یەکگرن... ڕێککەون . بەسە خۆ خۆری
مالمۆکورد

هەرچی بارە گا هەیە 
هەرچی کورسی و پلە هەیە 
هەرچی پۆست و پایە هەیە 
بەلاوەی نێن...
وەرن...ئەتانبەم بۆ ماڵی شەهیدان 
دەستی گەرم و نەرم و ڕومەتی بێ نازی منداڵەکانی 
دەکەم بە شاهێد و دەیکەم بە وەیس و سوێندتان دەدەم..
سوێن بە یەزدان 
بە خالقی ئەرز و ئاسمان...
سوێن...سوێن...
بەخاک و ئاو و چیا و دەریا...
بە خوێنی ڕژاوی گشت شەهیدان 
بە حەق وەڵامم بدەنەوە 
وا لە پێش حزوری ویژدان پرسیار دەکەم
ئەوە چی ئەکەن؟ 
دەتانەوێ هەرچی هەیە لەت لەتی کەن؟ 
ناموسی میللەتێک هەڕاج بکەن؟
بۆ وا دەکەن؟ 
کامە شەیتان لە کۆڵتانە و نەقیزەتان دەدات
کام کوێخا لە گەڵتانە و هانتان دەدات؟
بۆ چی ؟
یە ک کوشتن یەک سوتاندن؟ 
پشت شکان و چاو شکاندن؟ 
سەدان ساڵە 
لەم زیندانە بۆگەنەی ڕۆژ نەهاتی ناوڕاست 
چاوەڕوانی هەناسەیەکین..
بۆ قومێک ئاو...لەتێک شەرەف...پارویەک ئازادی
وا هێدی هێدی...هەناسە دەدەین 
هێشتا چەپۆکی کۆستی کەرکوک لەسەرمانە 
هێشتا بۆنی مەرگ خوێنی شەهید لەدڵمانە...
بۆ وا دەکەن؟
دەستێک سەوز دەستێک زەرد و دەستێک نیللی
هاوار بکەن..
گشت ڕەنگەکانی تر بانگ بکەن...
گەر تۆزقاڵێک هیوا ماوە ...
لە مینبەری مزگەوتێک ...
سوڵحێک بکەن...
هەر لەوێ وە هاوار بکەن...
گشتمان براین...یان ئامۆزاین 
دەستە خوشکو دوانەی چیاین...
جەرگ سوتاوی یەک ڕێگاین
تێشومان خوێنی گەلە و 
دڵێکمان هەیە چوارلەت 
نەفرەت لە دوو...
بابژی یەک ...
با بژی یەک.....

ئاریان مامۆستا عوبێد 
کەرکوک
به‌روار:  30/10/2017
894   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   909
کۆی سه‌ردان:   29255678