25 ساڵەی تیرۆرى سادق شەرەفکەندى سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکرات
سادق شەرەفکەندی سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران لە ١٧ى ئەیلولی ١٩٩٢دا لە لایەن یەکەیەکى تیرۆری ئێرانەوە لە ئەڵمانیا تیرۆر کرا. دادگاى ئەڵمانیا دواى ٥ ساڵ لێکۆڵینەوە خامنەئى و ڕەفسەنجانی و عەلی ویلایەتیى بە بڕیاردەری تیرۆرکردنى سادق شەرەفکەندی ناساندووە.

سادق شەرەفکەندی سکرتێرى گشتیى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، کە ١٦ى ئەیلولی ١٩٩٢ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ڕێکخراوی ئەنتەرناسیۆنالی سۆسیالیست سەردانى ئەڵمانیاى کردبوو، ڕۆژی ١٧ى ئەیلول لەگەڵ هەر یەکە لە فەلاح عەبدلی و هومایون ئەردەڵان و نوری دێهکوردی و ژمارەیەک لە ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى دانیشتنێک لە ڕیستورانتى میکۆنوس لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا ڕێکدەخەن و لەو کاتەدا لەلایەن یەکەیەکى تیرۆرى ئێرانەوە تەقەیان لێدەکرێت و سادق شەرەفکەندی و فەلاح عەبدلی و هومایون ئەردەڵان تیرۆر دەکەن.

چەند ڕۆژ دوای تیرۆرکە پۆلیسی ئەڵمانیا ئێرانییەک و دوو لوبنانی دەستگیرکرد، دواتر دەرکەوت ئێرانییەکە ناوی کازم دارابییە و  سەرپەرشتی تیرۆرەکەی کردوە و دوو لوبنانیەکەش کە سەر بە گروپی حیزبوڵڵا بوون و چوونەتە ناو رێستۆرانتەکەوە و تیرۆرەکەیان ئەنجامداوە.

دادگاى ئەڵمانیا ماوەى ٥ ساڵ لێکۆڵینەوەى لە دۆسیەى تیرۆرى شەرەفکەندى و هاوڕێکانى کرد و لە دواى گوێگرتن لە شایەتیدانى ١٧٠ کەس بڕیاریدا، کە عەلى خامنەئى ڕابەری ئێران، هاشمى ڕەفسەنجانى سەرۆک کۆمارى ئەو کاتى ئێران، عەلی ویلایەتى وەزیرى دەرەوەى ئەو کاتى ئێران و عەلى فەلاحیان وەزیرى ئەو کاتى ئیتڵاعات پلانى تیرۆرکردنى شەرەفکەندی و هاوڕێکانیان داڕشتووە.

تیرۆرکردنى شەرەفکەندى لە کاتێکدابوو، نزیکەى ٣ ساڵ پێش تیرۆرکردنەکەى شەرەفکەندى، عەبدولڕەحمان قاسملو سکرتێرى گشتیى ئەو حزبە لە کاتى دانوستان لەگەڵ شاندێکى ئێرانیدا لە شارى ڤییەناى پایتەختى نەمسا، لەلایەن شاندە دانوستانکارەکەى ئێرانەوە تیرۆکرا. 

کاتێک دادگاى ئەڵمانیا لە ڕۆژى ١٠ى نیسانى ١٩٩٧ دوابڕیارى خۆى لەبارەى دۆسیەى تیرۆرکردنى سادق شەرەفکەندییەوە دەرکرد، سەرجەم وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وەک ناڕەزایەتییەک بە تیرۆرەکە باڵیۆزەکانی خۆیانیان لە ئێران کشاندوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد.

لە سەردەمی سکرتێری شەرەفکەندیدا دوای چەند ساڵ شەڕ و ناکۆکی حیزبی دیموکرات پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئاسایی کردەوە و لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لە پەیوەندییەکی بەهێزدابوو.

هەندێک لەلایەنگرانی حیزبی دیموکرات پێیانوایە شەرەفکەندی توانیبووی جێگەی قاسملۆ بگرێتەوە، تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش هۆکاری تیرۆرکردنی شەرەفکەندی بۆ ئەوە دەگەرێننەوە کە ناوبراو هەوڵی لێکنزیکردنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داوە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆن لە دژی حکومەتی ئێران.

بەپێى بەشێک لە سەرچاوەکانی حیزبی دیموکرات، لە کۆبوونەوەکەی ئەنتێرناسیۆنال سۆسیالیستدا لە ئەڵمانیا جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەشداربووە و لە ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا تاڵەبانی بە شەرەفکەندی وتووە کە ئاگای لە خۆی بێت بەو پێیەی زانیاریان هەیە حکومەتی ئێران لە هەوڵی تیرۆرکردنیدایە.

بەشێک لە چاودێرانی ئێرانی پێیانوایە دوای ئەو بڕیارەی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ڕاگرتنى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران و کشاندنەوەى باڵیۆزەکانیان، حکومەتی ئێران کەوتبووە ژێر فشار و ئەمەش ڕۆڵی هەبووە لەوەدا کە حکومەتی ئێران ڕێگە بدا بە کاندیدبوونی محەمەد خاتەمی بۆ پۆستی سەرکۆماری، هەر دوای ئەوەی محەمەد خاتەمیش بووە سەرکۆمار وڵاتانی ئەوروپا باڵیۆزەکانیان گەڕاندەوە ئێران و پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.

کازم دارابی سەرپەرشتیارى تیرۆرکەى سادق شەرەفکەندی، لە دواى ١٥ ساڵ زیندانیکردن لە ئەڵمانیا ئازادکرا و گەڕایەوە بۆ ئێران و لەلایەن بەرپرسانى ئێرانەوە پێشوازیى لێکرا. ئەوەش ناڕەزایەتیى چالاکوانانى مافەکانى مرۆڤ و کوردەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستانى لێکەوتەوە.

سادق شەرەفکەندی لەساڵی ١٩٣٨دا لە گوندێکی ناوچەی بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی دۆکتۆرای لە بواری کیمیادا لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس تەواو کردبوو. دواتر گەڕاوەتەوە ئێران و لە تاران بووەتە مامۆستای زانکۆ، لە ساڵی ١٩٧٣ بووبوە ئەندامی حیزبی دیموکرات و لەساڵی ١٩٨٠شدا بوو بە ئەندامی سەرکردایەتیی ئەو حیزبە و دواتریش لە تەموزی ١٩٨٩دا دوای تیرۆری قاسملۆ بوو بە سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات.
نالیا
به‌روار:  18/09/2017
478   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   523
کۆی سه‌ردان:   29233742