سەدان پەنابەری فینلەندا بەرەوە سوید دێن
چەندین پەنابەر کە لە فینلاندا داواکانیان پەسەند نەکراوە بەنیازن بەرەو سوید بەڕێ بکەون.

نور داود وتەبێژی ئەو گرووپە پەنابەرە دەڵێت، ژمارەی ئەو کەسانە دەگاتە نزیکەی هەزار کەس ڕەنگە زیاتریش. کە بەنیازن لە سەرەتای مانگی داهاتوو واتا سێپتەمبەر بەرەو سنووری نێوان سوید و فینلاندا واتا هاپاراندا بە دیوی سویددا و تۆرنێۆ بە دیوی فینلاندادا بەرێ بکەون.  

ئەو پەنابەرانە بەنیازن سەرەتا دانووستانێک لەگەڵ پۆلیسی سنووری نیوان ئەو دوو وڵاتە بکەن تا دواتر بە پێ بێنە نێو خاکی سویدەوە و خۆیان بگەیەننە دەستگە پەیوەندیدارە سویدییەکان.

وتەبێژی ئەو پەنابەرانە هەروەها دەڵێت بەم شێوەیە دەمانەوێت ناڕەزایی بەرامبەر سیاسەتی کۆچی فینلاندا دەربڕین کە ئەو پەنابەرە عێراقییانەی داواکانیان پەسەند ناکرێت دیپۆرتیان دەکاتەوە. بەو هیوایەشن کە لە سویددا مافی پەنابەریی وەربگرن.

جێی باسە ئەم زانیارییانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆژنامە فینلاندییەکاندا بڵاو بۆتەوە و گوایا زۆرینەی ئەو پەنابەرانە عێراقین.

لیسا دانلینگ بەرپرسی مێدیا لە دەستگەی کۆچ دەڵێت ئەو زانیارییانەمان بدەست گەشتووە و لێیان دەکۆڵینەوە 

بەرپرسی میدیا لەدەستگەی کۆچ هەروەها دەڵێت دۆسییەی هەر کەسێک بەجیا کاری لەسەر دەکرێت و بەپێی ڕێساکانی بەیاننامەی دەبلین ئەو کەسەی لە فینلاندا داوای مافی پەنابەریی کردووە گەر بێتە سوید دەگەڕێندرێتەوە بۆ فینلاندا.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرن
به‌روار:  22/08/2017
2306   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   125
کۆی سه‌ردان:   29231360