ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان: بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم ئیدانە دەکەین

ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم ئیدانە دەکات و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتیوانییان بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنن لە بەرامبەر بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقدا بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

لە ڕاگەیەندراوێکیدا ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دژی مافی خەلکی کوردستانە، بۆ بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان و ئیدانەی دەکەن.

ناوەندەکە دەشڵێت "ئەمە هەمان سیاسەتی سەدەیەکی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقە دژی مافەکانی ئازادی و مافی خەڵکی کوردستان لە بڕیاردان لە چارەنووسی سیاسی کوردستاندا. ئەم هەڕەشەیەی پەرلەمان کە داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات هەموو کارێک دژی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان بکات نیشانەی دوپاتکردنەوەی هەمان سیاسەتی شەڕ و شۆڤینستی بەعس و ناسیونالسیتی عەرەبی یە کە جینۆساید و کیمیایی باران وئەنفالی کردوە".

داواش لە خەڵکی کوردستان دەکات دژایەتی خۆیان بۆ ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق بە پێداگریکردن لەسەر بەرپاکردنی ڕیفراندۆم و جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەڵام بدەنەوە.

هەروەها ناوەندی سەربەخۆیی کوردستان داواشیکردووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە دوژمنایەتی پەرلەمان و حکومەتی عێراق لەگەڵ خواست و مافی خەڵکی کوردستاندا ئاگابکرێتەوە و داوای هەڵوێستیان لێ بکرێت لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانەدا.

ڕۆژی ١٢ی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق دەنگی دا بە ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقی پابەندکرد، بە گرتنەبەری ڕێوشوێن بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق.
نالیا
به‌روار:  14/09/2017
466   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   369
کۆی سه‌ردان:   29227389