیی و سەربازیی و ئابوورییە زۆرەکانی بگرێتە ئەستۆ و دەستبەرداری دەسەڵات ببێت. ئەم فەرمانڕەوا نابەپرسیارانە لەدوای شکستی ئەزموونی ریفراندۆمەوە ھێندە بچووکبووەنەتەوە نەک تەنھا نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی حیزبەکانی خۆشیان پێناکرێت.

ئەوەی لەم چرکەساتەدا گرنگە بوونی بەرپرسیارێتیی سیاسیی و ئەخلاقیی ھەموو ھێزە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیرییەکانی دەرەوەی نوخبە حوکمڕانەکەیە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتیی بۆ ئەم بنبەستە سیاسییە سەراپاگیرەی کۆمەڵگای ئێمەی تێکەوتوە. بەبۆچونی ئێمە ئەوەی وەک ئەرکی ژمارە یەک پێویستە، دروستکردنی زمانێکی ھاوبەشە کە بتوانێت بەرگریی لە کۆی بەرژەوەندیی و مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات و داخوازییە بنەڕەتییەکانی دانیشتوانی ھەرێم بەرجەستەبکات. زمانێکی ھاوبەش لەنێوان ئەو ھێزانەدا دروستبکات، کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی شکستی ئەم ئەزموونە سیاسییە نین و دروستکەری قەیرانە گەورەکانی نین. بەدیھێنانی ئەم ئەرکەش نە بە دەرکردنی بەیاننامەی حیزبیی بۆ پشتیوانیکردنی خۆپیشاندانەکان و نە بە ڕوماڵکردنی میدییایی ناڕەزایەتییەکان و نە بە کۆبوونەوەی بە پەلەی ھێزە سیاسییەکان، چارەسەردەکرێت. ئەوەی پێویستە و ئێمە تا ئێستا چەند جارێک جەغدمان لەسەرکردۆتەوە دروستکردنی بەرەیەکی نیشتیمانیی دەرەوەی ھێزەکانی دەسەڵاتە و کارکردنی پێکەوەییانە وەک بلۆکێکی سیاسیی تازە، کە ھەمووان بەو زمانە ھاوبەشە بدوێن و بجوڵێنەوە. بەرەیەک بتوانێت شتێک لە متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و سیاسەت و ھەڵگری بەرنامەیەکی سیاسیی نوێ و کۆمەڵێک میکانیزمی کۆنکریتیش بێت بۆ چارەسەرکردنی ھۆکارە سەرەکییەکانی ئەو قەیرانانەی کە ھەن، لەوانەش قۆرخکردنی تەواوی دەسەڵات و دزیی و جەردەیی و گەندەڵیی و ڕێکەوتنی نھێنی و پەکخستنی دەزگا سەرەکییەکانی حوکمڕانیی و ئەو مۆدێلە وێرانەش لە ئابوری مافیایی کە لە ھەرێمدا ھەیە و سەروەرکراوە. بەبۆچوونی ئێمە تاکە دەرەچەیەکی عەقلانیی بۆ دەربازبوون لەم دۆخە و رێگرتن لە پشێویی سیاسیی و ماڵوێرانیی کۆمەڵایەتیی و پێکدادانی خوێناویی گەورە، کە چاوەڕوانکراوە لە ئەنجامی روبەڕوبونەوەی خەڵکی مەدەنی و ھێزە سەرکوتکەرەکانی دەسەڵاتدا ڕووبدات، خۆڕێکخستنی ھەموو ھێزە ڕەخنەییەکانی کۆمەڵگای ئێمەیە لە پرۆژەیەکی پێکەوەییدا و بەتەنھاجێنەھێشتنی خەڵکی مەدەنیی ناڕازیی کوردستانیشە لە شەقامەکان. ئەم ھەنگاوەش چەندە رێگەگرتنە لە بێحورمەتیی پێکردن و ئەشکەنجەدان و گرتن و کوشتنی خۆپیشاندەران، ھێندەش بەخشینی ھیوا و متمانەیە بە داھاتوویەکی باشتر.

