خۆسەری دیموکراتی لە شنگال راگەیانرا
ڕۆژنیوز – شەنگال
 
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال، پرۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی ئێزدیخان-ی ڕاگەیاند و جەختدەکاتەوە، کە "داواکاریی کۆمەڵگای ئێزدی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتییە و ئەو داواکارییە ئەوەندە بۆیان گرنگە، کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نەبن".
 
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە شارۆچکەی شەنگال، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال پرۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی ئێزدیخان-ی ڕاگەیاند

لە پرۆژەکەدا، هاتووە:"کۆمەڵگای ئێزدی پاش فەرمانەکە بڕیاری خۆی داوە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی دابمەزرێنێت، پێویستە هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان بەباشی لەمە تێبگەن کە داواکاریی کۆمەڵگای ئێزدی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتییە و ئەو داواکارییە ئەوەند بۆیان گرنگە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نەبن".
 
هەروەها، لەیێک لە خاڵەکاندا هاتووە:"کۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ئێزدخان لە ژێر کۆنتڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دابمەزرێت، لەو کۆمیسیۆنەدا عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەکەکە و فیدراسیۆنی دیموکراتی باکوری سوریا نوێنەریان هەبێت".
دەقی پرۆژەکە
 
وەکو کۆمەڵگای ئێزدی لە بواری کلتور و باوەڕەوە لە کۆنترین کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، کۆمەڵگای ئێزدیی بە درێژایی مێژوو هێرشی قڕکردن و کۆمەڵکوژی بەسەرهاتووە بۆ ئەوەی لە خاکەکەی دەربکرێت و هەموو سەختییەکمان بە سەرهاتووە و هەموو جۆرە ئازارێکمان چەشتووە، پێویستە ئەمە بە بەواتا بنرخێندرێت، کە کۆمەڵگای ئێزدی سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانە ماوەتەوە.
 
 ئاینی ئێزدی کۆنترین باوەڕی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مرۆڤایەتییە، بە درێژایی مێژوو لەلایەن باوەڕوشکەکان و ئاین پەرستەکانەوە تا ئاستی نەژادکوژیی هێرشکراوەتە سەر کۆمەڵگای ئێزدی، ئێمە ئەو هێرشە نەژادکوژیانە بە فەرمان ناوزەددەکەین، ئێزدییەکان لە کوردستان لە هەموو شوێنەکانی میزۆپوتامیا دەژین و بەردەوامیش هێرشی نەژادکوژیی کراوەتە سەریان، سەدان هەزار ئێزدی ئاوارەی ئەرمەنستان، ڕوسیا و ئەوروپا بوون، ئێستاش کۆمەڵگای ئێزدی بە ژمارەیەکی سەدان هەزار کەسیی خۆی گەیاندووەتە سەدەی ٢١ هەم.
 
لە سەدەی ٢١دا کە سەدەی بایەخەکانی دیموکراسی، یەکسانی و ئازادییە و ئەو بایەخانە لە بەرزترین ئاستیاندان، فەرمانێکی نوێ بە سەر خەڵکی ئێزدی هاتەوە بۆ هەموو مرۆڤایەتی شەرمەزارییەکی گەورە بوو، خەڵکی ئێزدی دیسان لە بەرامبەر بەڵایەکی وەکو داعش کە بە سەر مرۆڤایەتیدا هاتووە زۆرترین باجیان دا، ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر کۆمەڵگای ئێزدی و فەرمانی ٧٣یەم ڕوویدا، لەو هێرشەدا هەزاران ئێزدی کوژران و زۆربەی ژنان و منداڵانی ئێزدی ڕفێندران، سەدان هەزار هاوڵاتی ناچاربوون خاکی خۆیان بەجێبێڵن و لە هەموو جیهاندا بڵاوببنەوە، ئەمانە لە کاتێکدا ڕوویاندا، کە لەلایەن حکومەتی عێراقی و بەڕێوەبەرایەتی باشوری کوردستانەوە هیچ بەرگرییەک لە خەڵک نەکرا.
 
