ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی نوامبر ۲۰۱۷ لە کوردستان
مالمۆکورد

ڕاپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌ مانگی نوامبر ۲۰۱۷ کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە لەلایەن كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوکراونەتەوە، کۆبەندی بۆکراوە. شایانی باسەئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی حکومەتی جمهوری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیاوێنەیکی بچوکی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ نیشان دراوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرتنی شارومەندانی کورد ، مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد پێشێل دەکات. ئازادی رادەربرین، مافی ژیانی ئازاد و سەربەخۆ، ئەمنیەتی تاکەکەسی، هەلاواردن، بێحورمەتی بە خەلك، بابەت گەلێکن کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژانە پێشێلیان دەکات .هەروەها ئەشکەنجەی گیراوانی سیاسی و بەرچاونەگرتنی مافەکانیان بابەت گەلێکن کە لەو مانگەدا بەرچاو بوون.

بەپێی بڕگەی ۱۹ ی جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤ هەر تاکێک مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەیە هەروەهالەدێڕی یەکەمی بڕگەی ۹ بەشی نێونەتەوەیێ مافی مەدەنی وسیاسی داهاتوە؛ هەرکەسەومافی ئازادی وئەمنیەتی تاکەکەسی هەیە؛ هیچ کەسێک نابێت بەبۆنەی بیروباوەڕیەوەئازاربدرێتو سەرکوت بکرێت، لەبڕگەی دووی بەشی ۱۹ دادیسان دەڵێت؛ هەموو کەسسێک ئازادی ڕادەربڕینی هەیە، ئەومافانە ئەمانەلەخۆدەگرن، ئازادی گوتار ولێکۆڵینەوە و پەروەردەو بڵاوکردنەوەی زانیاری وبیروباوەڕ، هەر چەشن و جۆرێک بێ ئەوەی سنوری بۆدابنرێت جا ئیتر سەرزارەکی یا نوسراوە یان چاپی یابەشێوەی هونەری یا هەر چەشنێک کەمرۆڤ خۆی هەڵی بژێرێت.

هەروەهالە بڕگەی ۲۲ داداهاتوە هەرتاکێک وەکو کەسێک لەکۆمەڵگا مافی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی هەیە ولەڕێگەی تێکوشان لەپانتایی نەتەوەیی و هاوسۆزی نێو نەتوەیەوە بەڕێکخراوەیی کردنی سەرچاوەکانی هەر وڵاتێک، مافی لێ زەوت نەکراوی ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری خۆی بپارێزێت بۆ پەرە پێدانی ئازادانەی کەسایەتی تایبەتی خۆی بەدەست بێنێت؛ وهەروەهابەپێی بڕگەی ٥هیچ کەسێک نابێت ئەشکەنجە بدرێت یان سزابدرێت یان بەشێوەی نامرۆڤانەو دڕندانە وڕوخێنەرهەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. بەپێی بڵاوکراوەفەرمیەکانی جیهانی لەمەڕ مافی مرۆڤ و مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و کۆمەڵگای بەشەری، هەر تاک و کۆمەڵگایک مافی خۆیەتی داوای مافی سیاسی وکۆمەڵایەتی و ئابوری وکلتوری خۆی بکات وبۆ وەدەست هێنانی تێبکۆشێت، هیچ کومەڵێک یان گروپێک لەسەرو کەسی ترەوەنییەوهەمو کەسێک دەبێت لەمافی سروشتی بەفەرمی ناسراوی خۆێی بەهرەمەند بێت.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان هەموو مانگێک کۆکراوە و گوزارشێکی پوخت لە پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤی لە کوردستان دا بڵاو دەکاتەوە. لە گوزارشی ئەو مانگەش دا دەردەکەوێ کە رەوشی مافی مرۆڤ لە کوردستان خراپتر بووە و دەوڵەتی ئێران کردەوە دژە مرۆڤیەکانیان دژی گەلی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان زیاتر کردوە.

لەو مانگەش دا، ئێعدام، گرتن و ئەشکەنجەدان، خەسارەکانی ژینگە و هتد زۆر بەرچاون و رەوشێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە له‌گەلی رۆژهەلاتی کوردستان روبەرووی بۆتەوە.

 سێدارە

چوارشەممە ۱۰ی خەزەڵوەر زیندانییەک کەبەتۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئێعدامی بەسەردا سەپێنرابوو لەزیندانی ناوەندی ورمی ئێعدام کرا.

