قوربانییەکی شەڕی ناوخۆ بەناوی ڕۆستەم شەهید وەستا عەلی چەند رۆژێکە بێسەروشوێنە.
قوربانییەکی شەڕی ناوخۆ بەناوی ڕۆستەم شەهید وەستا عەلی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە پارتی و یەکێتییەوە لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک ماوەی چەند رۆژێکە بێسەروشوێنە.

ڕۆستەم شەهید وەستا عەلی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، ئەوەی ئەو لەبارەی مێژووی بەرپرسانی یەکێتی و پارتییەوە وتوویەتی ڕاستە و هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە رابردوویان هەڵدەداتەوە .

هەروەها دەشڵێت فەیسبوکەکەی هاک کراوەو بەوەش پارتی و یەکێتی و لایەنگرانیان تۆمەتبار دەکات بە هاککردنی.

هاوکات لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دیکەدا کەسێک بەناوی دلاوەر دەڵێت، بەڵێنی داوە ئەگەر لەماوەی ٧٢ کاتژمێردا ڕۆستەمی شەهید وەستا عەلی ئازاد نەکرێت ئەوا بەڵگە لەسەر بەرپرسانی یەکێتی بڵاودەکاتەوە کە "کۆنە بەعسی بوون بە تایبەت بەرپرسەباڵاکانى ئێستاى یەکێتى"، بەڵام کەسوکارەکەی پێیان وتووە کە جارێک بێدەنگ بێت.

ئەو کەسە دەشڵێت، فەرماندەیی گشتی لە سلێمانی بە کەسوکارەکەیان وتووە کە لەدەرەوەی وڵاتن ئەگەر قسە بۆ ڕاگەیاندنەکان بکەن ئەوا ڕۆستەم بە هیچ شێوەیەک دەرەوە نابینێت.

هاکات ئێن ئاڕ تی ئەو ڤیدیۆیەی ڕۆستەم عەلی بڵاوناکاتەوە بەهۆی ئەوەی هەندێک وشەی نەشیاوی تێدا بەکارهاتووە.

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی پەیوەندی کرد بە پۆلیسی سلێمانییەوە، بەڵام ڕایانگەیاند کە ئاگاداری ئەو ڕووداوە نین.

پێشتر ئێن ئاڕ تی لە بەرنامەی لە پەیامنێرانەوە ڕاپۆرتێکی لەسەر ڕۆستەم شەهید وەستا عەلی کردووە کە بریندارێکی شەڕی ناوخۆیە و لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت لە شەڕی ناوخۆدا برینداربووە و بەهۆیەوە بەشێک لە جەستەی کەمئەندام بووە.

ئاماژە بەوەش دەکات، پاش سێ مانگ لە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری لە ساڵی ١٩٩٧دا لە دۆڵی هیران لەبەردەم چەند دەبابەیەکی تورکیادا بە خەستی برینداربووە و هیچ هاوکارییەکى وەک پێویست نەکراوە و بەوهۆیەوە رەخنە لە دەسەڵاتدارانى حزبەکەى و حکومەت دەگرێت.

نالیا
به‌روار:  21/09/2017
593   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   4
کۆی سه‌ردان:   29252647