شاسوار عەبدولواحید لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستگیركرا
سەرۆكی قەوارەی نەوەی نوێ شاسوار عەبدولواحید لەكاتی گەڕانەوەیدا لەلەندەنەوە لە فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستگیركراوە و بەرەو شوێنێكی نادیار براوە.

 

ئاوێنە: بەپێی زانیارییەكانی ئاوێنە ئێوارەی ئەمڕۆ(سێشەممە)، شاسوار عەبدولواحید لەكاتی گەڕانەوەیدا لە لەندەنەوە بۆ سلێمانی لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركراوە و بۆ شوێنێكی نادیار براوە.

 

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی قەوارەی نەوەی نوێ لەماوەی دو رۆژی رابردودا لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندان ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە ژمارەیەك شارو شارۆچكەی هەرێمی كوردستان لەلەندەنەوە پەیامی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران دەنارد.

 

لەیەكێك لە پەیامەكانیشدا ئاماژەی بەوەدابو كە بەبۆنەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە بەرنامەی گەشتەكەی لەلەندەن راگرتوە و دەگەڕێتەوە.

 

ئەمڕۆش لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەدابو كە كاتژمێر 6:45 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ دەگاتەوە فڕۆكەخانەی سلێمانی.

 

هەر ئەمڕۆش سەرۆكی داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان داوا جوڵاندنی سزای یاسایی بەرامبەر ناوبراو كردبو، بەهۆی پشتیوانیكردنی خۆپیشاندانەكان.
به‌روار:  19/12/2017
1490   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   687
کۆی سه‌ردان:   29260107