چوارشەممە ۳ی خەزەڵوەر ماشێنێک لەجۆری پیژۆپارسی هاوڵاتییەکی ئازەری بەناونیشانی «سەعیدئیسماعیل یار» خەڵکی گوندی «تولکی تەپەسی» سەربەشاری ماکۆ لەڕێگەی لاوەکی ناوچەی ئاوی گەرم سەربە چالدێران کەلەکاتی ڕۆیشتندابوو لەلایەن هێزەکانی بڕیارگەی حەمزەی سپا دەسڕێژی لێکرا.

۱٥ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی، چوار بەندکراوی سزا دراوە بە ئێعدام، بۆ جێبەجێکردی سزاکەیان گواسترانەوە بۆ ژوورە تاکەکەسیەکان.بەرپرسانی بەندیخانە بە بنەماڵەی ئەم چوار بەندیەیان راگەیاندووە کە سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە جێبەجێ دەکرێت.ناسنامەی ئەم چوار بەندکراوە کە بە تاوانی مادەی هۆشبەر ئەو سزایەیان بەسەردا سەپاوە، لە لایەن تۆری مافی مرۆڤی کوردستان بەم شێوە راگه‌یندراوه‌ «حەسەن باشووکی، ئەسغەر رەنجبەر، هدایەت شێرزاد وعەلی زارعی».

 ۱٦ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی، چوار بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی ورمێ لە سێدارە دران.بەپێی ڕاپورتەکە، ناسنامەی ئەم چوار بەندکراوە بەم شێوەیە ڕاگەیندراوە «حەسەن باشووکی خەڵکی نەغەدە، ئەسغەر رەنجبەر خەڵکی ورمێ، هدایت شێرزادی خەڵکی ورمێ، عەلیرەزا زارعی خەڵکی تاران».

دووشەممە ۲۲ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹٦ی هەتاوی، چوار بەندکراوی سزادراو بە ئیعدام بە ناوی” مورتەزا قولی پور، مهدی حاجی زادە، قوباد مورادی و رامین عشقی” لە بەندیخانەی ورمێ لەسێدارە دران.

شەممە ۲۷ خەزەڵوەری ۱۳۹۶ی هەتاوی عەلی رەزا سادقی کە تاوانی کوشتنی ئەنجام دابو، بە ئامادە بونی ئەندامای بنەماڵەی کوژراوەکە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری ئیلام لە سێدارە درا.

دادگای شۆڕشی ئێران دوو زیندانی سیاسی کوردی بە سێدارە سزادا، ئەوە لەکاتێک دایە کە ئەو حوکمە جارێک هەڵوەشابۆوە. دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ورمێ سزای سێدارەی بەسەر دوو زیندانی سیاسیی کورد بەناوەکانی دیاکۆ ڕەسولزادە و سابیر شێخ عەبدولا سەپاند.

زیندان

بەندکراوانی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی لە شارەکانی رۆژهەڵات لە دۆخێکی خراپی ژیانییدا بەسەردەبن و نەبونی خزمەتگوزاری و کەمی خواردن و هەروەها باش نەبون و کەم بونی ئەوبەشە خۆراکەی کە ئەیدەن بە بەندکراوان بووەتەهۆی نارەزایەتی بەندکراوان.

شارۆمەندێکی شاری شنۆ بە ناوی «موحەممەد ئەمینی شیلان ئاوا» رۆژی پێنج شەممەی حەوتوی رابردو ۴ی خەزەڵوەری ۱۳۹٦ی هەتاوی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتەوە بە هۆکارێکی نادیار دەست بە سەر دەکرێت.

سێشەممە ۹ی خەزەڵوەر «سوهراب بەهرامی» لە لایەن هێزە ئەمنیە کانی شاری سنە بۆ بە سەربردنی چوار ساڵ سزای بەندیخانە دەست بەسەر دەکرێت.

گواستنەوەی سەرلەنوێی محەممەد نەزەری بۆ زیندان سەرەڕای پێویستی درێژەی چارەسەری پزیشکی

مەحمود ساڵحی لە بەشی چاوەدێری تایبەتی نەخۆشخانە خەوێندرا.

موحەممەدی نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد لە بەندیخانەی رەجایی شار پاش ۹۹ رۆژ مانگرتن و پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆتایی بە مانگرتن هێنا.

” ئیسماعیل بۆکانی ” ڕۆژی شەممە ۱۳ی خەزەڵوەری ۱۳۹٦ی هەتاوی بۆ تێپەڕکردنی یەک‌ساڵ و یەک ڕۆژ زیندان کە لە لایەن دادگای شۆرشی ئێرانەوە بەسەریدا سەپاوا بۆ بەندیخانەی مهاباد ڕەوانەکراوە.

