ئەنجامی ڕاپرسییەکەی ھەرێم بە ڕەسمیی ڕاگەیەنرا
خەڵک-

کەمێک پێش ئێستا، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی بەرایی ڕاپرسییەکەی رۆژی 2017/9/25 ی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.

بە پێی ئەو ئەنجامانەی کۆمسیۆن بڵاوی کردنەوە، 72.16٪ ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەبووە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە، لەونیش 92.73٪ یان بە "بەڵێ" و 7.27٪ شیان بە "نەخێر" دەنگیان داوە.

کۆمسیۆن ڕایگەیاند: لە 5 پارێزگای باشوری کوردستان (هەولێر، سلێمانی، کەرکوک، دهۆک، هەڵەبجە) و شار و شارۆچکە کوردستانییەکانی سەر بە 3 پارێزگای عێراق (موسڵ، دیالە، سەلاحەدین)  و کوردستانیانی دەروەی عێراق، 4 ملیۆن و 581 هەزار و 255 کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدان هەبوو، لەو ژمارەیەش 3 ملیۆن و 305 هەزار و 925 کەس، واتە 72.16٪یان بەشداریی پرۆسەکەیان کردووە.

لە دەنگدانی ئەوانەش دەنگیان داوە، 170 هەزار و 611 دەنگ دوورخراونەتەوە، 40 هەزار و 11 دەنگیش پووچەڵکراونەتەوە، 9 هەزار و 368 دەنگیش بە سپی دراون.

بە پێی ئەو زانیارییانە، لە ڕاپرسییەکەی رۆژی 2017/9/25 دا، 3 ملیۆن و 85 هەزار و 935 دەنگ بە دروستی دراون، لەو ژمارەیە 2 ملیۆن و 861 هەزار و 471 دەنگ بە "بەڵێ" و 224 هەزار و 468 دەنگیش بە "نەخێر" دراون.
به‌روار:  28/09/2017
668   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   494
کۆی سه‌ردان:   29233001