قاچاخچییەكان پەنابەرانی كورد دەدەنە دەست پۆلیس
زامدار ئەحمەد
رووداو - زیندانی لۆبۆمێز، بولگاریا

ئەو قاچاخچییەی بەڵێنی بە سەركار ئەسوەد و هاوڕێكانی دابوو، نەیتوانی بەڵێنەكەی بباتەسەر و بیانگەیەنێتە ئەڵمانیا، بەڵكو لەنێو دارستانێكی بولگاریا جێیهێشتن، ئەوانیش وەكو كەسێكی سەرگەردان ملی رێگەیان گرتەبەر، بەڵام خۆیان لە زینداندا بینییەوە.

بەشێك لەو كۆچبەرە كوردانەی لە توركیاوە بەڕێدەكەون بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، هەر زوو دەكەونە بۆسەی پۆلیسی ئەو وڵاتانەوە، بە تایبەتی لە بولگاریا و رۆمانیا. كۆچبەران هۆكاری گرتنەكەیان بۆ ئەو قاچاخچیانە دەگێڕنەوە كە ناتوانن بیانگەیەننە شوێنی مەبەست. 

سەركار ئەسوەد، 18 ساڵ، دوای ئەوەی لە توركیاوە گەیشتە بولگاریا، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستگیر كرا و خرایە گرتووخانەی لۆبۆمێز لە سۆفیای پایتەخت. ئەو لە زیندانەوە چیرۆكی خۆی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: "دوای ئەوەی گەیشتینە توركیا، دوو هەفتە ماینەوە تاوەكو قاچاخچییەكمان دەستكەوت، وا رێككەوتین بە رێگەی وشكانی بمانگەیەنێتە بولگاریا، نزیكەی 30 كاژێر بەڕێوەبووین. كاژێر یەكی شەو گەیشتینە سۆفیای پایتەخت، لەنێو خاكی بولگاریا، تاوەكو گەیشتینە سۆفیا سێ جار ئۆتۆمبێلەكەیان گۆڕین، دواجار بەرەو ناوچەی قەرەجەكانی بولگاریا چووین و زۆر بەپەلە لە ئۆتۆمبێل دایانگرتین و نزیكەی 20 كەسیان خستە ژوورێكی بچووكی خانووی قەرەجەكانەوە. شەو لەبەر سەرما خەومان لێنەدەكەوت".

سەركار و هاوڕێكانی پەیوەندی بە قاچاخچیەكەوە دەكەن و پێیدەڵێن شوێنەكەیان زۆر خراپە و خواردن و خواردنەوەیان دەستناكەوێ‌، ئەویش بەڵێنیان پێدەدات كە رێبەریان بۆ بنێرێ‌ تاوەكو رێنوێنییان بكات بەرەو رۆمانیا.

سەركار دەڵێت: "قاچاخچیەكە پێیگوتین هەوڵ دەدەم هەر ئەمڕۆ بتانگەیەنمە رۆمانیا، بەڵام دوای سێ‌ رۆژ ئینجا كەسێك تەلەفۆنی بۆ كردین و گوتی ئامادەبن و كاژێر نۆی شەو بەڕێدەكەوین. ئێمەش بەپەلە خۆمان ئامادە كرد. تەكسی هات و بەرەو دەرەوەی سۆفیا لەگەڵی رۆیشتین. ئێمەی لەنێو دارستانێك دابەزاند و گوتی چاوەڕوان بن ئۆتۆمبێلێكی دیكە دێت لەدواتان. تاریكە شەوە و باران دەبارێ، تەواوی جەستەمان تەڕبووبوو، زیاتر لە 10 كاژێر چاوەڕێمان كرد، بەڵام كەس نەهات. بۆیە بەناچاری ئەو ناوچەیەمان بەجێهێشت و بەرەو پایتەخت گەڕاینەوە، بەڵام لە رێگا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراین".

سەركار كە خەڵكی پشدەرە، لە زیندان بۆی روون بووەتەوە كە قاچاخچییەكە خۆی هۆكاری دەستگیركردنیان بووە. سەركار گوتی "لەزیندان بۆمان دەركەوت كە قاچاخچییەكەمان رێبەری دەستنەكەوتبوو، بۆ ئەوەی ئێمەی پێ بفرۆشێ و بەرەو ڕۆمانیا بەڕێمانكات، لەبەرئەوە ئێمەی ناردە دەرەوەی شار تاوەكو دەستگیر بكرێین".

 گوتیشی: "هەندێك لەو قاچاخچیانە كاتێك كۆچبەر داوای گەرەنتییان لێدەكات بۆ ئەڵمانیا، دەڵێت بەسەرچاو و پارەی خۆی وەردەگرێ‌، بەڵام دواتر بۆ كۆچبەران رووندەبێتەوە كە ئەو قاخاخچییە تەنیا دەتوانێ‌ نەفەر بگەیەنێتە بولگاریا یان رۆمانیا، دواتر لەوێ‌ بە گرتنیان دەدات و لە كۆڵ خۆیان دەكاتەوە".