دوشەممە ۱٥ی خەزەڵوەر ئەمساڵ، وریا دڵ ئەنگیز چالاکی ژینگە پارێزی مەریوانی بە دانانی بارمتەی ۴۰ ملێون تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

۲۲ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، رۆژنامەنووسی کورد به‌ ناوی کازم ئیمانزادە «کاظم ایمان زاده » لە شاری سنەی رۆژھەڵاتی کوردستان دادگای دەکرێت.

چوارشەممە ۱٦ی خەزەڵوەر، سێ شارۆمەندی کورد لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە رووبەرووی لێدان و سوکایەتی بوونەتەوە و قوڵپێچ کراون. ناسنامەی دەسبەسەرکراوان «موحەممەد خەلیلی کوڕی عەبدوڵمەجید، کەمال حەیدانلوو کوری مهمد، بەهمەن برووکی کۆڕی عەتا» ڕاگەیاندراوە.

سێشەمە رێکەوتی شازدەی خەزەڵوەر، چالاکێکی مەدەنی شاری دێولان (دەگولان) بەناوی خەبات ئەمیری لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەوشارەوە قول بەست کراوە.

لە مەودای دوو حەوتوی رابردودا شەڕو پێکدادانی نێوان یەکێک لە حیزبە کوردیەکان و هێزەکانی سنوور پارێزی و سپای پاسداران لە ناوچە سنووریەکانی چاڵدۆران، کەشی ئەمنیی لەو ناوچانەدا بەڕێوە دەڕوات و لانی کەم شەش شارۆمەندی کورد لە ماکو و چالدران گیراون.

شەمە ۲۰ خەزەڵوەر مەحمود ساڵحی چالاکی کرێکاری لە نەخۆشخانەوە رەوانەی بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز کرا. ۱۲ خەزەڵوەر دوابەدوای خراپ بونی باری تەندروستی ئەم بەندکراوە سیاسییە کوردە ناوبراویان رەوانەی نەخۆشخانەی خومەینی شاری سەقز کرد.

ڕابردوودا دوو لاوی کورد بە ناوەکانی «ئەمیر ئەرژەنگی٢١ساڵان کۆری مۆختار وباست ئەفشار١٩ساڵان کۆری ڕەزا» خەڵکی ئاوایی «نێ» سەر بە مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تۆمەتی پەیوەندی لە گەل پارتە کوردیەکان و .. سزای زیندانیان بەسەر دا سەپا.

«سەلاحەدین ڕەنجبەر» بەڕێوەبەری کەناڵێکی تێلگرامی «ورمێ دەنگ» لەلایەن هێزە ئێتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەشاری ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر وگوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

۶ زیندانی ئاینزای سوننە لەزیندانی دیزەڵ ئاوای کرماشان کەماوەیەک پێشتر دوابەدوای گواستنەوەیان بۆ بەندی نەخۆشخانی چڵک ۆکێم (عفونی) دەستیاندابوویە مانگرتن لەخواردن سەرلەنوێ لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە هەڕەشەی هەمان هەڵسووکەوتی پێشوویان لێکرایەوە.

محەممەد نەزەری و دوو زیندانی سیاسی دیکە بە ناوەکانی “عومەر فەقێ پوور و خالید فەرەیدوونی” لەزیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوازان. ئەم ۳زیندانییە سیاسییە کە لەبەندی (فوق امنیتی) زیندانی ڕەجایی شاردابوون.

پێنج شەمە ۲۵ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ هەتاوی ،هێزە ئەمنییەکان کۆماری ئسلامی ئێران چالاکێک مەدەنی خەڵکی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناونیشانی “شهرام فرهادی” کە سەرقاڵی کۆ کردنەوەی یارمەتی بۆخەڵکی خەسار پێگەیوی کرماشان بوو، دەستبەسەر کرد.

دووچالاکی مەدەنی و ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی ســنە لەلایەن پولیسی تورکیاوە لەشاری ئەستەمۆڵ دەسبەسەرکران. پۆلیسی تورکیا هۆکاری دەسبەسەری ئەم دوو خوشکە ڕۆژنامەوانە (ماریا وشیوا قەڵوەزی) پەیوەست بە داوای حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر دیپۆڕت کردنەوەیان  ناو دەبات.

مەودای ٨۰ رۆژ بەسەر دەست بەسەر کردنی شارۆمەندی کورد «موحەممەد روبینا» لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە لەشاری مەریوان تێدەپەڕێت و هیچ چەشنە زانیارییەک لە سەر چارەنوسی ئەم شارۆمەندە کورە لە بەردەستدا نییە.

چالاکانی مەدەنی لەژێر هەرەشە و گوشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامن لە ناردنی هاوکاری بۆ ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان.

دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە لەهەمبەر ئازادی کاتی چالاکێکی کرێکاری خوازیاری دانانی ۲۰۰ ملیۆن بارمتە بووە. «فوئاد زەندی» چالاکی کرێکاری دانیشتوی شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ۷ی رەزبەری ئەمساڵ دەستبەسەر کراوە.

محەممەد نەزەری کەوتە بەر پەلامار ولێدانی ئەفسەری چاوەدێری(افسرنگهبان).

کەماڵ شەریفی زیندانی سیایی کورد بەهۆی نەخۆشی لەدۆخێکی ناجێگێری جەستەیدایە وئەگەر بڕینەوەی پێی لەئارادایە.

ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سەردەشتی رۆژهەلاتی کوردستان سێ گەنجی بەناوەکانی «ئیدریس مەحمودی، ڕەحمان مەدەنی و جوانرۆ قادری» دەستبەسەر کردوە، تا کاتی بڵاو کردنەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەر کرانی ئەو گەنجە کوردانە نەزانراوە

ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران شاڕۆمەندێکی کورد بەناوی “بەهرام ئەحمەدی” دانیشتوی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان بانگهێشتی ئە ئیدارەیە دەکات.

موحەمەدی نەزەری بەندکراوی سیاسی کورد لە رۆژی هەینی بڕواری ۳ی سەرماوەزی ۱۳۹۶ی هەتاوی بۆ جارە دووهەم لە ئەمساڵدا دژ بە کەمتەرخەمی بەر پرسانی دادوەری و حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر بەڕێوە نەبردنی داواکاریەکانی دەستی دایە مانگرتن.

لە حەوتوی ڕابردوودا هێزە لیباس شەخسیەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە له رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان کردوە بە قۆڵبەست کردن و ڕاوەدوونان و بانگهێشت کردنی هاووڵاتییانی شاری سنە .

لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوو بەندکراو بە ناوەکانی (ع-ئی) و (ب-؟) تووشی نەخۆشی سیل بوون و ماوەی پتر لە مانگێکە کە لە ژووری جیاوازدا ڕادەگیرێن.

هەواڵنێرێکی کوردی دانیشتوی کرماشان و لانی کەم سێ شارۆمەند لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست بەسەر کراون.

ڕامین حسێن پەنایی ، زیندانی سیاسی کورد کەسەرەتای پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراوە لەم ڕۆژانە لە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕادەستی سپای پاسداران کراوە ودۆسیەکەی نێردراوەتەوە بۆلقی یەکی دادگای شۆڕش.

کۆلبەر و کرێکاران

شەممە۹ی خەزەڵوەر کرێکارێک بەناوی “رەزا مورادی”بە هۆی نەبونی کەرەستەی بەرگری وستاندارد لە داربەست(ئەسکەلە) دەکەوێتە خوارەوەو بریندار دەبێت، ناوبراو پاشگەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی “کەوسەر”ی شاری سنە پاش چەندد کاتژمێر گیانی لەدەست دەدات.

کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی ڕەسوڵ یوسفی ۱۳ ساڵان دانیشتوی شاری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکنجەی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لە دەستدەدات.

دووشەممە ۱٥ خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی سەردەشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە سنووریەکانی سەردەشت بە هۆی داکەوتن لە شاخەوە بە گرانی بریندار بوو .

نەبوونی خزمەتگوزاری و کەرتی تایبەت وزۆر بونی رێژەی بێکاری لە بیجاڕ.

پێنەدانی پاشەکەوتی مووچەی پترلە ۵ مانگی کرێکاران و ئەندازیاران نەخۆشخانەی نوێی سەقز.

کرێکارانی شارەوانی شاری کامێران سەر بە پارێزگای سنە ماوەی چوار مانگە موچەیان وەرنەگرتوە.

گیان لە دەست دانی ۱۵ کرێکار لە پارێزگای کرماشان لە شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵدا.

دووشەممە ۲۲ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ی هەتاوی کاسبکارێکی کورد بەناونیشانی”نەژاد محەممەدی” لەنەخۆشخانەیەک لەشاری سنە کەنێزیک بە۳مانگ پێشتر لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتەقەی ڕاستەوخۆ بریندار کرابوو گیانی خۆی لەدەست دا.

کوژران و بریندار بونی سێ کۆڵبەری کورد لە پیرانشار

سێشەممە ۱ی سەرماوەزی۱۳۹۶ی هەتاوی بەهۆی تەقینەوەی مین کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بەناونیشانی”شێرکۆ” لەناوچەی “کانی زەردە”ی سەربە شاری سەردەشت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پایەکی لەدەستدا.

