قەدری زێڕ لای زەڕەنگەرە


کە ئەم نوسینەی مامۆستای زانکۆ و دۆستی دڵسۆز گەلی کورد، ئەکادیمی (دکتۆر كاظم حبيب)م خوێندەوە، بەڕاستی شەرم دایگرتم، ئێمە کەسانی ئەکادیمی و نوسەر و زانای وەک (دکتۆر فریاد فازیل عومەر)مان هەیە، کەچی کارە ئەکادیمی و بەرهەمە ناوازەکانی نابینین. بەداخەوە هێندە خۆخۆر و بەرچاوتەنگین، چۆن لە سیاسەتدا بووین بە ئاردی ناودڕک و هەر یەکەمان لە ئاوازێک ئەخوێنن، بوارەکەی ئەدەب و هونەر و کەلتوور و زانکۆکانیشمان، بە هەمان شێوە، بەو دەردە بردووە.

نامەوێ لێرەدا درێژە بەم قسانەم بدەم، دڵ و چاوم روون بووەوە، کە ئەم هەڵسەنگاندنە پڕمانایەی بەڕێز (دکتۆر كاظم حبيب)م خوێندەوە، هیچم بۆ نەمایەوە، لەبەرخۆمەوە تەنها ئەوەم بەخۆم گووت: (قەدری زێڕ لای زەڕەنگەرە)، بەندە لەمێژە ناوی فریاد فازیل زەنگەنەم گوێ لێ بووە، لەو سەردەمەی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە، کە کۆلێجی ئادابی زانکۆی بەغدا- بەشی زمان و ئەدەبی کوردی. بڵاوکراوەی نۆبەرەی دەرئەکرد، لەوێووە ئەم ناوە و چەندین ناوی دیکەم پێ ئاشنابوون.... بەڵام بەقەدەر ئەم نوسینەی بەڕێز (دکتۆر كاظم حبيب) دڵ و چاوی رووننەکردمەوە.

سەردار فەتاح ئەمین

ئەمستردام- هۆڵەندا

ئێوارەیەک لەگەڵ

زانا و شاعیر و توێژەری ئەکادیمی کورد

فریاد فازیل عومەر دا

كاظم حبيبنوسینی: دکتۆر

ناسینم بۆ هاورێم شاعیر و ئەکادیمی و توێژەر مامۆستا فریاد فازیل عومەر لە بەرلین، ساڵانێکە، نزیکەی بۆ دوو دەیە ئەگەڕێتەوە، کە جارجار لە کۆبوونەوەی کۆچبەرانی عێراقی و کورد یەکترمان ئەبینی، یان لە کۆڕ و بۆنە کەمەکاندا.

بەڵام ناسیاویم بۆ هاوپیشەم، فریاد لە رێگەی شیعرەکانی و هەندێ لە کۆڕە تەلەفیزیۆنیەکانیەوە زیاتر بوو.

بەیەکگەیشتنمان سنوردار بوو، بە هۆی سەرقاڵی و زۆریی کارو چالاکیە هزریی و کۆمەڵایەتی و هاوکارییەکانی، سەرەڕای توێژینەوە زانستی و وانە گوتنەوەی لە بەشی زمانە ئێرانیەکان لە زانکۆی ئازاد لە بەرلین و بەشی تایبەتی زمان و ئەدەبی کوردی و سەرقاڵی بە توێژینەوەی زانستیەوە. پێش چەند رۆژێک بە هۆی بانگێشتنێکی بەڕێزیانەوە، بۆ سەردانی ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین و بۆ بەشی زمانە ئێرانیەکان لە زانکۆ. بۆنەیەکی جوان بوو بۆ بینینی دەستکەوتە زانستییە فرە و زۆر گرنگەکانی، یەکەم بۆ گەلی کورد و دووەم بۆ ئەڵمان و ئەوانەی کە بە زمانی ئەڵمانی ئەدوێن و بۆ شارەزاییان لە رۆشنبیری و ئەدەبی کوردیدا. لەگەڵ ئەوەی هەوڵێکی زۆری داوە بۆ دامەزراندنی ئینستیتووتی خوێندنی کوردیی، کە رووبەرێکی فراوانی لە ناوچەیەکی ژیاری لە شاری بەرلین گرتووە، کە پێک هاتوو لە کتێبخانەیەکی زانستی و ئەدەبی و مێژوویی بە نرخ، تێیدا هەزارەها کتێبی کوردی و عەرەبی و بیانی لەخۆ گرتووە. هەروەها دەستنووسی دەگمەنی زمان و ئەدەب و کەلەپوری کوردی تێدا پارێزراوە.

