١٠٥ کورد ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارەدراون
بەپێی ئامارێک، لە سەرەتای ٢٠١٧وە تا کۆتایی مانگی ١١ی ئەمساڵ، لە خۆرهەڵاتی کوردستان ١٠٥ بەندکراوی کورد لەسێدارەدراون، زیاتر لە هەزار کەسیش بەتۆمەتی جیاواز دەستبەسەرکراون و ٦٩ کەسیش سزاى زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە.

بەپێى هەواڵێکی ماڵپەڕی هەنگاو کە بایەخ بە هەواڵ و چالاکییەکانی مافی مرۆڤ دەدات لە خۆرهەڵاتى كوردستان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤەوە، ئاماری پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤی لە خۆرهەڵاتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕکە، لەسەرەتای ٢٠١٧وە تا کۆتایی مانگی ١١ی ئەمساڵ، ١٠٥ بەندکراوی کورد لەسێدارەدراون، زۆربەیان بە تۆمەتى"بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان" ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێنراوە و لەسێدارەدراون.

هەروەها لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار کەس، بە تۆمەتی جیاواز دەستبەسەرکراون و تەنیا ناسنامەی ٥٢٠ کەسیان ئاشکراکراوە، زۆربەشیان  تۆمەتی چالاکی سیاسییان دراوەتە پاڵ.

ماڵپەڕی هەنگاو ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا ٦٩ کەسی دیکە بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی و مەدەنی لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزاى بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە، چوار کەسیش بە هەمان تۆمەت سزاى لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
نالیا
به‌روار:  10/12/2017
1733   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   664
کۆی سه‌ردان:   29230490