لەکۆتایی مانگی خاکەلێوەوە تاکۆتایی خەزەڵوەری ئەمساڵ ۴۳۳ جار کۆڵبەرانی کورد لەلایەن هێزی چەکدار و قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە، گیانیان لەدەست داوە یان بریندار، کەمئەندام ،دەسبەسەر، غەرامە، حوکمی گیران وسوکایەتیان پێ کراوە.

۳۰ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ی هەتاوی کۆڵبەرێکی کورد بەناونیشانی”سمایل جەباری” تەمەن ۱۹ساڵ تەمەن لەناوچەی سنووری سەڵماس بەهۆی ڕاوەدونانی لەلایەن هێزە سنوورییەکانەوە لە هەڵدێرێک دەکەوێتە خوارو سەری بەگرانی بریندار دەبێت.

بەهۆی وەرگەڕانی ماشێنێکی ئیستەیشێن لەڕێگەی بانە ــ ئارمردە، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری بانە گیانی لەدەستدا. بەگوێرەی هەواڵەکە، کە تۆڕی هەواڵگریموکریان بڵاوی کردۆتە ماشێنە وەرگەڕاوەکە هەڵگری ۷ کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بریندار دەبن، یەکێکیان گیانی لەدەستدەدات.

کرێکارێکی خەڵکی جوانڕۆ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەناونیشانی “مەجید مەولایی” کوڕی ڕۆستەم لەکاتی جێبەجێ کردنی هەوڵی ڕۆژانەی کاری خۆیدا بەهۆی تەقینەوەی بتڵی گاز گیانی لەدەست دا.

پێنج شەممە ۹ی سەرماوازی ۲۷۱۷ی کوردی تەرمی کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی”هیوا مستەوفی” لە ڕێگای “کێلە شین” لە ناوچەی گوندی میر ئاوای شاری شنۆ لە لایەن خەڵکەوە دۆزرایەوە.

بەهۆی کەوتنە نێو بۆسەی هێزەسنوورییەکانی ئێرانەوە ،کەلەودا کۆمەڵێک کۆڵبەر هێرش وتەقەیان لێکراوە ،کۆڵبەرێک بە ناونیشانی حەسەن مورادی خەڵکی پیرانشار گیانی لە دەست داوە هەروەها دو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ڕەحمان مەحموود نەژاد و سمکۆ ئەحمەدی بریندار بوون.

تەقینەوەی مین

لە ۶ مانگی دەسپێکی ئەمساڵدا، ۲٤هاوڵاتی کورد وکارمەندانی خاوێن کەرەوەی گۆڕەپانی مین بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مین بریندار یان تووشی شەپۆلی مین هاتوون وهاوڵاتییەکی کوردیش گیانی لەدەست داوە.

تەقیەوەی مین لە رۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی تر کارەسات دەخولقێنێت. لە کارەساتی تەقینەوەی مین لە ناوچەی “کانی خودا”ی سەربە شاری پیرانشار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “لوقمان واحدی ” بە توندی بریندار بوو.

ژنان، خۆکوژی و کوشتن

توندوتیژی و دەست درێژی بۆ سه‌ر ۱۵ میلیۆن ژن لە جیھاندا.

۱٦ی خەزەڵوەر لاشەی پیاوێکی ٥۰ ساڵان لە کاتێکدا لە شەقامی ۲۰ مەتری بۆکان دۆزرایەوە کە بە هۆی هەڵواسینەوە گیانی لە دەستدابوو . شەوی ڕابردوو هەر لەو شارەدا بە شێوەیەکی گۆماناوی جەستەی ژنێکی ۲۷ ساڵان لە شارۆچکە فەرهنگیان لە بۆکان دۆزرایەوە.

چوارشەممە، کوڕێکی مێرمنداڵی تەمەن ۱۵ساڵ لەشاری “ئاشخانە”ی سەر بە خۆراسانی(شمالی) پەتی بەخۆی هەڵخست وکۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

هەینی ۱۹ی خه‌زه‌ڵوه‌ر، لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری دێهڵۆڕان کچێکی تازە پێگەیشتو بەدەستی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ئەکوژرێت.

