هەموو جۆرە زۆرلێکردنێکی سێکسی لە سوید تاوانە
ئۆسا ڕێنگنێر وەزیری یەکسانیی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێدا پەیمانی خستنەکاری یاسای (samtyckeslagen) واتا یاسای ڕەزامەندیی دوولایەنەی دا.

- ڕێگنێر دەڵێت پێش سەری ساڵی نوێ وەزارەتی داد پێشنیازێک بۆ یاسایەک بە ناوی یاسای (Samtyckeslagen) دەنێرێت بۆ لێکۆڵینەوە، دواتر چاوەڕێ دەکرێت ئەو یاسا نوێیە لە هاوینیی داهاتووەوە کاری پێ بکرێت.

وەزیری یەکسانیی هەروەها دەڵێت کە بە نیازە لایەنە بەرپرسەکان لە بازاڕیکاردا بانگهێشتی گفتووگۆ بکات بۆ چۆنییەتیی بەرگرتن لە گێچەڵپێکردنی سێکسی لە شوێنی کاردا.

لە حاڵی حازردا ئەو یاسایانەی کە دژ بە تاوانی سێکسی هەیە تایبەتە بەو ڕووداوانەی کە کەسێک بۆ کاری سێکسی زۆری لێ کراوە و بە هەڕەشە و تووندوتیژیی ئەو کارەی لەگەڵ کراوە، بەڵام بەپێی ئەو پێشنیازە نوێیە کە لە ساڵی پارەوە گفتوگۆی لەسەرە و لەگەڵ هاشتاگی می توودا هاتۆتەوە بەر باس، داوا دەکرێت کە هەموو جۆرە کردارێکی سێکسی واتا بۆ نموونە وشە و هەڵسوکەوتێکی سێکسی کە کەسی بەرامبەر ناڕەعەت دەکات و کە بە ناڕەزایی کەسی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت دەبێت وەک تاوان چاوی لێ بکرێت، واتا مەرج نییە تووندوتیژیی و هەڕەشە بەکار هاتبێت.

ئان رامباری بەرپرسی گشتیی سەندیکای پارێزەران ڕەخنە لەم پێشنیازە نوێیە دەگرێت و دەڵێت جێبەجێکردنی یاسای لەو شێوەیە زەحمەتە لەبەرئەوەی خەڵکی تێڕوانینی جیاوازیان بۆ سێکس و پێناسی جیاوازیان بۆ دەسترێژیی و گێچەڵپێکردن هەیە هەر بۆیە زەحمەتە کەسێک بەو هۆیانە لە یاسادا حوکم بدرێن، ئەو لێکۆڵینەوەیەشی کە دەمێکە لەسەر ئەو پێشنیازە کراوە ئاماژەی بەو بەربەستانە کردووە.   

جێی باسە هەر دوێنێ بە هەزاران کەس لە شارەکانی سویددا دژ بە دەسترێژیی سێکسی و گێچەڵپێکردن بە ژنان خۆپیشاندانیان ساز دا، ئەمە وەک هاوپشتیی بۆ کامپینی (metoo#) کە بە هەزاران ژن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا باس لە ئەزموونەکانی خۆیان لە بێزارکردن و پەلاماردانی جنسی دەکەن. لە سەرەتاوە ئەو بزووتنەوەیە لە ئامریکا و بە دەسپێشخەریی ئالیسا میلانۆ بە بڵاوکردنەوەی توویتێک دەستی پێ کرد و ئێستا تۆرە کۆمەڵایەتیەکانی لە سەر ئاستی جیهان گرتۆتەوە و هەرووەها لە ئاستی سیاسیی و یاساداناندا کەوتۆتە بەر باس.
ڕادیۆکوردی سوید
به‌روار:  23/10/2017
4395   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   128
کۆی سه‌ردان:   29219916