داخستنی ئێن ئاڕ تی و بە خائینکردنی خەڵک سیمای دەوڵەتە کوردییەکەیە
نوسەرێکی کورد پێی وایە کە داخستنی کەناڵی ئێن ئاڕ تی و بە خائینکردنی سەدان هەزار کەس لەلایەن دەسەڵاتەوە سیمای ئەو دەوڵەتە تازەیە کە بەڵێنی درووستکردنی دەدەن.

مەریوان وریا قانع نوسەر و ڕووناکبیری کورد، لە نوسینێکدا دەڵێت " لە سەرێکەوە گۆرانی وتن بە ”ئەبو مەسرور“دا، لە سەرێکەوە با خائینکردنی سەدان ھەزار کەس، لە سەرێکی ترەوە داخستنی ئەو کەناڵ و میدیا و دەنگانەی بە فیکەی ئەوان ھاڵناپەرێت، ھەموو ئەمانە و زۆرێکی تری لەم قەبیلە و قوماشە، لەم سرینەوە ترسناکەی ھەموو دەرکەوتێکی پلورالیزم، سیمای ئەو دەوڵەتەیە کە بەڵێنی دروستکردنی ئەدەن".

ئەو نوسەرە دەشلێت "سیاسەتی کوردی لەوە کەوتووە یەک زەرە ئەخلاق و بەرپرسیارێتی تێدابێت، لەوە کەوتووە قابیلی ئەوەبێت بۆ یەک چرکە بەرگری لێبکەیت... ھەموو شتێک لە ھەڵسوکەوتی ئەم نوخبە سوڵتانیەدا بۆگەن و ترسناک و خوێناویە".

نوسینی ئەو ڕوناکبیرەی کورد لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوای ئەوەی پارتى لە ڕێگاى بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەى هەولێر پەخشى ناوخۆیى کەناڵى ئێن ئاڕ تى راگرت، پەخشی کەناڵەکە لە زۆنی سەوزیش ڕاگیرا.

ئەوە لەکاتێکدایە پارتى لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە هەولێر و بە بڕیارى مەسعود بارزانى و پارتی پەخشی ناوخۆیی کەناڵى ئێن ئاڕ تیى ڕاگرت.
نالیا
به‌روار:  29/08/2017
853   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   828
کۆی سه‌ردان:   29247259