 ئێمە ڕامان وایە کە چیدی مانەوەی چالاک و ناچالاکی حیزبە ناڕازییەکان لەناو ھەردوو دەزگای کارتۆنی حکومەت و پەرلەمانی ھەرێمدا جگە لە ھەڵەیەکی سیاسیی و نابەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی گەورە ھیچ مانایەکی تر ھەڵناگرێت. ھەموو درێژەدانێکیش بە تەمەنی ئەم دەسەڵاتدارێتییە جاڕدانی مردنی سیاسیی ھەموو ئەو ھێزانەیە کە ھێشتا وەھمی ئەنجامدانی کاری خێر لەم ھێزە شەڕانگیزانەدا دەبینن. ئێمە لەم چرکەساتە پڕتەنگەژە و ناکۆکیی دوژمنانەدا، دوو ھەنگاوی سەرەتایی بە پێویست دەزانین و پشتیوانیی لە ھەموو دەستپێشخەرییەک دەکەین بەو ئاراستەیەدا.

ھەنگاوی یەکەم: دەستبەجێ کشانەوەی ھەموو ئەو ھێزە سیاسییانەی کە شتێکیان تێدا ماوە ناوی بەرپرسیارێتی سیاسیی و ئەخلاقیی بێت، لە حکومەت و پەرلەمانی بنەماڵە سیاسییەکان. ھاوکات بەیانکردنی شکستی ئەم دەسەڵاتە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیکردنی وڵات و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی ھەرێم. ئێمە وایدەبینین مانەوەی ئەم دەسەڵاتە دەبێت وەک مەترسییەک بۆ ئاساییشی نیشتیمانیی و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تەماشابکرێت و ھەر لەو ڕوانگەیەشەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ھەنگاوی دووھەم: پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانیی لە لایەن ھەموو ئەو ھێزانەوە کە لەدەرەوەی ھەیمەنەی جووتخێزانی سیاسیی پارتی و یەکێتیدان و ڕێکەوتنیان لەسەر پێکهێنانی حكومەتێکی ڕاگوزەر. ھاوکات جاڕدانیش بۆ بە ناشەرعیی ناساندنی ئەم حکومەتەی ئێستای ھەولێر لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و دەرەوەیدا. داواکردن لە ھەموو دەوڵەتان و باڵوێزخانە و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان کە چیدی مامەڵە لەگەڵ نوێنەرانی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردووە نەکەن و وەکو نوێنەری خەڵکی ھەرێمی کوردستان تەماشایان نەکەن.

کوردستان لە لێواری غەرقبوونێکی تەواوەتیدایە، ھیچ ھێزێک ناتوانێت بەتەنھا فریادڕەسی ئەم دۆخە مەترسیدارە بێت و وەھمی ئەوەش لای خەڵکی ئێمە دروستبکات کە دەتوانێت بەتەنھا ئەم دەسەڵاتە ستەمگەرە ڕابماڵێت. ئەرکی ھەموو ھێز و کەسایەتییە سیاسیی و ڕۆشنبیرییەکان ئەوەیە بە دیدگایەکی عەقلانیی و پڕئیرادە و جورئەت و تێگەیشتن لە ناسکیی دۆخی کوردستانەوە، لەدەوری پرۆژەیەکی نیشتیمانیی نوێ کۆببنەوە بۆ ڕێکخستنەوەی سەرلەنوێی ژیانی سیاسیی و ژیانی گشتیی کۆمەڵگای ئێمە و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە مەترسیدارە.

بەڕای ئێمە ھەر پاڵدانەوە و ھیچنەکردن و خاوخلیچکییەک لەم کاتەدا بۆ گەیشتن بەم ئامانجە کاتییانەی دەستنیشانمانکردن و تا گەیشتن بە رێکخستنی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، نەک لەدەستدانی فرسەتێکی ترە کە پاش شانزەی ئۆکتۆبەر ھاتە پێش بۆ کۆتاییھێنان بەم مۆدێلە لە دەسەڵاتدارێتی گەندەڵ و نابەرپرسیار، بەڵکو ئەمجارەیان دەبێت بە ھۆکارێکیش بۆ کۆتاییھێنان بە شەرعییەتی نوێنەرایەتیکردنی ئەو ھێزانەش کە تا ئێستا رەخنەی مۆدێلی حوکمڕانیی لە ھەرێمدا دەکەن و نوێنەرایەتی بەشێکی بەرچاوی ھێزی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ناڕازیی کۆمەڵگای ئێمە دەکەن.

