دواخستنی ڕیفراندۆم لەبەغداد
رووداو - بەغدا

هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی (شیعەکان) داوای دواخستنی گشتپرسی دەکات و شاندی کوردستانیش مەرج و داواکارییەکانی بۆ دواخستنی گشتپرسی "بۆ ماوەیەکی کاتی" دەداتە بەغدا.

شەوی رابردوو (16-8-2017) شاندی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی (شیعەکان)  کۆبووەتەوە، کە گەورەترین هاوپەیمانی عێراقییە و هەموو لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت، جگە لە رەوتی سەدر.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هاوپەیمانی نیشتمانی داوای دواخستنی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان کردووە.

داواکارییە سەرەکییەکانی کورد لە بەغدا ئەمانەن: جێبەجێکردنی ماددەی 140، گەڕانەوەی بودجە و مووچە، گەڕانەوەی پشکی کورد لە حکومەتی ناوەندی، بەرزکردنەوەی رێژەی کورد لە سوپای عێراق و چەندین داخوازی دیکە. شاندەکە رایگەیاندووە، دەبێ ئەو داواکارییانە لەماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێبکرێن.

شاندەکەی کوردستان رایگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی هەر رێککەوتنێک پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی زلهێز بەشدار بن و چاودێری گفتوگۆکانیش بکەن.

شاندی کوردستان تاوەکو رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە بەغدا دەمێنێتەوە. بڕیاروایە رۆژی یەکشەممە کورد نەخشەڕێگەکەی بداتە هاوپەیمانی نیشتمانی عێراقی، ئەوانیش هەمان رۆژ نەخشەڕێگەی خۆیان پێشکەش بە شاندی کوردستان دەکەن.
به‌روار:  17/08/2017
1076   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   487
کۆی سه‌ردان:   29230233