لە ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا بەهۆی ئەوەی خەڵکی ئێزدی هیچ هێزێکی بەرگریی لە خۆیان نەبوو، چەتەکان بە خێرایی گوندەکانیان داگیرکرد و خۆیان گەیاندە شەنگال، هێزە سەربازییەکانی ناوخۆی شەنگالیش لە بەرامبەر ئەو هێرشەدا بەرگریان نەکرد، بەم شێوەیە سەدان هەزار هاوڵاتی ئێزدی لە بەرامبەر هێرشی دڕندانەی داعشدا بە تەنیا بەجێهێران، وەک هەموو فەرمانەکانی پێشوو ژن و منداڵ و پیاو و پیر و هەموو کۆمەڵگای ئێزدی بەرەو چیای شەنگال بەڕێکەوتن، لەو دۆخە سەختەدا ١٢ گەریلای پەکەکە جەستەی خۆیان کردە قەڵغان لە بەرامبەر هێرشی چەتەکانی داعشدا و دواتریش شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە خۆیان گەیاندە شەنگال و ڕێرەوێکیان کردەوە بۆ ئەو خەڵکەی بەرەو چیای شەنگال بەڕێکەوتبوون.
 
زۆربەی ئەو هاوڵاتیانەی لە فەرمانەکە ڕزگاربوون، ئاوارەی کامپەکانی ڕۆژئاوا، باشور و باکوری کوردستان بوون، ١٥ بۆ ٢٠ هەزار هاوڵاتی دیکەش هەر لە چیای شەنگال لە دۆخی زۆر سەختدا بەردەوامیان بە ژیان دا. مانەوەی ئەو هاوڵاتیانە سەرەڕای هەبوونی هەڕەشەی هێرشی داعش و هەروەها زستانی سەختی شەنگال لە چیای شەنگال جێگای ڕێز بوو، ئەو بەرخۆدانە لە لاپەڕەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە.
 
گەریلاکانی هەپەگە و شەڕڤانانی یەبەشە لە ژێر چەتری هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی شەنگالدا خۆیان ڕێکخست و ڕێگایان نەدایە داعش بەرەو چیای شەنگال بچێت، زۆر شوێنیشیان لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکرد، لە پایزی ساڵی ٢٠١٥دا لە ڕزگارکردنی شەنگالدا ڕۆڵی زۆر گرنگیان گێڕا، ڕزگارکردنی ناوەندی شەنگال لە چنگی چەتەکانی داعش زۆر گرنگ بوو، پاشان کۆمەڵگا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە فەرمانی لەو شێوەیەی بەسەر نەیەت لەسەر بنەمای بەرگریی لە خۆی بەرەو خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی هەنگاوی نا و ژیانی دیموکراسی و ئازادیی پێش خست.
 
پاش ئەوەی لە کۆمەڵگاکەماندا فەرمان پێکهات دیسانەوە لەلایەن ئەو کەسانەی، کە هۆکاری فەرمانکە بوون، ئیرادەی ئێزدییەکانیان بە ڕەوا نەزاندرا و هەر وەک پێش فەرمانەکە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کۆمەڵگای ئێزدی کرد و لە بەرامبەر ئێزدییەکاندا گەورەترین بێ مافی و بێ ڕێزیان ئەنجامدا، وەک بڵێی هیچ ڕووینەدابێت، دیسانەوە هێزەکانیان جموجوڵیان لە ناوچەکەدا دەستپێکردووەتەوە و لە هەوڵداندان دەسەڵاتداریی ناوچەکە بخەنەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.
 
ڕۆژی ٣ی ئازاری ساڵی ٢٠١٧ هێرشێکیان کردە سەر خانەسۆر، کە یەکێکە لەو ناوچە ئێزدی نشینانە کە لە هەوڵداندایە بۆ پێکهێنانی خۆبەڕێوەبەرایەتی دیموکرات، ئەو هێرشە لەلایەن چەتانەوە ئەنجامدرا کە پاش شۆڕشی ڕۆژئاوا لەوێ هەڵهاتن، خانەسۆر لەژێر کۆنتڕۆڵی داعش-دا نەبوو، ماوەی دوو ساڵ بوو لەلایەن ڕۆڵە ئێزدییەکانەوە لە چەتەکانی داعش پاککرابووەوە، کاتێک بینیان ئەو هێرشە نەگەیشتە مەبەستی دیاریکراویان، ئەم جارە دەوڵەتی تورکیان ناردە سەرمان، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک بە بۆردومانکردنی شەنگال هەوڵیاندا ئیرادەی خەڵکی ئێزدی تێکبشکێنن، بەڵام لەوەش هیچ ئەنجامێکیان دەست نەکەوت، پێویستە هەمووان بزانن، کە کۆمەڵگای ئێزدی چیدی وەک ڕابردوو نەماوەپێشتریش ڕامانگەیاندبوو لە بەرامبەر هیچ دەستدرێژییەکدا پاشەکشە ناکەین و بەرخۆدان دەکەین.
 
