یەکەم نەشتەرگەریی چاندنی سەر لە مرۆڤدا ئەنجامدرا
رووداو-سلێمانی

پزیشکان توانییان کەلـلەسەرێکی تەواو بۆ تەرمی مرۆڤێک بچێنن و ئەو پزیشکەش کە پێشووتر بەڵێنی دابوو دەڵێ بەو زووانە دەتوانن نەشتەرگەرییەکە لەسەر مرۆڤی زیندوویش ئەنجامبدەن.

سێرجیۆ کاناڤیرۆ، پزیشکی نەشتەرگەری ئیتاڵی، بەوە نێوبانگی دەرکرد کە بەڵێنیدا نەشتەرگەریی چاندنی کەلـلەسەری کەسێک بۆ سەر جەستەی کەسێکی دیکە ئەنجامبدات. ئێستا دەڵێ سەرکەوتنی پرۆسەی چاندنی کەلـلەسەر بۆ سەر تەرمەکە، دەریدەخات کەپلانەکەی ئەو سەرکەوتوو دەبێ.

کاناڤێرۆ دەڵێ سەرکەوتنی پرۆسە نوێیەکە دەریخست کە بیرۆکەکەی ئەو درووستە بۆ شیوازی پێکەوە لکاندنی دڕکەپەتک، هەستەدەمارەکان و بۆڕییەکانی خوێنی خاوەنی کەلـلەسەرەکە و خاوەنی جەستەکە. بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێستا، نەشتەرگەری لکاندنی کەلـلەسەر بە جەستەوە لانیکەم 18 کاژێری پێدەچێ.

کاناڤێرۆ دەڵێ من خاوەنی بیرۆکەی ئەو نەشتەرگەرییەم و ئەوەش ئاسانکاریی بۆ خۆم و تیمەکەم دەکات بەو زووانە نەشتەرگەرییەکە لەسەر جەستەی زیندووش ئەنجامبدەین.

لەگەڵ راگەیاندنی بیرۆکەکە، کەسێکی رووسی بەنێوی ڤالێری سپیریدۆنۆڤ ئامادەیی دەربڕیبوو ببێتە خۆبەخش بۆ ئەوەی کەلـلەسەری لەسەر جەستەی کەسێکی دیکە بچێنرێ، چونکە جەستەی ئەو لە مل بەرەو خوار ئیفلیج بووە.

رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئەمڕۆ یەکەم نێوەندی هەواڵ بوو کە ئەمڕۆ ئاشکرای کرد کەلـلەسەری مرۆڤ لەسەر جەستەی مردوو "سەرکەوتووانە" ئەنجامدراوە.

پێشووتر تیمەکەی کاناڤێرۆ توانییان کەلـلەسەری مشکێک لەسەر جەستەی مشکێکی دیکە بچێنن و بەو شێوەیە مشکەکە بووە خاوەنی دوو سەر، پاشان لەسەر مەیموون و دواهەمنجاریش لەسەر جەستەی مردووی مرۆڤ ئەنجامیاندا و بە گوتەی خۆیان ئەوەندەی نەماوە لەسەر مرۆڤی زیندووش ئەنجامی بدەن.

چەند نێوەندێکی پزیشکی هۆشدارییان داوەتە کاناڤیرۆ و تیمەکەی کە چاندنی کەلـلەسەر لەسەر جەستەیەکی بێگانە، لەوانەیە لێکەوتەی ترسناکی ئەوتۆی لێ پەیداببن کە لە مردن خراپتر بن و زۆر سەختە کەلـلەسەرەکە لەگەڵ جەستەیەکی جیاواز لە جەستەکەی پێشووی رابێت.

ئەو پیاوەی بڕیارە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا نەشتەرگەری چاندنی سەری بۆ ئەنجامبدرێت، ساڵی 2015 پێیگوترا كە كانوونی یەكەمی 2017 وادەی نەشتەرگەرییەكەیەتی، ئێستا روون نییە کە ئایا بەڕاستی لەو کاتەدا بۆی دەکرێیان دوا دەخرێ.

ڤالێری سپیریدۆنۆڤی تەمەن 30 ساڵان، نەخۆشییەكی بۆماوەیی دەگمەنی هەیە كە تێیدا ماسولكەكانی جەستەی دەپوكێنەوە و لە سەرەتای ئاشکراکردنی بیرۆکەکەی کاناڤیرۆوە رازیبووە بە نەشتەرگەرییەكە سەرەڕای هەموو مەترسییەكانی، هەرچەند هەندێک نێوەندی هەواڵ بەو دواییانە گوتیان رەنگە لە بڕیارەکەی پەشیمان ببێتەوە.

سپیریدۆنۆڤ كە شارەزایەكی بواری زانستی كۆمپیوتەرە لەبارەی بڕیارەكەیەوە لە هەڤپەیڤینێکی پێشووتریدا گوتوویەتی "كاتێك گەیشتمە ئەو بڕوایەی من بەشداریی كارێكی ئێجگار گەورە و گرنگ دەكەم، هیچ گومانێكم لە میشكی خۆمدا نەهێشتەوە و بڕیاری كۆتاییم دا"، هەروەها گوتبووی "تاكە شتێك هەستی پێدەكەم، هەستێكی خۆشە و پەلەی ئەنجامدانی پرۆسەكەمە، وەك ئەوەی ئامادەكاریی بۆ شتێكی زۆر گرنگ لە سەراپای ژیانم بكەم و شتەكەش ئەوەندەی نەمابێ رووبدات".

دكتۆر سێرجیۆ كاناڤێرۆ، پزیشكێكی نەشتەرگەری مێشك و دەماری ئیتاڵی، بڕیارە نەشتەرگەرییەكە لەسەر سپیریدۆنۆڤ ئەنجامبدات. پرۆسەكە ئێجگار ئاڵؤزە و رەنگە 36 كاژێری پێبچێت، هەروەك پێویستی بەوەیە سەری سپیریدۆنۆڤ و جەستەی كەسە بەخشەرەكەش لە پلەیەكی سارددا هەڵبگیرێن تاكو خانەكانیان بۆماوەیەك بەبێ ئۆكسجین بژین.
به‌روار:  19/11/2017
2631   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   94
کۆی سه‌ردان:   29219882