هەندێك لە كۆچبەران بە ئاشكرا هەستیان بە فێڵی قاچاخچییەكان كردووە و دەڵێن رێبەر و قاچاخچییەكان بە ئەنقەست كۆچبەران بەو شوێنانەدا دەبەن كە كۆچبەر تێیاندا بە ئاسانی دەستگیر دەكرێن. 

حەیدەر عومەر، دوو مانگ لەچاوەڕوانیدابوو تا بەڕێگەی ئاوی لە توركیاوە بەرەو ئیتاڵیا بڕوات، بەڵام ڕێكنەكەوت و بەناچاری رێگەی وشكانی بەرەو بولگاریا هەڵبژارد. كاتێك (رووداو) قسەی لەگەڵ حەیدەر كرد، لە زیندانی بولگاریا بوو، ئەو گوتی: "لەوكاتەی كوردستانم بەرەو توركیا جێهێشت، دەمویست بەڕێگەی ئاوی بگەمە ئیتاڵیا، بەڵام بەختم نەبوو، دوو مانگ لە توركیا چاوەڕێم كرد، چەندین قاچاخچیم گۆڕی، كەچی دەرفەتی رۆیشتن زۆر كەم بوو، لەبەرئەوە بە ناچاری بڕیارمدا بەڕێگەی وشكانی بەرەو بولگاریا بڕۆم".

حەیدەر كە تەمەنی 28 ساڵە، قەت ئەو رۆژەی لەبیر ناچێ‌ كە زۆر بە ئاسانی رێبەرەكەیان ئەوانی خستە نێو دەستی پۆلیسی بولگاریا، حەیدەر گوتی: "لە ئەستەنبوڵەوە بەرەو ئەدرنە رۆیشتین، لە ئەدرنەوە بەپێ بەڕێكەوتین تاوەكو چووینە سنووری یۆنان، 12 كاژێر لە سنووری یۆنان ماینەوە و رێمان كرد تا گەیشتینە سنووری بولگاریا، بە تەنیشت بنكەیەكی پۆلیسی بولگاریدا رۆیشتین، لەوكاتەدا پۆلیسی بولگاری بلاجیكتۆرێكی زۆر بەهێزیان لێدا و هاواریان كرد بوەستین. ئیدی خۆمان هەڵدایە چاڵاییەك و لەبەر تیشكی لایتەكە خۆمان ون كرد، رێبەرەكان گوتیان ئێوە لێرە بن كەمێكی دیكە دەڕۆین، ئێمەیان لەوێ بەجێهێشت و خۆیان زۆر بەخێرایی رۆیشتن. زۆری نەبرد پۆلیس هات و هەموومانی دەستگیر كرد".

حەیدەر پێیوایە رێبەرەكان بە ئەنقەست ئەوانیان بە نزیك بنكەی پۆلیسدا بردووە "بەڕاستی رێبەرەكان رۆڵی زۆر خراپیان هەبوو لەوەی ئێمە دەستگیر بكرێین، چونكە دەكرا لەدووریی دوو كیلۆمەتر لەو بنكەی پۆلیسە بڕۆین".

لاوێن عەبدوڵا، كۆچبەرێكی دیكەی كوردە و لە گرتووخانەی لۆبۆمێزە لە سۆفیا، ئەویش چیرۆكی دەستگیركردنەكەی بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: "بە دەردەسەری گەیشتینە بولگاریا، پێنج شەو لە خانووی قەرەجەكاندا ماینەوە. دەمەو نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجەم قاچاخچی ئاگاداری كردینەوە كە خۆمان ئامادە بكەین، تا بەرەو سربیا بەڕێمان بكات، لە خانووی قەرەجەكان ڕۆیشتین و لەنزیك سەنتەری شار ئێمەیان دابەزاند و گوتیان كەمێكی دیكە سەیارە دێت و دەڕۆن".

بەڵام لە جیاتی ئۆتۆمبێلی رێبەر، ئۆتۆمبێلی پۆلیس بەدوایاندا هات. لاوێن گوتی: "سێ كاژێر چاوەڕێی هاتنی سەیارەمان كرد، بەڵام لە ناكاو پۆلیس هات و دەستگیری كردین، دوای بەدواداچوون  بۆمان دەركەوت كە قاچاخچییەكەمان پۆلیسی ئاگادار كردووەتەوە و بە گرتنی داوین، چونكە ئەو پێیوابوو ئەو بڕە پارەیەی لەسەری رێككەوتبووین كەم بوو، دەبووایە زۆربەی پارەكە بداتە رێبەرەكان بۆ ئەوەی بمانگەیەنێتە سربیا، بۆیە پۆلیسی ئاگادار كردبووەوە و ئێمەی بە گرتن دا".
به‌روار:  03/11/2017
2478   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   502
کۆی سه‌ردان:   29248199