هەندێک ناوچەی دەوروبەری شەنگال لە چنگی چەتەکانی داعشدا مانەوە و ڕزگارنەکران، تا ئە کاتەی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی شەڕەکانی لەگەڵ داعشدا ئەو گوندانەی کۆنتڕۆڵ کردەوە، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتی ئەو هێزانەی دەیانەوێت شەنگال بخەنە سەر حکومەتی ناوەندی عێراق لە ناوچەکەدا زیاتر بێت، بەڵام کۆمەڵگای ئێزدی پاش فەرمانەکە بڕیاری خۆی داوە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی دابمەزرێنێت، پێویستە هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان بەباشی لەمە تێبگەن کە داواکاریی کۆمەڵگای ئێزدی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتییە و ئەو داواکارییە ئەوەند بۆیان گرنگە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نەبن، ئەوانەی لە کاتی هێرشەکەی داعشدا بەرگریان لە کۆمەڵگای ئێزدی نەکرد پاش تێکشکانی داعش هەوڵدەدەن دیسانەوە کۆنتڕۆڵی شەنگال بگرنەوە دەست، ئەم نیازەی ئەوان ئێستا ئیتر بۆ هەمووان ئاشکرایە.
 
٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ ئێمەی ئێزدی خاڵی گەڕانەوەیە، چیدی خەڵکی ئێزدی ئیرادەی خۆی ڕادەست ئەو هێزانە ناکاتەوە، چونکە نایانەوێت جارێکی دییکە فەرمان ڕووبدات، داواکاریی خەڵکی ئێزدی خۆبەڕێوەبەرایەتی دیموکراتییە.
 
خەڵکی ئێزدی لە ڕۆژی ١٤ی مانگی ١ی ساڵی ٢٠١٥ کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد و دامەزراندنی ئەنجومەنێکیان ڕاگەیاند.
 
ئەو ئەنجومەنە هەستا بە ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و کۆنفرانسی بەڕێوەبرد تا لەو کۆنفرانسەدا نوێنەرانی خەڵکی شەنگال بەشداربن، ئەو ئەنجومەنە بەبێ ئەوەی هیچ هاوکاریی و یارمەتییەک بدرێت لەلایەن حکومەتی ناوەندی یان حکومەتی هەرێمەوە ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری شەنگالی لە ئەستۆ گرت، ئەنجومەنی دامەزرینەری شەنگال بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو هەوڵیدا بۆ دامەزراندنی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەر و لە ڕێگای دروستکردنی ناوەند و ڕێکخراو بۆ کارە جیاوازەکانی خەڵک کۆمەڵگای ئێزدیی ڕێکخست.
 
 ئەو ئەنجومەنە وێڕای هەموو زەحمەتیی و سەختییەکان پێداویستییەکانی ژیانی بۆ ئەو ئێزدیانە دابینکرد، کە لە چیای شەنگال مابوونەوە، منداڵانی ئێزدی پەروەردەکرد و خوێندنگای دروستکرد، هەروەها شارەوانی و ئەنجومەنە ناوچەییەکانی دروستکرد و هەوڵیدا لە ڕێگای هاوکاریی بە دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە ئاسایش لە ناوچەکەدا سەقامگیربکات، ئەو ئەنجومەنە سەرەڕای هەموو بەربەستەکانی بەردەمی ژیانێکی نوێ بۆ شەنگال خولقاند.
 
ئەنجومەنی دامەزرێنەری شەنگال نەک تەنیا بۆ خەڵکی ناوخۆی شەنگال بەڵکو بۆ ئێزدییە ئاوارەکانیش بوو بە هیوایەک و بۆ گەڕانەوەی هەزاران خێزانی ئێزدی بۆسەر خاکەکەیان ڕۆڵی زۆر گرنگی گێڕا.
 
