منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ لە سوید دەردەکرێت

نوورسینی تەمەن یەک ساڵ و نیو لە سۆدێرتێلیە(Södertälje) لە دایک بووە، بەڵام بە هۆی بیرۆکراسی لە سوێد و ئیسرائیل ئەو منداڵە تووشی بێ بەڵگەیی  (papperslös) دەبێ ئەگەر بنەماڵەکەی بگەڕێنەوە بۆ ئیسرائیل.

کاتیک زوهانا سەلمان و مێردەکەی مووسا و کوڕەکەیان ئەحمەد لە ئیسرائیلەوە هاتن بۆ سوێد بۆ ئەوەی داوای مافی پەنابەری بکەن، زۆهانا دوو گیان بوو، لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ ئەو بنەماڵەیە کچێکیان بوو و ناویان نا نوورسین.

بە پێچەوانەی چاوەڕوانی ئەو بنەماڵەیە لە مانگی یەکی ئەوساڵ دا  داوای پەنابەرییەکەیان رەت کرایەوەو لە هەمان مانگیش دا بریاری دەرکردنیان دەرچوو، سەرەتا تووشی سەرسوڕمان هاتن و پاش ماوەیەک وەخۆیان هاتنەوە و پەیوەندیان بە دەزگا و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانەوە کرد. زۆهانا بۆخۆی بە زمانی ئینگلیزیی شکایەت نامەیەکی نووسی.

لەو ماوەیەدا تووشی کێشەیەکی تر هاتن کە سێبەری خستە سەر هەموو ژیانیان، کاتێک دەیانویست لە دایک بوونی کۆرپەکەیان لە باڵوێزخانەی ئیسرائیل تۆمار بکەن و نوورسین ببێ بە هاووڵاتی ئیسرائیلی، بەڵام باڵیوۆزخانە داوای بەڵگەنامەی تاکەکەسیی(personbevis) ی لێکردن، کێشەکە ئەوەیە کە ئەو کەسانەی داوای پەنابەری دەکەن بەڵگەنامەی تاکەکەسییان پێ نادرێ، بە واتایەکی دیکە ئیسرائیل داوای بەڵگەنامەیەک دەکا کە سوێد نایدات، ئەوەش نیگەرانیی دروست کردووە کە نوورسین هەم بێ ناونیشان بێ و هەم بێ دەوڵەت.

ئینگەگرێد ویدێل (Ingegerd Widell)   لە ئیدارەی باج دەڵێت کە یاساکان لە سوید بەو شێوەیەن ئەگەر کەسێک ناوی تۆمار نەکرابێ بەڵگەنامەی تاکەکەسیی پی نادرێت، ئەو منداڵانەی کە لە سوید لە دایک دەبن و بنەماڵەکانیان پەناخوازن ئەو جۆرە دۆکیۆمێنتانەیان پێ نادرێ.

مەبەست لە ناو تۆمار کردن ئەوەیە کە چوار ژمارە (personnummer) ت هەبێ و ئەدرەسێکی دیاریکراوت هەبێ، ئەو تۆمارکردنە لە ئیدارەی باج جێبەجی دەکرێ.

زۆهانە سەلمان دایکی منداڵە یەک ساڵ و نیوەکە دەڵێ کە گەڕانەوەیان بۆ ئیسرائیل کاریگەری سەختتر و زیاتری لە سەر کچەکەیان دەبێ.

ــ ئەوە بێ بایەخ کردنی مافەکانی کچەکەمە، ئەو مافی چوونە نەخۆشخانە، خوێندن و ژیانێکی تەواوی نابێ و لە ئیسرائیلیش ژمارەی تاکەکەسیی personnummer ئیسرائیلی پێ نادەن.
لینکی هەواڵ

به‌روار:  23/05/2017
4125   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   246
کۆی سه‌ردان:   29231624