کچێکی تەمەن ۱۹ ساڵان لە شاری بانه لە رۆژھەڵاتی کوردستان به ناوی “شەبنەم خدری” به هۆی نەداری و نەبوونی بژێوی ژیان دەستی داوەتە خۆکوژی و گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی خەزەڵوەری ئەمساڵ ،کچێکی سێزدە ساڵانبە ناوی”تانیا ابراهیمی “ لەڕێی خۆهەڵواسینەوە، لە شاری سەردەشت دەستی داوەتە خۆکوژی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

۱۹ی نوامبەری ۲۰۱۷ی زایینی لە شاری لینکلۆن لە وڵاتی بەریتانیا لاوێکی کورد بەناوی “هەرێم”خەڵکی شاری هەولێری سەر بە باشوری کوردستان لە بەندیخانەی شاری لینکلۆن دەست دەداتە خۆکوشتن و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت.

دووشەممە ۲۹ی خەزەڵوەری ساڵی۱۳۹۶ی هەتاوی پیاوێک بەتەقەی فیشەک هاوژینەکەی خۆی کوشت.

کچێکی تەمەن چوار ساڵان لە شاری کەرکوک لەلایەن باوکیەوە کوژرا بەپێی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان، کچێکی چوار ساڵان لە سنووری ناحیەی رێدار (شوان) بەهۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن باوکییەوە گیانی لەدەستداوە.

لە شاری دێولانی سەربە پارێزگای سنە ژنێکی تەمەن بیست و یەک ساڵان بە بەناوی «ئەمیرەجەهانگیری» بە هەڵواسینی خۆی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

خوێندکارێکی کوردی زانکۆی تەکنیکی(فنی)شاری سنە بەناونیشانی “سەعید خالدیان” لەتونێلی سەڵوات ئاو بەڕژاندنی بەنزین بەجەستەی خۆیدا ئاگری لەخۆی بەردا وکۆتایی بەژیانی هێنا.

خۆکوژی کچێکی ۱۶ ساڵ تەمەن لە ورمێ.

بێکاری

ڕێژەی زۆری تەکسییەکان لەشاری سنە بەهۆی هەڵکشانی قەوارەی بێکاری.
بێکاری ۳۵ لەسەتی وپلەی سێی نەبوونی ئیش وکار لەئێران بووە بەبەشی گەنجانی پارێزگای ســــنە.

پێنەدانی مووچه‌ی ۳مانگ پاشەکەوتی کرێکارانی شارەوانی ســــــنە.

رێژەی هەژاری لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لە هەڵکشان دایە/۱۲ میلیۆن کەس لە هەژاری دا دەژین

دەرکردنی سەدان کرێکاری کارخانەی دەستەوانەی حەریری ورمێ لەسەرکار

شارەواری مەریوان زیاتر لە ١٥٠ کرێکاری گرێبەستی خۆی لەسەر کارەکانی دەر کرد.

 

مندالان

۱۲۰ هەزار منداڵی خوار ۶ ساڵ تەمەن تووشی به‌د خۆراکی(سوء تغذیە)ن لەئێران وڕۆژهەڵاتی کوردستان.

چوار شەممە ۱۶ی خەزەڵوەر سێ کۆرپەلەی ساوا کە سیانە دەبن لە کۆڵانەکانی شاری بۆکان دەدۆزێنەوە و دەیانگەیەننە نەخۆشخانەی ئەو شارە.

بەرپرسی گشتی کۆمیتەی فریاکەوتن (کمیتە امداد)ی پارێزگای ورمێ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەری بڕیووە نێزیک بە ۷۰۰ منداڵ کە تەمەنیان خوار ۵ ساڵە لەناوچە بێبەرییە سنوورییەکان تووشی گەندە خۆری (سوء تغذیە)ن.

گردبوونە و نارەزایەتی شارومەندان

۱۴ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ی هەتاوی، کۆمەڵێک لەکرێکارانی سنووری باشماخی مەریوان دەستیان دایە گردبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین.

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی قوتابخانەکان،کرێکاران وخەڵک،لەبەیانییەیەکدا لەناڕەزایەتی دژبە دەسبەسەری مەحموودی ساڵحی چالاکی کرێکاری کە هەنووکە نەخۆشە وپێویستی بەچاوەدێری خێرای پزیشکی هەیە،خوازیاری ئازادی ناوبراو بوون.

گردبوونەوەی کرێکاران وفەرمانبەرانی شارەوانی سەوڵاوا بەهۆی وەرنەگرتنی ۷مانگ مووچەی پاشەکەوت ودوو ساڵ نیوو زێدەکاری.

مووچەی فەرمانبەران وکرێکارانی شارەوانی ســـنە بۆچەندد مانگێکە نەدراوە کەتەنانەت لەهەندێ لە ئۆرگانەکانی شارەوانی پاشەکەوتی حەقدەس گەیشتووە بە ۷مانگیش. گرووپێک لە ستافی شارەوانی پێیان ڕاگەیاندووین کە؛ مووچەکەیان بۆدوو مانگە دواکەوتووە.

