نامە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و وەزیران و پەرلەمانی ئێراق
مالمۆکورد

بەرێز سەرۆک کۆماری عێراق
بەرێز سەرۆک وەزیرانی عێراق
بەرێز ئەنجومەنی نوێنەران عێراق
 
پاش درووستبوونی دۆخی جەنگ لەهەندێک لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخێکی ئاڵۆز ڕووبەڕووی ئەو ناوچانە بۆتەوە. چەندین پێشێلکاری مافی مرۆڤ،ترس و تۆقاندن بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی روویداوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران هاووڵاتی ئەو ناوچانە. سەرباری بوونی مەترسی لەسەر گیان و ماڵی ئەو خێزانانەی کەناوچەکەیان جێهشتووە، نەبوونی متمانەیەکی یاسایی و دەستەبەریی ئاسایش و پاراستنیان، مەترسی لای زۆربەی ئەو هاووڵاتیانە درووستکردوە کە لە جێگەکانی خۆیان ماونەتەوە.
ئاشکرایە ئەو دۆخە دەرئەنجامی ئەو ململانێ سیاسیەیە، کەلەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەندی بەغداد لەسەر گرفتە سیاسیەکان دروستبووە، پەیوەندیی بە هاووڵاتیانی سیڤلەوە نییە، لەکاتێکدا ئێستا تەنها زەرەرمەند و قوربانی ئەم جەنگە تەنها هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەسەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانەوە. ئەمەش سەرباری بوونی مەترسی هێزە چەکدارەکان لەخراپ مامەڵەکردن لەگەڵ هاوڵاتیان لەژێر ناوی نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاواز و سزادانیان، ڕوودانی چەندین پێشێلکاریی دژ بە مافەکانی مرۆڤ و بەسوتماکردنی هاووڵاتیان لەهەر رووبەرووبونەوەیەکی هێزەکاندا.
ئێمە لەرێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی داوای دەستبەجی بەدەمەوە هاتنی ئەو خێزانانە دەکەین، کە بەهۆکاری بوونی مەترسی و دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکانیان، ماڵەکانیان جێهێشتووە و ڕوویان لەناوچەکانی دیکە کردوە.
داواکارین لەبەرێزتان، تەنیا بەشێوازێكی ئاشتیبانە چارەسەری ململانێكانی نێوان لایەن ‌و هێزە نیشتمانی‌ و نەتەوەییەكانی عیراق بكەن،  دەستبەجێ فەرمان بەهێزەکان بکەن، کە دووربکەونەوە لەهەموو جۆرە توندوتیژییەک بەرامبەر بەهاووڵاتیان، لەهەرجۆرە پێشیلکارییەکی مافەکانی مرۆڤ و یاسای جەنگ دووربکەونەوە. ئەوانەشی پێشێلکارییان کردووە بەرامبەر هاووڵاتیان بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، دڵنیایی بدرێت بەهاووڵاتیان لەپاراستنی سەرو ماڵیان، ئاسانکارییان بۆ کرێت لە گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی خۆیان، ئاسایش و پاراستنی شکۆی سەرجەم ناوچەکانی عێراق بەبێ جیاوازی بپارێزن.
 
گروپێک لە ڕیکخراوە ناحکومییەکان
٢٣/١٠/٢٠١٧
کلیکی ئێرە بکە بۆ ناوی ڕێکخراوەکان

به‌روار:  23/10/2017
908   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   892
کۆی سه‌ردان:   29310203