ناوی گەڕەکە پڕ کێشەکانی سوید بڵاوکرایەوە
ژمارەی ناوچە بەکێشەکان سەرجەم 61 گەڕەک و گرووپە تاوانکارەکانیش ژمارەیان دەگاتە 200 تۆڕی تاوانکاری.

ئەمڕۆ نزیکی کاتژمێڕ 9.30 دان ئیلیاسۆن بەرپرسی دەستگەی سەراسەریی پۆلیس و لیندا ستاف بەرپرسی بەشی زانیاریی نهێنی لە دەستگەی پۆلیس بەشی ئۆپەراسیۆنی نەتەوەیی (Noa- Nationella operativa avdelningen) لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری یۆتۆبۆری ڕاپۆرتێکی نوێیان سەبارەت بە ناوچە بەکێشەکانی سوید پێشکەش کرد.

لیندا ستاف دەڵێت گرووپە تاوانکارەکان بە پێی تەمەن کارەکانیان دابەش دەبن، کەسانی گەورەساڵ کەسانی نادیارن کە بۆ نموونە هەر لە ماڵی خۆیانەوە فەرمان دەدەن بەو لاوانەی کە تاوانەی بازراگنی ماددەیهۆشبەر و کاری تووندوتیژیی ئەنجام دەدەن کە تەمەنیان لەنێوان 15-25 ە و پاشان گرووپێک هەن کە لە مەترسی کەوتنە نێو ئەم گرووپانەوەن و تەمەنیان دەگاتە 12 تا پانزە ساڵ.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە نوێیە ئەو گەڕەک و شوێنانەی بە ناوچەی بەکێشە (utsatta områden) ناسراون ژمارەیان بەرچاو زیادی کردووە، سەرجەم 61 ناوچەیە کە 23 ناوچەیان بە (särskild utsatta) واتا پڕکێشە ناودەبرێن و ژمارەی تاوانکارانیش نزیکەی 5000 کەسن کە دابەش دەبن بەسەر 200 تۆڕی تاوانکارییدا.

مەبەست لە ناوچە بەکێشەکان (utsatta område) ئەو شوێنانەیە لە سویددا کە ئاستی تاوانکاریی و ئاستی بێکاریی تێیدا بەرزە و بژێوی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەو ناوچانە لەسەر کۆمەکی دەوڵەتییە و ژمارەیەکی زۆریشیان بەڕەگەز بیانین.

ئەو ناوچانەشی بە ناوچەی پڕکێشە ناودەبرێن (särskild utsatta område) مەبەست لێی ئەو شوێنانەیە جگە لەو کێشانەی ناوبران کێشەی دیکەی وەک تووندڕەویی و کێشەی یاسا و کۆمەڵگەی سێبەریشیان هەیە، واتا لەو شوێنانە متمانە بە یاسا و دامودەستگە فەرمییەکان نییە و لەبری ئەوە جۆرە یاسا و کۆمەڵگەیەکیان بۆ خۆیان پێکهێناوە، بۆ نموونە ڕێسای ئایینی و کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆیان بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان پەیڕەو دەکەن.

بۆ نموونە گەر کەسێک تووشی لێدان یاخود کوشتن ببێت ئەوا لەنێو خۆیاندا داوا لە کەسی قوربانی و کەسوکاریان دەکرێت کە لە کەسی تاوانکار خۆش ببن. ئەمەش وا دەکات کە پۆلیس ناتوانێت کارەکانی وەک پێویست بەڕێوە بەرێت.

دان ئیلیاسۆن بەرپرسی دەستگەی سەراسەریی پۆلیس و لیندا ستاف بەرپرسی بەشی زانیاریی نهێنیی لە دەستگەی پۆلیس بەشی ئۆپەراسیۆنی نەتەوەیی (Noa- Nationella operativa avdelningen) دەڵێت پلانێک بۆ چاودێریی ئەو ناوچانە بەڕێوەیە و هاوکاریی و پەیوەندیی پۆلیس بۆ نموونە لەگەڵ کۆمۆن و ڕێکخراوە سەربەخۆکان هەروەها کۆمەڵە ئایینییەکان دەستی پێکردووە بەڵام کێشەی ئەم شوێنانە تەنها بە پۆلیس چارەسەر ناکرێت.

دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کۆمەڵگەدا هاوکار بن، بۆ نموونە کەمکردنەوەی ژمارەی بێکاری و چارەسەرکردنی نەبوونی خانووبەرە هەروەها بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی لاوان کە دەبنە هۆی گۆڕانکاریی باش لەو شوێنانە بە پۆلیس ناکرێت.

دان ئیلییاسۆن هەروەها دەڵێت کە پۆلیس پێویستیی بە زیادکردنی تواناکانییەتی هەروەها سزای تاوانکاریی چەک تووندبکرێتەوە، کامێرای چاودێریی زیاد بکرێت و ڕێگە بدرێت پۆلیس بە نهێنیی چاودێریی زانیاریی ئەلەکترۆنیی کەسانی گوومانلێکراو بکات.  

لە نێو ئەو ناوچانەدا کە تازە خراونەتە لیستی ناوچە بەکێشەکان بۆ نموونە:

- گەڕەکی گۆتسووندا لە شاری ئوپسالا

-   هێسلێهۆلمەن، هولتا لە بورۆس

-  فیتیا و ئالبی لە ستۆکهۆڵم.

- کارلسلوند لە لاندسکرونا

- تینێرەد، گرێڤێگۆردەن، ئوپاڵتۆرییەت لە یۆتۆبۆری

-  نیدالا لە مالمۆ

لەو ناوچانەی کە لە زووەوە لەنێو لیستەکەدان:

-       ڕینکەبی، تێنستا لە ستۆکهۆڵم

-       ڕوسەنگۆر لە مالمۆ

-       بیسکۆپسگۆردەن لە یۆتۆبۆری

گوێ لە ڕاپۆرتەکە بگرە
به‌روار:  22/06/2017
5972   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   838
کۆی سه‌ردان:   29247283