شەممە ۲۰ی خەزەڵوەری ۱۳۹٦، کۆمەڵێک لە کرێکاران شارەوانی بەشی دووی قۆشاچای میاندواو کۆبوونەوەی ناڕەزاییان لە بەرابەری فەرمانداری ورمێ ڕێخست.

گربوونەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی بوومەلەرزە دیتوو لەبەردەم قایمقامیەتی سەرپێڵ زەهاو

بێ بڕوایی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە دابەش کردنی یارمەتیەکان بۆ سەر لێقەوماوانی بومەلەرزە لە لایەن رێکخراوە و هێزەکانی حکومەتی ئێرانەوە.

 

ژینگە

سیاسەتی زەوی سووتاو/ زۆرترین ڕێژەی ئاگرکەوتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

خزمەتگوزادری و نادادپەروەری

دیاردەی زبڵگە گەڕی لە زۆربەی شارەکان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژ لە دوای رۆژ روژ پەرە دەسێنێت و حکومەت و بەرپرسانی هیچ چەشنە رێگا چارەیەکی ئەوتۆیان بۆ بنە بڕ کردنی ئەم دیاردەیە لە بەرچاو نییە.

ئازاری جەستەیی خویندکارێک لە شاری بجنوورد بوبە هۆی بوراندنەوەی خوێندکارەکە و پاشان بە مەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشخانە دەگواسترێتەوە.

داگیرکردنی زەویە گشتیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سپای پاسداران و ناودنگەلی دیکەی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران.

ەکشەممە ۱٤ی خەزەڵوەر، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرا لەەیوان هەڵیان کوتایە سەر ماڵی هاوڵاتیان ودەستیان دایە کۆکردنەوەی دیش وئانتێنی سەتەلایتەکان.

خامنەیی رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن سکرتێری گشتی کۆنفدراسیۆنی نێونەتەوەیی پێکهاتەکانی کرێکاری بەرەو روی رەخنە بوەوە.
بێ بەش بونی هاوڵاتییان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لە شارەکانی رۆژهەڵات.

قەدەغەکردنی ناوی کوردی لەسەر یەکەیەکی پیشەیی.

کەمی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە شوێنە بۆمەلەرزەلێدراوەکان.

رێژەی قوربانیان و خەسارەکانی بومەلەرزەكەی کرماشان رووی لە زیاد بوونه.

دابین نەکردنی یارمەتیە سەرەتاییەکان بۆ گوندکانی ناوەندی بوومەلەرزە لێدراو لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

ئێران جیاوازی دەخاتە نێوان لێقەوماوانی بومەلەرزە و هاوکاری لێقەومانی یارسان ناکات.

۸۰۰ئامبوڵانس بۆ زیارەتچوانی چلە(اربعین) و۱۰۰ئامبۆڵانسیش بۆ ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان.

ئێران پێش بە یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان دەگرێت بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەی کرماشان.

مۆڵەتی ناشتنی ۳۰۰هەزار تمەنی پزیشکی یاسایی بۆ گیان بەخت کردوانی بوومەلەرزەی کرماشان.

لەشاری سەلاسی باوەجانی ژنێکی تەمەن ۶۰ ساڵ لەبوومەلەرزە لێدراوانی ئەم شارە بەهۆی هەڵمژینی گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن لەنێو خێوەت تووشی خەفەبوون بەگاز بوو وگیانی لەدەست دا.

کۆماری ئیسلامی لە پشودا بەسەر دەبات/ بارودۆخی ناوچە بوومەلەرزە لێ دراوەکان قەیراناوی و نالەبارە

پاش تێپەڕینی نزیک بە دە رۆژ گرفتەکانی لێقەوماوانی بومەلەرزەکە چارەسەر نەکراون

ئاوی شاری “گێڵان‌غەرب” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خواردنەوە نابێت

برینداربوونی ۵دەسفرۆش لەهۆی هەڵمەتی دەست وپێوەندییەکانی شارەوانی شاری سنە

کردنەوەی قوتابخانەکانی کرماشان ، هاوکات پڕوپاگەندەی ئایدۆلۆژیکی – سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران

دوایی تێپەر بوونی زیاتر لە 40ساڵ لە هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران خزمەت گۆزارییە سەرەکییەکانی ئاو ئاوەرۆ و رێگاوبان و قوتابخانە بووەتە هیواێکی بەدینەهاتوو. خەلکی شارو شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئیستاکەش لە دۆخێکی نالەباردا ژیان دەکەن و کەمترین خزمەتگوزاری بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان ئەنجام دراوە.

