گوستاڤسۆن: "بۆ ئەوەی نەمکوژن خۆم وا نیشان دا کە بوومەتە موسوڵمان "
لە بەڵگەنامەیەکی ڕادیۆییدا، یوهان گوستافسۆن بۆ یەکەمجار باس لە رۆژانی دەستبەسەری خۆی دەکات لە ناو رێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە.

لە دۆکومێنتارەکەدا گوستافسۆن باس لە هەوڵێکی شکستخواردووی خۆی دەکات بۆ ڕاکردن لە دەست چەکدارانی ئەلقاعیدە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣. بەڵام هەر دوو ڕۆژ دواتر جارێکی تر لە لایەن بارمتەگرەکانەوە دەگیرێتەوە. ئەو ئەوەش دەگێڕیتەوە کە چۆن چۆنی ویستوویە تیرۆریستەکان فریو بدات بەوەی کە خۆی بە موسوڵمان بداتە قەڵەم.

 ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی مانگی  دەی ٢٠١١ لە باکووری ئەفریقا لە لایەن ڕێکخراوی ئەلقاعیدەوە رفێندرا. یوهان گوستاڤسۆن بەسەرهاتەکانی یەکەم ساتەکانی گیران و دەستبەسەری خۆی لە هوتێلێکی شاری تیمبوکتوی وڵاتی مالی دەگیڕێتەوە؛

هەر کە دەرگام کردەوە، چەکدارێک کە لە بەر دەرگاکە وەستابوو، لوولەی کڵاشینکۆفەکەی خستە سەر سەرم. چەکدارە سەرو ڕوخساری خۆی داپۆشیبوو و تەنیا دووچاوی گەورەی بە دەرەوە بوون کە لە منیانەوە دەڕوانی.   

ئەو باس لەوەش دەکات چەندین جار و لە سەفەری دوور و درێژی چەند هەفتەیی بە بیاباندا بردوویانە بۆ شوێنی جیا جیا و زۆر جاریش ناچار کراوە لە فیلم و گرتەی ڤیدیۆیی دا بەشدار بێت. گوستاڤسۆن باس لەو حاڵەتی نادیاری چارەنووس و سەرگەردانییەی خۆی دەکات کە لەو ماوەیەدا تێدا ژیاوە. لە یەک لەو حاڵەتانەدا و لە سەرەتاکانی دەستبەسەریدا، ئەو ئیدی دڵنیا بووە کە بارمتەگرەکان دەیکوژن؛

دەمزانی ئێستا ئیدی کاتم بە دەستەوە نەماوە و لە کۆتایی نزیک بوومەتەوە. کەمێکی تر دەمبەنە دەرەوەی شار و لەوێ دیمەن و گرتەی ڤیدیۆییم لێ تۆمار دەکەن و پاشانیش ئێعدام.

پاش چەند مانگێک لە دەستبەسەری، گوستافسۆن بڕیاری ئەوە دەدا هەوڵبدات بارمتەگرەکان بخەڵەتێنێ و بە نیشاندانی خۆی وەک کەسێک کە بووەتە موسوڵمان، کاریگەری بخاتە سەر هەست و سۆزیان. بەڵام ئەمە کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت و تەنیا چوار ساڵ و نیو لە دوای هەوڵی ڕاکردنەکەی لە دەستی بارمتەگرەکان و لە مانگی شەشی ئەمساڵ ئازاد کرا.

کاتژمێر دەی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، گوستاڤسۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی ئەو رۆژانەی خۆی کرد و ئەو نەهامەتی و ناخۆشیانەی هێنایە زمان کە بە درێژایی ماوەی پێنج ساڵ حەوت مانگ مانەوەی لە ناو چەکدارانی ئەلقاعیدە بەسەری هاتبوو.
گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  11/08/2017
2958   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   485
کۆی سه‌ردان:   29219479