باکوورى کوردستان دەنگیان بە (نا) دا لە ڕیفراندۆمەکەی تورکیا
باکوورى کوردستان لە ٢٥ پارێزگا پێکهاتووە و هاووڵاتیانى باکوور لە ١٣ پارێزگادا بە نا دەنگیان بە هەموارى دەستوورى تورکیا داوە و لە ١٢ پارێزگاى تریشدا بە بەڵێ دەنگیان بە هەموارەکە داوە، کە دانیشتوانى ئەو ١٢ پارێزگایەش جگە لە کورد نەتەوەى دیکەى وەک تورک و عەرەبی تێدا دەژی.

ئێن ئاڕ تى ڕێژەى دەنگى نا و بەڵێ لە یەک بە یەکى پارێزگاکانى باکوورى کوردستان و پێکهاتەى نەتەوەیى پارێزگاکان بڵاو دەکاتەوە. ئەو پارێزگایەیانە بەپێى مێژوو و جوگرافیا کوردستانن و باکوورى کوردستان پێکدەهێنن. لەو زۆربەى هەرە زۆرى ئەو پارێزگایانەدا کە دانیشتوانەکەى نەتەوەى کوردن دەنگى نا لە پێش دەنگى بەڵێ بووە و لەو پارێزگایانەشدا کە کورد و نەتەوەکانى تر پێکەوە دەژین، دەنگى بەڵێ لە پێش بووە.

لە بەشێک لە پارێزگاکانیشدا جیاوازیى ڕیژەى دەنگى بەڵێ بە بەراورد لەگەڵ دەنگى نا،ڕێژەیەکى کەمە و بۆ نمونە لە پارێزگاى موش دەنگى بەڵێ بە ڕێژەى ١%  لە پێشە.
ئەو ١٣ پارێزگایەى باکوورى کوردستان کە بە نا دەنگیان بە هەموارى دەستوورە داوە بریتین لە: 

١ - پارێزگاى ئارتیڤن ڕێژەى دەنگى نا ٥٣% و دەنگى بەڵێ ٤٦%. دانیشتوانى پارێزگاکە لە نەتەوەکانی کورد و تورک و ئەرمەن و جۆرجى پێکهاتووە.

٢ – پارێزگاى ئەردەخان دەنگى نا ٥٥% و دەنگى بەڵێ ٤٦% و دانیشتوانى پارێزگاکە لە نەتەوەکانى کورد و ئەرمەن و ئازەری و تورک پێکهاتووە.

٣ – پارێزگاى ئیدر دەنگى نا ٦٥% و دەنگى بەڵێ ٣٤% و دانیشتوانى پارێزگاکە لە نەتەوەکانى کورد و ئەرمەن و ئازەرى و تورک پێکهاتووە و کورد تیایدا زۆرینەیە.

٤ – ئاگرى دەنگى نا ٥٦% و دەنگى بەڵێ ٤٣% و زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد پێکهاتووە.

٥ – وان دەنگى نا ٥٧% و دەنگى بەڵێ ٤٢%  و زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد پێکهاتوە.

٦ – جۆلەمێرگ دەنگى نا ٦٧% و دەنگى بەڵێ ٣٢% و زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد پێکهاتووە.

٧- شڕنەخ دەنگى نا ٧١% و دەنگى بەڵێ ٢٨% و زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد پێکهاتووە.

٨ – سێرت دەنگى نا ٥٢% و دەنگى بەڵێ ٤٧% و زۆرینەى دانیشتوانەکەى کوردن و نەتەوەى عەرەبیش لەو پارێزگایەدا دەژین.

٩ – مێردین دەنگى نا ٥٩% و دەنگی بەڵێ ٤٠% و زۆینەى دانیشتوانەکەى کوردن و نەتەوەى عەرەبیش لەو پارێزگایەدا دەژین.

١٠ – ئەلیح (باتمان) دەنگى نا ٦٣% و دەنگى بەڵێ ٣٦% و زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کوردن.

١١- ئامەد دەنگى نا ٦٧% و دەنگی بەڵێ ٣٢% و زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کوردن.

١٢ – دێرسیم دەنگى نا ٨٠% و دەنگى بەڵێ ١٩% و زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کوردن کوردن.

١٣ – هاتاى (ئەسکەندەرون) دەنگى نا ٥٤% و دەنگى بەڵێ ٤٥% و دانیشتوانەکەى لە نەتەوەکانى کورد و تورک و عەرەب و ئەرمەن پێکهاتووە.

ئەو پارێزگایانەى باکوورى کوردستان کە دەنگى بەڵێ بۆ هەموارى دەستوور تیایاندا زۆرینە بووە.

١- قەرس ٥٠% دەنگى بەڵێ و ٤٩% دەنگى نا و دانیشتوانەکەى لە نەتەوەکانى کورد و تورک و ئەرمەن پێکهاتووە.

٢- ئەرزڕۆم ٧٤% دەنگى بەڵێ و ٢٥% دەنگى نا. دانیشتوانەکەى لە نەتەوەکانى کورد و تورک و ئەرمەن پێکهاتوون.

٣ – موش ٥٠% دەنگى بەڵێ و ٤٩% دەنگى نا. زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد پێکهاتووە.

٤- چەولیک (بینگۆل) ٧٢% دەنگی بەڵێ و ٢٧% دەنگی نا. زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد پێکهاتووە.

٥ – بەدلیس ٥٩% دەنگى بەڵێ و ٤٠% دەنگى نا. زۆرینەى دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد پێکهاتووە.

٦ – خارپێت (ئەلعەزیز) ٧١% دەنگی بەڵێ و ٢٨% دەنگی نا. دانیشتوانەکەى لە نەتەوەکانی کورد و تورکن.

٧- مەلەتییە ٦٩% دەنگی بەڵێ و ٣٠% دەنگی نا.  دانیشتوانەکەى لە نەتەوەکانى کورد و تورکن.

٨ – سەمسور (ئادیامان) ٦٩% دەنگی بەڵێ و ٣٠% دەنگى نا. دانیشتوانەەکەى لە نەتەوەکانى کورد و تورک پێکهاتوون. 

٩ – ڕحا (ئورفە) ٧٠% دەنگی بەڵێ و ٢٩% دەنگی نا. دانیشتوانەکەى لە نەتەوەکانى کورد و تورک و عەرەب پێکهاتوون. 

١٠ – دیلۆک (عەنتاب) ٦٢% دەنگی بەڵێ و ٣٧% دەنگی نا. دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد و تورک پێکهاتووە.

١١ – مەڕەش ٧٣% دەنگی بەڵێ و ٢٦% دەنگی نا. دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد و تورک پێکهاتووە.

١٢ – ئەرزنجان ٦٠% دەنگی بەڵێ و ٣٩% دەنگی نا. دانیشتوانەکەى لە نەتەوەى کورد و تورک پێکهاتووە.

ئەمڕۆ ٥٥ ملیۆن و ٣١٩ هەزار و ٢٢٢ دەنگدەر لە تورکیا مافى ئەوەیان هەبوو بەشدارى لە دەنگداندا بکەن بۆ ڕاپرسى لەسەر هەموارى ١٨ ماددەى دەستوورى وڵاتەکەیان.  بۆ ئەو ژمارە دەنگدەرەش ١٦٧ هەزار و ١٤٠ سندوقی دەنگدان دانرابوو.
نالیا

به‌روار:  17/04/2017
2343   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   953
کۆی سه‌ردان:   29235551