ئەو ئەنجومەنە لە سەرەتاوە هەتاکو ئەمڕۆ لە هەوڵداندا بووە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک و دامەزراندن و ڕێکخستنی هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی، لە بەرامبەریشدا خەڵکیش ئەنجومەنەیان دەوێت و دەزانن تەنیا لە ڕێگای ئەو ئەنجومەنەوە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شەنگال مسۆگر دەبێت.
 
خەڵکی ئێزدی لە ١٤ی ١ی ٢٠١٥ەوە تا ئەمڕۆ بەردەوام داواکاریی ژیانی خۆبەڕێوەبری کردووە، لەسەر داواکاری خەڵکیش بەرنامەمان بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ئاڕاستەی هەموو هێزە سیاسییەکان، دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان، هێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتی دەکەین، چاوەڕێین بە وەرگرتنی پشتگیریی پێویست پرۆژەکە بەرفراوان بکەین و هەموو هێزە بەرپرسیارەکان بۆ دامەزراندنی خۆبەرێوەبەری دیموکراتی پشتگیری پرۆژەکە بکەن.

نەخشەڕێگای بنەمای خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی
 
1- کۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ئێزدخان لە ژێر کۆنتڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دابمەزرێت، لەو کۆمیسیۆنەدا عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەکەکە و فیدراسیۆنی دیموکراتی باکوری سوریا نوێنەریان هەبێت.
 
2-   لە ژێر چاودێریی ئەو کۆمیسیۆنەدا بە بەشدارکردنی نوێنەرەکانی ئەنجومەنی گەلی ئێزدخان کە ئێستا لە سەر کارە، هەموو کۆمەڵگای ئێزدی، کەسایەتییە ئایینییەکانی ئێزدی، نوێنەرانی ژنان و گەنجان، نوێنەری ئەو باوەڕ و ئایینانەی دیکە کە لە سنوورەکانی ئێزدخاندا دەژین (جگە لەو کەسانەی دەستیان بە خوێنی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان سوورە)، بە گوێرەی ژمارەکەیان لە ناو ئەنجمونی گەلی ئێزدخان و ئەنومەنی دامەزرێنەردا جێدەگرن.
 
3-    فەرماندەیەکی هاوبەش پێکبێت بە یەکپارچەکردنی یەبەشە و هێزە جیاوازەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێزدی و پاشان دامەزراندنی هێزی پاراستنی جەوهەریی، کە سەر بە ئەنجومەنی گەلی ئێزدخان و ئەنجومەنی دامەزرێنەری ئێزدخان دەبێت.
 
4-هێزی پۆلیس و ئاسایش لەلایەن دەستەی پاراستنی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی گەل دادەمەزرێت و بەڕێووەدەبرێت.
 
5-بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بە پەیوەندییەکانی خەڵکی ئێزدی بە عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەوڵەتانی دەرەوە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پارت و ڕێکخستنی پەیوەندیدار، لە سەربنەمای بەڕێوەبردنی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ئێزدخان لە ناو ئەنجومەنی گەلدا کۆمیتەیەکی دبلۆماسی پێکبێت.

6-لەناو ئەنجومەنی ئێزدخاندا بۆ بوارەکانی تەندروستی، پەروەردە، کلتور، ئابووریی، بازرگانیی، سیستمی دادگەری دەستەی بەڕێوەبەری دابمەزرێت.
 
7-لەسەر بنەمای بایەخە دیموکراتییەکان و بایەخەکانی کۆمەڵگای ئێزدی ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆ دابمەزرێت، کێشە و کاروبارەکانی تایبەت بە ڕاگەیاندن لەلایەن ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی سەر بە ئەنجومەنی گەل چارەسەردەکرێن و بەڕێوەدەبرێن.
 
8-هەموو ناوچە و ناحیەکان پێویستە لەلایەن ئەنجومەنە ناوچەییەکانەوە بەڕێوەببرێن، ئەنجومەنەکان بە هەڵبژاردنی گشتی و یەکسان لە نوێنەران ڕێکخراو و ناوەندە دیموکراتییەکان پێکدێن.
 
9-هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەکی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بە تاوان لە قەڵەم دەدرێت.
 
