گەنجێکی دەربەندیخان لە ئاسایش بەئەشکەنجە دەکوژرێ

لەقەزای دەربەندیخان گەنجێک گیانى لەدەستداوە و هەندێک هاوڵاتى  و هێزە ئەمنیەکان دەڵێن داعش بووە و دەستگیرکراوە و کەسوکارەکەشى دەڵێن دەبوو لە ڕێگاى دادگاوە دۆسیەکەى یەکلاى بکرایەتەوە.

 کەسوکارى ئەو کوڕە لە نامەیەکدا کە بۆ ئێن ئاڕ تییان ناردووە باس لەوە دەکەن کە کوڕەکەیان بە تۆمەتى پەیوەندى و هاوکاریکردنى داعشەوە لەژێر ئەشکەنجەدانى زۆردا گیانى لەدەستداوە.

هێمن محەمەد، لەدایک بووى ١٩٧٩ بووە و باوکى دوو منداڵ بووە و مامۆستا بوو، وەک خێزانەکەى دەڵێن لە لایەن ئاسایشەوە بەوە تۆمەتبارکراوە کە هاوکاری چەند چەکدارێکی داعشی کردووە و ڕۆژی ٢٨ى ١١ى ٢٠١٦ى ساڵی ڕابردوو لەبەردەم پۆلیسى دەربەندیخان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر برایەکى هێمن چووەتە ناو چەکدارانى داعشەوە، کەسوکارەکەى دەڵێن خۆیان ئاسایشیان لێ ئاگادارکردووەتەوە.

لە نامەکەدا باسیان لەوەشکردووە کە تەرمى کوڕەکەیان لە ٢٠ى ١٢ى ٢٠١٦دا براوەتە پزیشکى دادوەرى سلێمانى و لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە چەند ڕۆژێک بەسەر کوشتنەکەیدا تێپەڕبووە، کەسوکارەکەى دەڵێن ١٥ ڕۆژ بەر لەوەى تەرمەکەى ببرێتە پزیشکى دادوەر کوڕەکەیان کوژراوە، واتە هەفتەیەک دواى دەستگیرکردنى کوژراوە.

دەشڵێن دواى  نزیکەى چوار مانگ و لە ٢٠ى ئازارى ٢٠١٧ لەلایەن پۆلیسى سێوسێنانەوە تەلەفۆنیان بۆ کراوە و پێیان وتراوە کە بچن تەرمى کوڕەکەیان لە پزیشکى دادوەرى سلێمانى وەربگرنەوە.
کەسوکارى ئەو گەنجە دەڵێن ئەگەر کوڕەکەیان هەر تۆمەتێکى لەسەر بووە پێویست بوو لەڕێگای دادگاوە سزا بدرایە نەک لەژێر ئەشکەنجەدا بکوژرایە.

لە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەریدا ئاماژە بەوە دراوە کە هێمن دوو گولـلە بەر ڕانى کەوتووە و بەهۆى خوێن بەربوونێکى توندەوە گیانى لەدەستداوە.
 ئەوان دەڵێن ئاسایش پێى وتون، کە کوڕەکەیان هەڵاتووە و ئەوانیش تەقەیان لێکردووە و بەهۆیەوە گیانى لەدەستداوە.
کەسوکارى هێمن باس لەوە دەکەن چەند ڕۆژێک تەرمى کوڕەکەیان لە ناوچەیەک لە قەرەداغ فڕێدراوە و دواتر پۆلیسى سێوسێنان تەرمەکەیان هەڵگرتووەتەوە.
دەشڵێن دواى ئەوەى لەلایەن پۆلیسى سێوسێنانەوە پەیوەندییان پێوەکراوە بچن تەرمى کوڕەکەیان وەربگرنەوە، تەرمەکە  شێوێنراوە و سەرەتا نەیان ناسیوەتەوە، دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی یان بۆ کردووە و ناسیویانەتەوە و تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە.
سۆران عومەر، سەرۆکی لیژنەی مافی مرڤ لەپەرلەمانی کوردستان شێوازى گیان لەدەستدانی ئەو کورە بە تاوان ناودەبات و دەڵێت "ناکرێت گەنجێک بەزیندووی دەستگیر بکرێت و بەکوژراوی تەرمەکەی بدرێتەوە بە کەسوکارەکەی".
لەسەر رووداوەکە سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە ئێن ئارتی راگەیاند "ئەو کەسەی کوژراوە خۆی داعش بووەو چوار چەکداری داعشی لەماڵەکەی خۆی حەشارداوە و دواتر یارمەتی داون و لەماڵەکەدا نەماون".

هەروەها وتیشى "دوای کۆکردنەوەى زانیاری هێزەکانی ئاسایش بە بڕیاری دادوەر ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە و دوای لێکۆڵێنەوە بەبڕیاری دادوەر براوەتە ئەو شوێنەی چەکدارەکانی داعشی لێبووە".

سەرچاوەکەی ئاسایش وتیشی چەکدارەکە براوتە ئەو شوێنە بۆ ئەوەی هاوکاری هیزەکانی ئاسایش بکات لە ئاشکراکردنى شوێنی چەکدارەکانی داعش لە سنوری دەربەندیخان بەلام لەو کاتەدا رای کردوە و هێزەکانیان ناچاربوون تەقەی لێبکەن و بەو هۆیەوە کوژراوە.

ش.ع
نالیا

به‌روار:  07/04/2017
7205   جار خوێندراوه‌ته‌وه
مافەکان پارێزراوە بۆ مالمۆکورد
میوانی سه‌رهێڵ:   286
کۆی سه‌ردان:   29253628