چوار ساڵ بەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی تێپەڕی
خەڵك ـ نزار جەزا
ئەمڕۆ سێ شەممە، چوار ساڵ بەسەر تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی "شەهیدی قەڵەم" تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا بەوتەی كەسوكاری كاوە، بكەرانی ئەو تیرۆرە دەستگیر نەكراون.

كاروان ئەحمەد، برای كاوە گەرمیانی، كە بە "شەهیدی قەڵەم" ناسراوە بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، كەیسی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی لە دادگادا وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ جوڵەیەكی پێنەكراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ڕاستە كەسێك بەتاوانی تیرۆركردنی كاوە دەستگیركراوە و سزادراوە، بەڵام ئەو كەسانەی لەپشتی ئەم كەسەوەن تاكو ئێستا سزانەدراون.

ناوبراو دەشڵێت: "لەم ڕۆژەدا داوایان لە حكومەتی هەرێم نییە، چونكە شتێك نەماوە بەناوی حكومەت، بەڵام داوایان لە ئازادیخوازان هەیە درێژەپێدەری ڕێبازەكەی كاوەبن، كە ڕێبازی بەگژداچونەوەی گەندەڵكارانە".

هێمای بۆئەوەشكرد، ئەمڕۆ چوار چالاكی جیاواز بەبۆنەی چوارهەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی ڕۆژنامەنوس بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشدا، لەپێشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا لەسەر گڵكۆی كاوە گەرمیانی یادی شەهیدی قەڵەم كرایەوە و چەند ئازادیخوازێك باسیان لەدۆخی ئازادی كوردستان و شەهیدبوونی كاوە گەرمیانی كرد و لەپاشنیوەڕۆی ئەمڕۆدا خەڵاتی ئاڵتونی پێشكەش بەكەسێكی بوێر دەكرێت، كە تاكو ئێستا ناوەكەی ئاشكرانەكراوە.

وتیشی، "هاوكات كاتژمێر شەشی ئێوارە لەو شوێنەی كاوە گەرمیانی و هاوڕێكانی لێی ڕادەوەستان مۆم هەڵدەكرێت، هاوكات لەكاتژمێر هەشتی شەو بەدواوە تاكو كاتی تیرۆركردنەكەی، لەشوێنی تیرۆركردنەكەی ڕادەوەستین".
به‌روار:  05/12/2017
851   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   689
کۆی سه‌ردان:   29230973