نەجمەدین کەریم دەڵێ یەکێتی نەماوە
لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ جێگری یەکەمی سکترێری گشتی یەکێتی، لە نێوان د. نەجمەدین کەریم ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری دەمەقاڵێیەکی توند روودەدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە سپی راگەیاند" دوێنێ چوار شەممە دوای کۆتایی هاتنی پرسەی پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی نازم کەرکوکی، هەریەک لە د. نەجمەدین و بافڵ تاڵەبانی و لاهوری شێخ جەنگی لەماڵی کۆسرەت رەسوڵ لە سڵێمانی دانیشتنێک سازدەکەن".

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو دانیشتنەدا گفتۆگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت کە سبەی واتە ٣١ ئاب رۆژی پێنج شەممە وەفدیك دروستبکەن بۆ سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان. لەو گفتوگۆیەدا هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و لاهوری شێخ جەنگی پێیانوابووە، کە ناکرێت وەفدی یەکێتی لە رۆژی ٣١ ئابدا کەرۆژی هێنانی سەدامە بۆ سەر شاری هەولێر و هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وەفدی یەکێتی سەردانی بارزانی بکات، بەلآم نەجمەدین کەریم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەکێتی نەماوە.
 
سەرچاوەکەی سپی ئەوەی خستە روو کە سەرەتای کێشەکان لە نێوان لاهوری شێخ جەنگی و د. نەجمەدین کەریم لەو قسەیەی د. نجمەدین کەریمەوە دروستدەبێت، کە لاهوری شێخ جەنگی وەلآمی دەداتەوەو دەڵێت" یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ نەماوە، ئەوە هەر یەکێتی نەبوو کە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگی لە دوا هەڵبژاردندا بۆ تۆ کۆکردەوە، تۆش خۆت لەسەر حسابی ئەو دەنگانە دەوڵەمەند کرد".

بەپێی زانیارییەکانی سپی کە لەو سەرچاوەیەوە وەریگرتووە لەو قسانەوە دەمەقاڵێیەکی توند لە نێوان د. نەجمەدین کەریم و لاهوری شێخ جەنگی روودەدات، کە پڕبووە لەهەڵچوون و هێرشکردنە سەر یەکتر.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو دانیشتنە بەوبارگرژیەی باڵی بەسەردا کێشابوو، کۆتایی هات.

لەنێو سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا لەسەر جێگرتنەوەی شوێنی تاڵەبانی و پرسی چاکسازی لە نێوخۆی یەکێتی و پرسی پەیوەندی لەگەڵ پارتی، کێشەی قوڵ لەو حیزبەدا بەدیدەکرێت، ماوەی سێ ساڵیشە ئەو کێشانە هەڕەشەی جدین لەسەر یەکێتی ئەو حیزبە.
سپی نیوز
به‌روار:  01/09/2017
2353   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   35
کۆی سه‌ردان:   29231270