10-لە هەموو بوارەکانی تێکۆشاندا ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بوونی دەبێت، ئەو بابەتانەی تەنیا پەیوەندیان بە ژنانەوە هەیە ئەنجومەنی ژنان بە تەنیا بڕیاریان لە سەر دەدات.

11-پێویستە ژنان لە هەموو ئەنجومەنەکان و گورپەکان لانیکەم ٤٠٪ی پێکبێنن، ئەو ڕێژەیە بۆ گەنجان ١٥٪ یە.
 
12-لە ئەنجومەنی ئێزدخاندا بەگوێرەی پێویست کورسی بۆ کەسایەتییە ئایینییەکان دیاریدەکرێن، ئەو کورسییانەش لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە دەنێردرێن بۆ ئەنجومەن.
 
13-پاش ئەوەی ئەنجومەنی گەلی ئێزدخان ئەرکەکانی جێبەجێکرد، بەپێی یاساکانی هەڵبژاردن ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە نوێدەکرێنەوە.
 
14-ئەنجومەنی ئێزدخان پێکدێت لە: ٦٥٪ی ئەندامانی ئەنجومەنی ناوچەکان و ناحیەکان و ٣٥٪ی نوێنەرانی ڕێکخراو و ناوەندە دیموکراتییەکان کە بە هەڵبژاردنی دیموکراتی دیاریدەکرێن.
 
15-ئەنجومەنی گەلی ئێزدیخان پاش ئەوەی ڕۆڵی خۆی گێڕا لە دامەزراندندا، پارێزگای لامەرکەزی ئێزدخان دادەمەزرێت و پەیوەندییەکانیشی لە ڕێگای ئەندامانی کۆمیسیۆنی ئێزدخانەوە بە حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریدەکات.
 
16-پاش ئەوەی چۆنییەتی پەیوەندییەکانی خۆبەڕێوەبری ئێزدخان بە حکومەتە پەیوەندیدارەکانەوە ڕوون کرایەوە، خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ئێزدخان دادەمەزرێت بەبێ ئەوەی لەگەڵ دەستووری فیدراڵی عێراق هەرێمی کوردستان ناکۆک بێت.
 
17-جگە لەو پرسانەی ڕاستەخۆ پەیوەندیان بە کۆمەڵگای ئێزدییەوە هەیە، لە بوارە گشتییەکانی وەک ئابووریی و دبلۆماسی و پاراستنی گشتی پەیڕەوی دەستووری عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
18-بەپێی ئەو پرەنسیبانە لە سەرەوە باسیان لێکرا بۆ دامەزراندنی خۆبەڕێوەبرایەتی دیموکراتی ئێزدخان، دەستوورێک بە پێی یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ سیستمەکە دیاری دەکرێت.
 
19-ئێزدایەتی میراتێکی کۆنە بۆ مرۆڤایەتی، لە سەر ئەم بنەمایە خۆبەڕێوەبری دیموکراتی ئێزدخان (پارێزگای لا مەرکەزی) نەک تەنیا لەلایەن دەستوورێ عێراقییەوە مسۆگر دەکرێت، بەڵکو لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە پشتگیریی دەکرێت.
 
20-لەئێستادا جگە لەو هێزە سەربازییانەی لە ئێزدخان دا هەن، پێویست نییە لە دەرەوە هیچ هێزێکی دیکە بنێردرێت بۆ ئێزدخان.

21-کۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری ئێزدخان پێویستە بکەوێتەوە هەوڵدان و پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کە فەرمانی ٧٣یەم بە جینۆساید بناسێندرێت.
 
22-کۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری ئێزدخان  لە دادگایەکی سەربەخۆدا هەموو ئەو کەس و هێزانەی وا دەستیان هەبوو لە فەرمانی ٧٣یەمدا دادگایی بکات.
 
23-کۆمیسیۆنی خۆبەڕێوەبەری ئێزدخان، پشتگیریی پرۆتۆکۆلی ٢٦ی مانگی ١١ی ٢٠١٦ بکات کە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە نێوان ئێزدییەکان، تورکمانەکان و کریستیانەکاندا پێکهات.
به‌روار:  21/08/2017
822   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   386
کۆی سه‌ردان:   29232143