کوردی سوید پرسەیەکی ماتەمینی بۆ مام جەلال بەرێوە دەبەن
 جەلال تاڵەبانی لە تەمەنی ٨٤ ساڵی دا لە وڵاتی ئاڵمانیا کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەیەوە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەریمی کوردستان لە سوید  بۆنەیەکی ماتەمینی لە نوێنەرایەتیەکەیان بەڕیوە دەبەن.

 دوێنێ رێکەوتی سێی ئۆکتۆبەر جەلال تاڵەبانی یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لە عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە تەمەنی ٨٤ ساڵی دا لە وڵاتی ئاڵمانیا کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەیەوە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەریمی کوردستان لە سوید رۆژی هەینی بۆنەیەکی ماتەمینی لە نوێنەرایەتیەکەیان بەڕیوە دەبەن.شۆرش قادر رەحیم نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید لەوبارەیەوە بە بەشی کوردی رادیۆی سویدی راگەیاند:
"هەموو کوردێک لە هەرچوارپارچەی کوردستان خەمگینن و ئێمەش بە نیازین یاداشتنامەیەکی بیرەوەری لە نوێنەرایەتیەکەمان ئامادە بکەین و رۆژی هەینی کاتژمێر ١٠ تا یەکی پاش نیوەرۆ دەرگا بۆ میوانەکان واڵا دەکەین و بەو مەبەستە نامە بۆ حیزبە کوردستانیەکان و سویدیەکان دەنێرین"

 لە لایەکی دیکەوە عومەر شێخموس هاوڕیی نزیک و لەمێژینە مام جەلال و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو پارتەی مام جەلال سکرتێری بوو لە وتوێژێکدا بۆ بەشی کوردی رادیۆی سوێد ئاماژەی بە رۆلی مام جەلال لە سیاسەتی کوردی و عێراقی کرد و بەو شێوەیە هاتە دوان:

"بێگومان ئەوە خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ گەلانی عێراق و بۆ گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، ئەو دەیتوانی هەموو کات رۆلی میانگێری و باشتر کردنی پەیوەندیەکان بگێڕێ، بە داخەوە ئەوە خەسارەتێکی گەورەیە لەو رۆژە سەختانەی کوردستان دا. مام جەلال ببوو بە هۆی نزیک بوونەوەی هەموو لایەنەکانی عێراق، بە کورد و عەرەب و تورکمان و لایەنەکانی دیکەشەوە"

سەبارەت بە پەیوەندیەکانی سوید و کوردستان لە ژێر کاریگەری کەسایەتیی مام جەلال دا عومەر شێخ موس باس لەوە دەکا کە مام جەلال یەکەم کەس بووە کە دەستەواژەی کوردستانی سوێدی داهێناوەو لە سالانی نەوەدەکان پەیوەندیەکانی لەگەڵ سوێدیەکان پێشکەوتنی بە خۆیەوە دیت بە تایبەت لەگەڵ پارتی سۆسیال دێمۆکراتەکان چونکە ئەوان لە لیژنەی بریاردانی  ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیالیست دابوون کاتێک یەکێتی نیشتمانی داوای ئەندامەتیی لەو رێکخراوەدا دا کرد.

هەروەها فرێدریک مالم ئەندام پەرلەمان لە سەر لیستی لیبرالەکان لە وتوێژێک دا لەگەڵ بەسی کوردی رادیۆی سوید دەڵت ئەمن مام جەلال وەک یەکێک لە دیارترین سیاسیەکانی چل ساڵی رابردوو دەبینم، هەروەها باس لە رۆڵی مام جەلال لە دووبارە بنیادنانەوەی عێراق دەکا لە دوای روخانی رێژیمی سەدام.

جێگەی باسە مام جەلال لە ساڵی ١٩٣٣ لە دایک بووە و لە نیوسەدەی رابردوو دا کەسایەتیەکی دیاری سیاسی لە کوردستان و عێراق  بووە، ئەو لە دوای سالی ٢٠١٢ ەوە رەوشی تەندروستی تێکچووە و ئەو ماوەیە لە ژێر چاودێری پزیشکی دابوو.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  04/10/2017
1241   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   663
کۆی سه‌ردان:   29257193