پنتاگۆن: پێدانی چەک بەکوردەکانی سوریا دەکەوێتەوە سەر پێویستی بەرەکانی شەڕ
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت پێداچوونەوە بەپێدانی چەک بەهێزە کوردییەکانی سوریا دەکات و ئەو بڕیارە دەکەوێتەسەر پێویستی بەرەکانی شەڕ.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا رایگەیاند کە پێداچوونەوە بەبڕیاری پێدانی چەک بە هێزە کوردییەکانی سوریا دەکات کە واشنتۆن پاڵپشتیییان دەکات.

بەڵام وەزارەتەکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەوەی بڕیاری راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئەو ‌هێزانە بدات و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئەو بڕیارە دەکەوێتەوە سەر پێویستی بەرەکانی شەڕ.

ئێریک پاهۆن وتەبێژی پنتاگۆن لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئێمە پێداچوونەوە بەپاڵپشتی سەربازیی هاوبەشە کوردەکانمان دەکەین ئەوەندەی کە پێویستبێت بۆ تێکشکاندنی داعش و هەوڵەکانی سەقامگیریی بۆ رێگرییکردن لەگەڕانەوەی داعش."

پێشتر و لەرۆژی هەینیدا، دەسەڵاتدارانی تورکیا رایانگەیاند کە سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ هاوتا تورکییەکەی رجەب تەیب ئەردۆغانی ئاگادارکردوەتەوە کە رێنمایی دەرکردوە بە پێشکەشنەکردنی چەک بۆ هێزە کوردییەکانی سوریا.

هێزە کوردییەکانی سوریا بە هاوبەشی لەگەڵ چەند لایەنێکی عەرەبیدا، بەشێکی زۆری خاکی باکوری سوریایان لەژێر کۆنترۆڵدایە و پاڵپشتی راستەوخۆ لەهاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا وەردەگرن.
خەندان
 
به‌روار:  28/11/2017
428   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   198
کۆی سه‌ردان:   29237388