حکومەتی ئێران: ئەو لێقەوماوانەی کابینەیان پێدراوە هاوکاریان ناکرێت بۆ چاککردنەوەی خانووەکانیان.

باکوری کوردستان

پۆلیسی تورکیا لە چەند شارێکی تورکیا و باکوری کوردستان هەڵیکوتایە سەر ماڵان و دەیان ئەندامی هەدەپە و دەبەپەیان دەستگیر کرد.

دادوەری دادگایەکی تورکیا سزای ١٠ ساڵ زیندانی بە سەر سەلما ئیرماک، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلانی شاری جولەمێرگدا سەپاند.

پۆلیسی تورکیا لە ئامەد باکووری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر بەڕێوەبەری پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و خۆی و دایکی و براکەیان دەستگیرکرد.

پۆلیسی تورکیا لە بەردەوامی گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ئوزتورک تورکدۆغان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیەیان لە شاری ئانکارای پایتەختی تورکیا قۆڵ بەست کرد و بۆ جێگایێکی نادیار گوازراوەتەوە.

پۆلیسی تورکیا لە شارەکانی ئەدەنە، ئستەنبول، ئامەد، سەمسور، بورسا و ئیلەح، هەڵیکوتایە سەر ماڵان و چەندین کەسیان دەستگیرکرد.

٢٥٠ پارێزەر لە تورکیا جارێکی دیکە بە مەبەستی چاوپێکەوتن لە گەل عەبدوڵا ئوجالان رێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لە دورگەی ئیمڕاڵی سبەینێ سەردانی دادگای کۆماری بۆرسا لە تورکیا بکەن و داواکارییەک بۆ بینینی ئۆجالان ئاراستەی دادگا دەکەن.

سەرەڕای ئەو کێشەو گرفتانەی کەبەهۆی بوولەرزەی گرانەوە لەکرماشان هاتونەتە ئاراوەگرفت وهەڕەشەی گیانی بەهۆی ئاگر وپڕوکان بەگاز وبابەتگەلێکی لەوچەشنە هێشتا داوێنی خەڵک خەسارێگەیشتوووزامداری کرماشانی بەرنەداوە.

زیندانیانی سیاسی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیا هاوکاریان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزکە کۆکردەوە

کەمال ئۆزەلمالی، ماوەی ٣٠ ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە، بەهۆی نەخۆشیی عەسەبیی ‘ڤەرنیکە کۆرساکۆڤ’-ەوە ئازاردەچێژێت، بەڵام لەلایەن زیندانەوە هیچ هەوڵێک نادرێت بۆ چارەسەرکردن یان کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکەی.

هێزەکانی پۆلیسی تورکیا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاوڵاتیان لە شاری وان-ی باکوری کوردستان و ١٥ هاوڵاتیان دەستگیرکرد، کە ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان و پارتی هەرێمە دیموکراتییەکانن.

لە پێنج شارۆچکەی سەر بە پارێزگای مێردینی باکوری کوردستان، ١٤ هاوڵاتی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکران.

به پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ٤٢ گوندی سەربە شارۆچکەکانی فارقین ، هەزرۆ، کاراز، پاسوور و لیجەی سەربە شاری گەورەی ئامەد لە باکووری کوردستان قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندرا.

باشوری کوردستان

تورکیا ھێرشی کردە سەر بادینان و بە رێگای فروکەی شەرکەر بۆردوومانی دەکات.

بە هۆی مەترسی گیانی رۆژنامەنووسانی کەرکووک لەو شارە کۆچ دەکەن.

تەقینەوەیەک لە دوزخورماتوو ڕوویدا/ ٢١ کەس کوژران و ٩٠ی دیکەش برینداربوون

ئیتر

هاوکاری و هێرشی ئێران و تورکیا بۆسەر هێزەکانی کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.

۱٦خەزەڵوەر پۆلیسی سۆید هێرشی کردە سەر ناوەندی ئارین تی‌ڤی لەو وڵاتەدا و کارمەندانی ئارین تی‌ڤی لە ژورێکدا دەسبەسەر کردوە.

پشکنینی موبایلی شارۆمەندانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە

بە هۆی پێشێلکاری مافی مرۆڤ، نەتەوە یەکگرتوەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیارنامەیەک پەسەند دەکات

پۆلیسی ئەڵمانیا هێرشی کردە سەر چالاکوانانی کورد لە کاتێکدا بۆ پێشوازیکردنی پاسی کتێبخانەی کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان گرد ببوونەوە.

لە دوایدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ وەرگرتنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێ شێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

 
به‌روار:  01/12/2017
708   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   1123
کۆی سه‌ردان:   29236864