چەندین ئەندامی نازیستەکانی سوید دەستگیر کراون
زیاد لە بیست کەس لە ئەندامانی ڕێکخراوی بزووتنەوەی بەرهەڵستکاریی باکور لە دوای خۆپیشاندانەکان بەهۆی تووندوتیژییەوە دەستگیر کراون.

جێی باسە لە دوای ئامادەبوونی نزیکەی 500 کەس لە ئەندامانی گرووپی نازیستەکان لە بزووتنەوەی بەرهەڵستکاریی باکور (Nordiska moståndsrörelse) لە ڕۆژی شەممەی ڕابوردوو لە شاری یۆتۆبۆری بۆ خۆپیشاندان چەندین ئەندامیان بەهۆی ئەنجامدانی تووندوتیژییەوە دەستگیر کراون.

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە هەزاران کەس دژ بە خۆپیشاندانی ئەو ڕێکخراوە نازییە لە هەمان شوێندا واتا لە گۆڕەپانێکی لە ناوەڕاستی شاری یۆتۆبۆری، کۆ بوبوونەوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس بۆ بەرگرتن  و کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکە ئامادە بوون.

بەڵام بەهۆی تووندوتیژییەوە خۆپیشاندانی گرووپە نازییەکە هەر لە سەرەتاوە کۆتایی پێ هێنراو پۆلیس نەیهێشت لەو پارکی ئوتومبیلەی لێێ کۆبوونەوە بەرەوە شوێنی دیکە بڕۆن.

لە ئەنجامدا خۆپیشاندەرانی بزووتنەوەی بەرهەڵستکاریی باکور پەلاماری پۆلیس، دژە نازیستەکان و ڕۆژنامەوانانیان دا. بەو هۆیەوە چەندین کەس لە بەشداربووانی هەر دوو بەرەوەی خۆپیشاندەر دەستگیر کران کە زۆرینەیان لە گرووپی نازییەکان بوون.

لە هەمانکاتتدا چەندین ڕۆژنامەوان و سیاسەتمەدار سکاڵایان لای پۆلیس تۆمار کردووە بەهۆی ئەوەی کە لە خۆپیشاندانی نازییەکاندا وێنەکانیان کرابوونە ئەفیش لەسەرەوە ناویان نووسرابوو، ئینجا وێنەی کەسەکە و لە ژێر وێنەکەدا نووسرابووە تاوانکار.

جێی ئاماژەیە کە تا ئێستا پۆلیس بە دوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێت کە لەو خۆپیشاندانانەدا ئاژاوەیان ناوەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکەن کە گەر ڤیدیۆ یاخود وێنەی وایان لەلایە کە پۆلیس بۆ ئەو مەبەستە بتوانێت بەکاری بهێنێت، بینێرن بۆ دەستگەکانی پۆلیس.

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرن
به‌روار:  03/10/2017
1305   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   659
کۆی سه‌ردان:   29234048