چەندین کوردی سوید کەسوکاریان لە بوومەلەرزەکە لە دەست داوە
بەهۆی بوومەلەرزەکەی دوێنێ شەو لە هەرێمی کوردستان و شارە سنوورییەکان نێوان عێراق و ئێران چەندین کوردی سوید کەسوکاریان لە دەست داوە.
ئەنعام کەرەمی دانیشتووی گەڕەکی نۆڕتێلیە لە ستۆکهۆڵم، چوار کەس لە خزمە نزیکەکانی لە سەرپێڵی زەهاو لە دەست داوە، براژن، برازا، دایکی براژن و پورزایەک . دوێنێ شەو لە ڕێگەی گروپێکی بنەماڵەیی ڤایبێر بۆ یەکەمجار هەواڵەکەی بیستووە.
لەو بوومەلەرزەیەدا کە 7.2 پلەی ڕێختەر بەهێز بووە، زیانی ماددیی و گیانیی لێ کەتۆتەوە و بە پێی سەرچاوە مێدییاییەکان تا ئێستا 7 کەس لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و دەیانی دیکە بریندارن، جگە لەوەش چەندین خانوو و بینای کەلەپووری زیانیان پێ گەشتووە.
بەپێی زانیارییەکان ناوەندی بوومەلەرزەکە لە شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان و شاری کرماشان لە ئێران بووە. جگە لەوە پاشلەرزە گەشتۆتە چەند شارێکی دیکە لە عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا.
هەرچەندە تا ئێستا نازانرێت دروست زیانەکانی بومەلەرزەکە چەندە بووە بەڵام زەرەری زیاتر لە ناوچە کوردییەکانی سنووری نێوان عێراق و ئێران کەوتووە، لە شاری سەرپێڵی زەهاو کە سەر بە پارێزگای کرماشانە و زۆرترین زەرەری گیانیی لێ کەوتۆتەوە، ژمارەی قوربانیان بەزیاد لە 200 کەس مەزەندە دەکرێت، بە هەزاران کەسیش ماڵوحاڵیان لێ تێکچووە و ئاوارە بوون.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
بهروار: 14/11/2017
1560 جار خوێندراوهتهوه
|