فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم دەستپێدەكات..
مالمۆکورد

" شاخەوان مستەفا: لە 46 فیلمی فیستیڤاڵ، 35 فیلم لە پێشبڕكێ دادەبن"

وڵات بەیار

ئامادەكارییەكان بۆ (فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم) لەهەموو بەشەكانی بەڕێوەبردنی فیستیڤاڵ كۆتایی هات و هەروەك بڕیاریشە لەرۆژانی 26 تا 30 ئەم مانگە لە هۆڵەكانی (ئیمپایەر سینەما)ی هەولێری پایتەخت بەڕێوە دەچێت.

لە چوارچێوەی ئەو ئامادەكارییانەی كە ماوەی زیاتر لە چوار مانگە لەرێگەی بەش و لیژنەی جیاجیاوە بۆ بەڕێوەچوونی (فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم) بەڕێوەدەچێت، ئێستا كارەكانی ئەو لیژنەو بەشانە كۆتاییان پێهاتووەو هەروەك (شاخەوان مستەفا) بەڕێوەبەری فیستیڤاڵیش دەڵێت: كارەكانی ئامادەكردنی فیستیڤاڵ لەسەرجەم بەشەكان كۆتایی پێهاتووەو ئێستا ئامادەباشن بۆ سازدانی ئەو فیستیڤاڵە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا.

لەلێدوانێكدا، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ ئەوەشی ئاشكرا كرد كە : كۆی ئەو فیلمانەی بەشداری فیستیڤاڵ دەكەن بریتیین لە 46 فیلم لەهەموو بەشەكانی (درێژ و كورت و ئەنیمەیشن و دیكۆمێنتاری) لەناو ئەو فیلمانەشدا 35 فیلم دەچنە بەشی پێشبڕكێی فیستیڤاڵ و 11 فیلمیش لەبەشی نمایشی فیستیڤاڵ دان.

بەپێی زانیارییەكانیش میوانێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان میوانی فیستیڤاڵن و بەشێكی ئەو میوانانەش سینەماكار و هونەرمەندە دیارەكانی بواری هونەری سینەمای كوردین.

(فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی كوردستان بۆ فیلم) بە دروشمی (بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی) ماوەی پێنج رۆژ لە پایتەختی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت. وا بڕیاریشە دەستپێكی فیستیڤاڵ بە فیلمی (ئاڵای بێ وڵات)ی دەرهێنەری ناوداری كورد (بەهمەنی قوبادی) بكرێتەوە.
به‌روار:  22/08/2017
635   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   574
کۆی سه‌ردان:   29261059