پارەی ژمارەیەك بەرپرسی هەرێم بلۆك دەكرێت
شارپرێس:
تا دێت ناكۆكیی نێوان هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی ناوەندی بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر دەچێت بە‌هۆی پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە،‌ كە دواترینیان هەوڵێكە لەپەرلەمانی عێراقەوە بۆ ئامادەكردنی لیستێك لەناوی بەرپرسانی هەرێم بەتۆمەتی بەقاچاغبردنی نەوت بەمەبەستی بلۆككردنی پارەكانیان لەبانكەكانی وڵاتانی دەرەوەو گەڕاندنەوەی بۆ خەزێنەی بەغدا.

بەپێی بەڵگەنامەیەكی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، كە كۆپییەكی دەست هەفتەنامەی ״ئاژانس״ كەوتووەو ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاویكردووەتەوە،‌ لەیەكی ئەم مانگەدا سەمیرە موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە واژووی 69 پەرلەمانتاری كۆكردووەتەوە بۆ داواكردن لەتوركیاو ئەمەریكاو وڵاتانی ئەوروپا بۆ بلۆككردنی پارەی ئەو بەرپرسانەی هەرێمی كوردستان، كە بەپێی وتەی ئەو پەرلەمانتارە دەستیان لە بە "قاچاغبردنی" نەوتدا هەبووە.

بەپێی بەڵگەنامەكە ئەو داواكارییە بۆ ئەوەیە، كە ئەو پارانە بگەڕێنرێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی عێراقی‌و پاڵپشت بێت بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

جاسم بەیاتی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، كە نزیكە لەحەیدەر عەبادیی سەرۆك وەزیرانەوە لەو بارەوە وتی: ״ئەو پێشنیارە نێردراوە بۆ لیژنەی دارایی‌و یاسایی تا بڕیارێكی لەبارەوە دەربكرێت‌و لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت‌و دواتریش ئاڕاستەی دادگا دەكرێت بە‌مەبەستی دەركردنی بڕیاری بانگهێشت‌و دەستگیركردنی ئەو كەسانەی، كە لەبەقاچاغبردنی نەوتەوە گلاون‌و دواترش حكومەت ڕێوشوێنی خۆی دەگرێتە بەر״.

جاسم بەیاتی وتیشی: ״لەو لیستەدا چەندین بەرپرسی هەرێمی كوردستانی تێدایە،‌ لەوانە مەسعود بارزانی‌و هەندێك لەكوڕەكانی‌‌و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان‌و ڕێباز حەملان وەزیری دارایی‌و نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك‌و كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی״.

بەیاتی ئاشكراشیكرد، كە لەئێستادا حكومەتی عێراقی دەستیكردووە بەهەوڵەكانی بۆ گەڕاندنەوەی هەشت ملیار دۆلاری داهاتی نەوتی هەرێم لەتوركیا‌، ئەوە جگە لەوەی لێكۆڵینەوە لە 10 ملیۆن دۆلار دەكات، كە وەك بودجەی پترۆدۆلار دراوە بە پارێزگاری كەركوك".

ئەو هەنگاوە لەپاش ئەوە دێت، كە لە 27-9دا و دوو ڕۆژ دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان عەبادی ڕایگەیاند، كە وەزیری دوورخراوەی دارایی هەرێمی كوردستان ئاگاداری هەژماری پارەی هەناردەی داهاتی نەوتی هەرێم نییەو چەندین ڕێژەی زۆری نەوتی كەركوكیش فرۆشراوە بەبێ ئەوەی داهاتەكەی دیار بێت‌و داواشی لەدیوانی چاودێری دارایی‌و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تر كرد، كە لێكۆڵینەوە لەو دۆسییەیەدا بكەن.

هاوكات فالح خەزعەلی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: ״خێزان‌و خانەوادەی بارزانی تۆمەتباری یەكەمن لەپرسی بەقاچاغبردنی نەوت لەڕێگەی توركیاو ئێرانەوە، كە بەشێكی ئەو داهاتە دراوەتە ئەو وڵاتانەی لەڕێگەیانەوە پڕۆسەكە ئەنجامدراوە״.

فالح خەزعەلی وتیشی: ״دەبێت ئەو كەسانە سزا بدرێن، كە بەو شێوەیە یاری بەسەروەت‌و سامانی گەلانی عێراق دەكەن״و دەشڵێت: ״پێشتر نەوتی كەركوك‌و شێخان‌و زوممار لەڕێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەقاچاغ دەبرا بۆ توركیا״.

پێدەچێت حكومەتی ناوەندی تەنیا بەلێپرسینەوە لەو بەرپرسانەی هەرێمی كوردستانەوە نەوەستێت، كە تۆمەتباریان دەكات بە "قاچاغبردنی" نەوت بەڵكو كار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو پارانەش دەكات، كە لەسەر هەژماری تایبەتییان لەبانكەكانی دەرەوە هەیانە.

خەزعەلی وتی: ״پارەی داهاتی نەوتی هەرێم‌و كەركوك خراوەتە سەر هەژماری تایبەتی كەسی‌و بەشێكیشان خراونەتە سەر هەژماری كۆمپانیای وەهمی، یان سەرمایەدارانەوە،‌ كە سەرجەمیان پارەی خانەوادەی بارزانین‌و بەپێی ئەو زانیارییانەش، كە بە‌دەستمان گەیشتووە ئەو پارەیە لەساڵی 2003وە تا ئێستا زیاتر لە 40 ملیار دۆلاری ئەمەریكییە״.

ئەو ڕێوشوێنانەی بەغدا بەرانبەر بەپڕۆسەی هەناردەی نەوتی هەرێم‌و داهاتەكانی لە‌پاش ئەوە هات، كە توانی كۆنتڕۆڵی زۆرینەی ئەو كێڵگە نەوتییانەی ناوچە جێناكۆكەكان‌و كەركوك بكاتەوە، كە هەرێم كوردستان نەوتی لێوە هەناردەی دەرەوە دەكرد.

به‌روار:  09/11/2017
943   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   981
کۆی سه‌ردان:   29235718