رەوف بێگەرد

رێبین ھەردی

نەجیبە مەحموود

چۆمان ھەردی

ھیوا فایەق

نیاز عەبدوڵڵا

سەردار محەمەد

لاوک ئەحمەد

خالید سڵێمان

کەمال رەووف

کاوە بێسارانی

فەرمان رەشاد

نامۆ خانەقینی

شوان حەمە

کەمال چۆمانی

ئاسۆس ھەردی

مەریوان وریا قانع

ئاراس فەتاح
به‌روار:  19/12/2017
231   جار خوێندراوه‌ته‌وه
  بابه‌تی زیاتر ...
خەندان- بە تاوانی پێشێلكردنی یاسای هەڵبژاردن هەشت ساڵی دیكە زیندانیكردن بۆ پارك گیون های، سەرۆكی پێشووی كۆریای باشوور زیادكرا. بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دادگای كۆریای باش درێژه‌ ...
گەریلا تیڤی، ڤیدیۆی چالاکیی گەریلاکانی هەپەگەی بڵاوکردەوە، کە ڕۆژی ١٤ی نیسان لە دەوروبەری بازیدی سەربە ئاگری ئەنجامیاندابوو، لە ئەنجامیدا ٢٠ سەربازی سوپای تورک کوژرابوون. ئەمڕۆ درێژه‌ ...
تیرۆركردنی ئیقبال مورادی بەتوندی مەحکوم و شەرمەخزار دەکەین درێژه‌ ...
سەرۆکوەزیری سوید ستێفان لوڤێن لە سەردانیدا بۆ ناوچەی یوسدال(Ljusdal)کە یەک لە زەرەرمەندترین ناوچەکانی ئاگرکەوتنەوەی ئەم ڕۆژانەی دوایی سویدە، لە دوای سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی بەشداری درێژه‌ ...
KMMK:تەرمی بێ گیانی ئیقباڵ مورادی چالاکی ناسراوی سیاسی، چالاکی مافی مرۆڤ و ئەندامی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دەورووبەری کاتژمێری ۲۳:۳۰ ڕۆژی سێ شەممە ۲۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۷ درێژه‌ ...
خەندان- دانا تەیب مەنمی پێش سەدەیەک لەمەوبەر و لەرۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، نیڵسۆن رۆلیھلاھلا ماندێلا ئەو کارێزمایەی چۆکی بە سیاسەتی ئەپارتاید دادا لەدایکبوو. ماندێلا لە ١٨ی تەمموزی درێژه‌ ...
( زاڵم ) بەغەیری مەزهەبی زاڵمان سەر بەچ مەزهەبێکی!! لە شەونوێژدا نزادەکەی لەبیرتکەم. *** فێری زۆر شتت کردم تەنها ئەوە نەبێ, چۆن بێ تۆ بژیم .. زاڵم. *** لەفرمێسک سوێرتر درێژه‌ ...
ئیقباڵ مورادی، چالاکی ناسراوی کورد، باوکی بەندکراوی سیاسی کورد مەحکوم بە سێدارە ” زانیار مرادی ” و ئەندامی ڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان KMMK لەشاری پێنجوێن لە باشوری کورد درێژه‌ ...
له‌ روبه‌روبونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ تیرۆرستانی داعش 10 پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون و 14 پێشمه‌رگه‌ش برینداربوون. له‌و باره‌یه‌وه‌ ره‌شاد گه‌ڵاڵی لێپرسراوی كۆمیته‌ی مه‌خمووری یه‌كێتیی نیشت درێژه‌ ...
ماوه‌یه‌كه‌ جۆره‌ مێرویه‌ك بوه‌ته‌ باس‌و خواسی‌ سه‌ر زاری‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ گوایه‌ ئه‌م جۆره‌ مێروه‌ شتێكی‌ نامۆیه‌‌و به‌پێوه‌دانی‌ هه‌ستیاری‌‌و تا‌و بێزاربون بۆ كه‌س درێژه‌ ...
ژماره‌ی بابه‌ت
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   79
کۆی سه‌ردان:   16970628