تاكەی فریودان و شاردنەوەی راستییە تاڵەكان
مالمۆکورد
عادل موراد
لەڕۆژی ٤ ئازاری ٢٠١٤ كاتێك بەكارێكی تایبەت رێم كەوتە بەغدا و لەوێ چاوم بەسەرۆك وەزیرانی ئەوسای عێراق بەڕێز نوری مالكی كەوت، و توانیم پاش مشتومرێكی دۆستانە توانیم قەناعەتی پێ بكەم كەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كوردستان بۆ مانگی نیسان بنێرێت، و یەكسەر وەزیری دارایی ئەوسا بەوەكالەت سەفاوالدین ئەلسافی راسپارد كە بڕەكەی نزیكەی ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بوو بەهوێ كێشەی سیاسی و شەخصی ماوەی دوو مانگ بوو راگیرابوو، و سەركردایەتی سیاسی و حوكومی هەرێم لەداوی چەندین دانیشتن نەیانتوانیبوو بیگێڕنەوە، هەروەها توانیم قەناعەتی پێبكەم بەگێڕانەوەی شایستە دارییەكانی هەرێم و ئامادەیی خۆێ و حكومەتەكەشی بۆ گفتۆگۆی جدی بەمەبەستی چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نیشاندا.
بەڵام لەجیاتی ئەوەی كەستایش و دەستخۆشیمان لێ بكرێت، بەپێچەوانەوە روو بەرووی چەندین تۆمەت و قسەی تایفی نابەجێ كرامەوە كەبەداخەوە هەندێكیان لەلایەن كەسانێك دەكرا كەخۆیان بەدڵسۆزی خەڵك و لافی نیشتمان پەروەری لێ دەدەن.
من لێردا بەمافی خۆمی دەزانم بپرسم بۆچی سەردانێكی من بۆلای دۆستێكی دیرێن و هاوڕێی خەباتی ئوپۆزسیونی مام جەلال و یەكێتیی لەدژی رژێمی دیكتاتوری صەدام و دوای روخانیشی، بەخیانەت و خۆفرۆشی و نۆكەرایەتی لەقەڵەم بدرێت كەدەرئەنجامی باشیشی لێبكەوێتەوە، بەڵام راخستنی فەرشی سوور بۆ بەڕێز مالكی لەهەولێر و بەستنی هاوپەیمانیەتی و دەست لەناودەست كردن لە بەغدا پێش چەند رۆژێك و داوای پارەو پۆست و پلەی شەخسی و حزبی ببێتە بەیت و بالورەی راگەیاندنەكان و بەسەركەوتنی مەزن لەقەڵەم بدرێت، كەئەوساو ئێستاش هیچی لێ سەوز نەبوو نەتوانراوە هیچ جۆرە دەستكکەوتێك بۆ میللەتەكەمان لەبەغدا دەستەبەر بكرێت.
شاردنەوەی شكستی سیاسەت و ستراتیژی سەركردایەتی هەرێمی كوردستان لەسێ ساڵی رابردودا راستییەكی حاشا هەڵنەگرەو دەبێت خۆیان دانی پێدا بنێن، و داوای لێبوردن لەگەل و نیشتمان بكەن لەپای ئەو هەموو نەگبەتی و ناهامەتیانەی كەبەسەر میللەتیان هێنا لەچەند ساڵی رابردودا، بەبێ ئەوەی هێچ هوكارێك واقعی هەبێت بۆئەو هەموو شكستانە.
ئیستاش لەبری ئەوەی چاوێك بەسیاسەتە شكست خورادوكەیاندا بخشێننەوە، و لێگەڕێن میللەت بڕیار لەئاینەدەو شێوازی بەرێوەبردنی خۆی بدات، دەبینین لەچاڵێك دەرمان دەكەن و فڕەمان دەدەنە ناو بێرێكەوە، و لێناگەڕێن ئەم میللەتە خێر لەخۆنەدیوە ئاهێك هەڵبكێشێت و دەبێت هەردەم بناڵێنێت بەدەست سەركردایەتییەكی كاڵفام و كەم ئەزموون، و بوغراو خۆ بەزلزان، كەیاری كردن بە پیرۆزییەكانی میللەت و زۆرجار دۆڕاندنی بۆتە نەریتێكی باو لە لایان.
بۆیە دەبێت هەموومان بێ سڵەمینەوە و راست و رەوان پێیان بڵێین ئێوەی كەخەمی گەل و نیشتمانتان و ئاكاتان لە ئازار و مەینەتییەكانی خەڵك نەبێت، چیتر ناتوانن نوێنەرایەتی ئەم میللەتە بكەن و خەریكە ئەوەی كەبەدەستیشمان هێناوە بە قوربانی و خەباتی دەیان ساڵەی میللەتەكەمان لەساڵانی رابردوو زۆر بەئاسانی لە دەستی ئەدەین، وەك پێشینانیش وتویانە هەڵگرتنی بەردی زل نیشانەی نەهاویشتنیەتی. دەسەڵاتدارانی هەرێم پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی گرنگی وەك سەبەخۆیی و دروست كردنی دەوڵەت دوور لەهەموو رێڕەوە یاساییەكان و تەشریعییەكان بۆتە تاقیكرنەوەی چانس و بەخت و ناوچەوان لای ئەوان، و یان نازانن یاخود نایان نەوێت بزان كەمەسەلەیەكی وا چارەنوس ساز بەمەزاجی شەخصی و بەرد فعل نایەتەدی، بەڵكوو بەبەرنامەو پلانی درێژ خایەن و یەكخستن و كۆكردنەوەی نێو ماڵی خۆمان دێتەدی.
بهروار: 24/08/2017
646 جار خوێندراوهتهوه
|