ئەم شاعیر و توێژەرە زانستییە چالاکییە مەزنەکانی، لە پێنج بواری بنچینەیەیدا ئەنجام ئەدا.

1- مامۆستایەتی زانکۆ و وانە گوتنەوە: بۆ نزیکەی ٣٠ ساڵ ئەچێت لە زانکۆی بەرلین، وانە بە خوێندکارانی زمانی کوردی ئەڵێتەوە، بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی، لەگەڵ ئەدەب و مێژووی کورد، شایانی باسە خۆی لە زانکۆی بەغداد و بەرلین بەشی زمانە ئێرانیەکانی خوێندووە.

هەروەها لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتادا مامۆستا بووە، لە زانکۆی سلێمانی بەشی خوێندنی کوردی.

2- بەردەوام مامۆستای توێژینەوەی زانستی بووە. نزیکەی بیست ساڵ زیاترە، مامۆستا فریاد سەرقاڵی دانانی فەرهەنگی کوردی و ئەڵمانییە، بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و سۆرانی، هەروەها بۆ فەرهەنگی ئەڵمانی و کوردی، توانایەکی زۆری سەرف کردووە تا بەرهەمی هێناون. ئەم فەرهەنگانەی کە نوسەر بە زمانی کوردی نوسیونی، خزمەتی گەلی کوردستانی پێکردوون، بەوهۆیەوە توانیوێتی، هزری کوردی لە زمانی کوردییەوە بۆ زمانە ئەوروپییەکان، لە رێگەی زمانی ئەڵمانیەوە بگوێزێتەوە.

فەرهەنگەکانی هەریەکەیان، لە سەدهەزار وشە زیاتر پێکهاتوون و بابەتەکانیان بەشێوازێکی زانستی نوێ داڕێژراون، کە ئێستا ئەتوانرێت ئەدەبی کوردی بۆ ئەڵمانی پێ وەربگێڕدرێت. تازەترین کاری وەرگێڕانی توێژەر داستانی کوردی "مەم وزين"ی ئەحمەدی خانی یە، کە چیرۆکێکی مێژوویی ئەڤیندارییە و ساڵی 2017 بە ئەڵمانی بڵاوئەکرێتەوە، نوسەر هەوڵێکی زۆری داوە ئەم داستانە، وەربگێڕرێتە سەرزمانی ئینگلیزی و ئێستە ئامادەی چاپە.

توێژەر شیعرەکانی شاعیری گەورەی کورد و مرۆڤایەتی نەمر (عەبدوڵڵا گۆران)ی وەرگێراوەتە، سەر زمانی ئەڵمانی و بەهەردوو زمان و بە هەردوو پیتی عەرەبی-کوردی، لاتینی-کوردی لە چاپێکی جواندا، ساڵی 2016 بڵاویکردۆتەوە.

هەروەها کتێبی (ئەلفوبێی کوردی) مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵداری سەرلەنوێ داڕشتۆتەوە و دەستورێکی پەروەردەیی و رێزمانێکی یەکگرتووی سەرنسەری بۆ داناوە و لە ساڵی 2007 لە کوردستان- وەزارەتی پەروەردە و لە ساڵی 2009 و 2013 لە بەرلین بڵاوکراوەتەوە.

توێژەر بەرنامەیەکی چڕوپڕی نوسین و وەرگێڕانی مەزنی، بۆ خۆی داڕشتووە تا لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ئەنجامیان بگەیەنێ، داوای سەرکەوتنی بۆ ئەکەین.

3- ئەم شاعیرە ناوازەیە، ژمارەیەک دیوانی شیعریی نوێی بە ناوەڕۆکێکیی مرۆڤانە و نیشتمانیی بەرز و بە گیانێکی نەتەوەیی دوور لە رەگەزپەرستی، بە هەناسەیەکی نێونەتەوەیی، بە زمانێکی پاراو و قەشەنگ نوسیووە، کە خوێنەرچێژێکی پڕشادی و ئارامبەخش لە خوێندنەوەیان وەرئەگرێت.

من خۆم لە کاتی خوێندنەوەیاندا بە زمانی عەرەبی و ئەڵمانی ئەم چێژەم لێوەگرتن.

