نوکتە و نوقتە.. مانگا و پەرلەمان
نوکتە و نوقتە
ئابووریناسێکی عێراقیی، بۆ دەرچوون لەو دۆخە خراپەی ئێستای وڵات، پرۆژەیەکی گرنگی ئامادە کردووە و لەبەر گرنگیی باسەکە، هەوڵ دەدەم بە کوردیی بکەم .
ئەم پرۆژەیە، لە لایەک خەڵکی وڵات لە گرانیی بازاڕ و برسێتی قوتار دەکات و لە لایەکی دییش دەوڵەت، لە تووڕەیی خەڵک و رووخاندن دەپارێزێت.
کورتەی بیرۆکەکە:
ئەگەر بێتو ئێمە، تەواوی ئەندامانی پەرلەمان، بۆ ماڵ بنێرینەوە و مووچەکانیان لە پرۆژەیەکی (بەخێوکردنی مانگا)دا بە کار بهێنین، چی روو دەدات.
وای دابنێین لە عێراق، ٣٢٥ ئەندامی پەرلەمانمان هەیە و هەر یەکەیان، مووچەی مانگانە، نزیکەی ١٠ هەزار دۆلار وەردەگرن و لەولایشەوە ئەگەر بروانین، دەبینین نرخی مانگایەکی باش نزیکەی ٥ هەزار دۆلارە.
کەواتە هەر ئەندام پەرلەماننێک = ٢ مانگا.
بە واتایەکی تر بە مووچەی مانگێکیان، ٦٥٠ مانگا دەسێنین و بە مووچەی ساڵێکیشیان، دەبینە خاوەنی ٧٨٠٠ مانگای شیردەری باش.
ئەگەر هەر یەک لەو مانگایانە رۆژانە ٢٠ لیتر شیر بدەن، ئەوا لە رۆژێکدا ١٥٦٠٠٠ لیتر شیری چەوری چاک، بەرهەممان دەبێت.
جا ئەگەر بێتو بۆ خولێکی پەرلەمانیی( ٤ ساڵ)، نوێنەرەکانمان سڕ بکەین، ئەوا دەتوانین بێ ئەوەی دەست لە ئاوی گەرم بکەین، بە خاوەنی ٣١٢٠٠ مانگا ببین، کە دەکاتە نزیکەی ژمارەی ئەو مانگایانەی، لە دانمارک و هۆڵەندا هەن.
خۆ ئەگەر باس لە ئاڵف و پێداویستییەکانی تریان بکەین، ئەوا تێچووی سێ ژەمی خواردن و خواردنەوەی پەرلەمانتار و وەزیرەکان، بە ئاسانی بەشی مانگاکان دەکات.
رەنگە یەکێک بپرسێت: ئەی سەبارەت بە مەسەلەی شوێنی تەویلە و فێنککەرەوە و پێداویستییەکانی دۆشین، چی دەکەن. لە وەڵامدا دەڵێین: تەنها پارەی پاسەوان و گەشتی دەرەوەی وڵات و نەشتەرگەریی ماایەسیری و بەنزینی ئۆتۆمۆبیلەکانیان، سەرتاپای پێداویستی مانگاکان، بە زیادەوە دادەپۆشێت.
دیارە تا ئێرە باسی زیادبوون و سکوزای مانگاکانمان نەکردووە، جا خۆ ئەگەر بێتو وەزیر و جێگرەکانیان لەگەل سەرەکوەزیران، بە (گا)ی دەرجە یەک بگۆڕینەوە و مانگاکانی پێ کەڵ بدەین، ئەوە ئیتر بە ئاسانی دەبینە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و دەتوانین مانگا و بەرهەمەکانیشی، هەناردەی دەرەوەی وڵات بکەین.
**************************************************************
ئێستا دەکرێت بپرسین:
١- ئەم پرۆژەیە بۆ کوردستانی باشوور، گونجاو نییە؟؟؟
٢- ئەگەر ئەم پرۆژەیە، لە باشوور جێبەجێ بکرێت، بۆ خەڵکی کوردستان، ئەندامانی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم بەسوودتر دەبێت، یاخود مانگا؟؟
پەیجی دلێر سەلیم
١٦/١٢/٢٠١٧
بهروار: 18/12/2017
1037 جار خوێندراوهتهوه
|