دکتۆر زوهدی داودیش یەکێک لە دیوانە شیعرییەکانی، بە ناونیشانی (هۆنراوە لە غوربەتدا) لە کوردیەوە کردووە بە عەرەبی و ساڵی 1994 بڵاوکراوەتەوە. هەروەها دیوانێکی شیعری بەزمانی کوردی و ئەڵمانی بە ناونیشانی (رۆشنایی لە دەنگەوە)، کە 1988 ساڵی بڵاویکردۆتەوە. دەنگی شیعرە نامۆیەک لە ساڵی 1993 و دەنگ لە بێدەنگیدا 1998. دیوانێکیش بە زمانی فارسی، بە ناونیشانی (دەنگ لە نامۆییەوە) ساڵی 1999 بڵاوکراوەتەوە.

لە هۆنراوەیەکی ناوەڕۆک نایابدا، شاعیر فریاد فازیل عومەر، کە رۆمانووس لێکۆڵەر دکتۆر زهدی داودی لە دیوانی (هۆنراوە لە غوربەت)دا بڵاوکردۆتەوە ئەڵێ:

لێیان پرسیم:

چاوت

یان وڵاتەکەت

کامیانت زۆرتر خۆش ئەوێت...؟

وتم:

چاوەم، وڵاتەکەم/

هەردووکیانم هەردووکیانم وەکو یەکتری خۆش ئەوێ،

بەڵام، ها، بگرە، ئەوە چاو،

لێگەڕێ با مناڵەکەم

بە سەربەستی

لە وڵاتەکەمدابگەڕێت...

4- هەمئاهەنگی و کاری هاوبەش لە نێوان ئینستیتووتی خوێندنی کوردی و ناوەندی توێژینەوە و بەڵگەنامەیی کوردی لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوەوە، گرتنی کۆڕ و سیمینار دەربارەی رێکخستنی کاری وەرگێڕان و بەڵگەنامە و بڵاوکراوەی کوردی.

5– دواکاری مامۆستا فریاد فازیل عومەر، کارێکی خۆبەخشانەیە، کە گرنگی پێیدانێکی نایابە، ئەویش داکۆکیکردنە لە گەلانی هەڕەشەلیکراو، ئەو گەلانەی مەترسی کوشتن و چەوساندنەوە و ئاوارەییان لێئەکرێت، بە تایبەتی لە وڵاتانی دواکەوتووی هەر سێ کیشوەرەکانی (ئاسیا و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتینی)، دکتۆر فریاد فازیل عومەر سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکی لەگەلانی هەڕەشەلیکراو، کە ناوەندەکەی لە شاری گۆتنگنی ئەڵمانیایە، ئەم رێکخراوە لقی لە گەلێک لە وڵاتانی دنیادا هەیە، رێکخراوەکە گۆڤارێک بە ناونیشانی "کۆمەڵگوژی بێتاوانان "Pogrom" دەرئەکات، کاری رێکخراوەکە زۆر گرنگ و ئاڵۆزە، بەهۆی رۆڵی هاوکاری بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەو رژێمە دیکتاتۆر و زاڵمانەی، گەلەکانی خۆیان ئەچەوسێننەوە و ئازادییان پێشێل ئەکەن و کەرامەتیان ئەشکێنن. شایانی باسە ئەم چالاکییە گرنگانەی مامۆستا فریاد فازیل عومەر و ئینستیتووتی خوێندنی کوردی لە بەرلین ئەنجامیان داون، تا ئێستا لە لایەن هیچ کام لە حکومەتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسیە دەستەڵاتدارەکانەوە، هاوکاری ماددی و مەعنەوی نەکراون.

بەیەکگەیشتنەکەمان لەگەڵ مامۆستا فریاد دا دۆستانە بوو، دەربارەی مەسەلە جیاوازەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان بوون، بە تایبەتی لە بواری پەروەردە وفێرکردندا.

هیوادارم هاوڕێ و هاوکارم مامۆستا فریاد فازیل عومەر، سەرکەوتوو بێت و بەردەوام بێت، لە کارە زانستی و کۆمەڵایەتییەکانیدا.. داواکارم تەندروست باش و تەمەندرێژ بێت، بەردەوام بێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ئەم کارەگرنگانەی، کە خستوویەتییە ئەستۆی خۆی و بەرنامەکانی دەربارەی ناساندنی کەلەپووری رۆشنبیری و شارستانی کوردی لە ئەوروپا و جیهاندا.
به‌روار:  12/08/2017
2144   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   869
کۆی سه‌ردان:   29247402